Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەدەل بەندی: لە داستانی سحێلا و مەحموودیە سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتیی دەکرد

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر داستانی سحێلا و مەحموودیەدا تێدەپەڕێت و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێ، سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتیی سەنگەرەکانی بەرگریی دەکرد و توانیمان گورزی کۆشندە لەو ھێزە بدەین کە ھێرشیان کرد.

بەدەل بەندی، فەرماندەی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر ھێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی ھێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و نیەتی خراپیان ھەبو لە بەرامبەر ھەرێمدا، بەڵام پێشمەرگە لە چەندین میحوەرە بەرەنگاری ھێرشەکانیان بوونەوە و توانییان گورزی کوشندە لەو ھێزانە بدەن و چەندین داستان و نەبەردیی دیکە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە تۆمار کران و چوونە نێو مێژووی سەروەرییەکانی خەباتی گەلی ئێمەوە، یەکێک لەوانە داستانی سحێلا و مەحموودیە بوو.''

فەرماندەکەی پێشمەرگە گوتی: "دوژمن پیلانی ئەوەی ھەبوو داگیرکارییەکانی زیاتر بکات و ڕۆژی 26ی ئۆکتۆبەر ھێزێکی زۆری عێراق بەرەو سحێلا و مەحموودیە ویستی پێشڕەوی بکات و بە چەکی پێشکەوتوو ھێزێکی بێئەندازەیان پێک ھێنابوو، پێشمەرگە کەوتە بەرگری و ئەو ڕۆژە وانەیەکی دیکەیان پێشانی دوژمندا و تێگەیشتن گورزی پێشمەرگە چۆنە ئەگەر کەوتە بەرگریکردن، ڕۆژێکی چارەنوسساز و شەڕێکی چارەنووسسازمان لەبەردەمدا بوو، سوپاس بۆ خوا بە ھیمەتی ھێزی پێشمەرگە سەرکەوتنێکی وەھا تۆمار کرا تا دنیا ماوە شانازیی پێوە دەکەین.''

بەدەل بەندی ئاشکرای کرد: "سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتیی سەنگەرەکانی بەرگریی دەکرد لە پردێ و مەخموورەوە تا ڕۆژھەڵاتی دیجلە، ھەردوو میحوەری سحێلا و مەحموودیە لەلایەن فەرماندە مەنسوور بارزانییەوە بەڕێوە دەبران و سەرۆک بارزانی زۆربەی کەسانی خانەوادەکەی ڕەوانەی بەرەکانی پێشەوە کردبوو، ئەوەیش ورەی پێشمەرگەی زیاتر بەرز کردەوە و لە ھەموو لایەکەوە ھێرشەکە تێک شکێندرا و زیانی زۆری ماددی بەم ھێزە داگیرکاریە کەوت .''

 

قائید میرۆ