Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یەکێتی ئەوروپا داوایەکی بە پەلە لە ئێران دەکات

هەولێر-KDP.info- جۆزێپ بۆرێل، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، بە نوێنەرایەتی وڵاتانی ناو یەکێتییەکە، لە بەیاننامەیەکدا هاوکات لەگەڵ ئاماژەدان بە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران لەلایەن حکومەتەوە، رایگەیاند: بۆ ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا، بەکارهێنانی فراوانی توندوتیژی دژ بە خۆپێشاندانی ئاشتیانە، هیچ روونکردنەوەیەکی بۆی نییە و قبووڵنەکراوە. خەڵکی ئێرانیش وەکو خەڵکی وڵاتانی دیکە، مافی دەربڕینی ئاشتیانەی ناڕەزایەتیان هەیە. دەبێت ئەو مافە لە هەر دۆخێکدا، پارێزراو بێت.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی، داوا لە ئێران دەکات بنەماکانی ناو جاڕنامەی نێودەوڵەتی مافی مەدەنی و سیاسی کە ئێران خۆیشی واژۆی کردووە، بە وردی جێبەجێ بکات.

هەروەها لە بەیاننامەکەدا نووسراوە: داوا لە ئێران دەکەین بە پەلە کۆتایی بە سەرکوتکردنی توندوتیژیانەی ناڕەزایەتییەکان بێنێ و بەردەستبوونی ئینتەرنێت بۆ خەڵک و ئازادی راگەیاند گەرەنتی بکات. هەروەها چاوەڕوانیمان لە ئێران هەیە ژمارەی قوربانیان و دەستگیرکراوان رابگەیەنێت، ئەو خۆپێشاندەرانەی بە دووربوونە لە بەکارهێنانی توندوتیژی، ئازاد بکات و رەوتێکی گونجاویش بۆ هەموو گیراوان بگرێتەبەر.

لە بەیاننامەکەدا داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە کە دۆسیەی کوژرانی ژینا ئەمینی "بە وردی کاری لەسەر بکرێت" و رێوشوێن دژ بە بکەر یان بکەرانی بگیرێتەبەر.

لە بەیاننامەکەی جۆزێپ بۆرێلدا هاتووە، "یەکێتی ئەوروپا لەبارەی لێکۆڵینەوە لە کوژرانی مەهسا ئەمینی و شێوەی کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان، لە لێکۆڵینەوە لە بژاردەکانی بەردەستی تا پێش لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەرەدەوام دەبێت."