Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی دیموکراتی کوردستان: سکاڵامان تۆمار کردووە و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکه‌ین

بەغدا-KDP.info- بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند: "ئەو بۆمبەی فڕێدرایە ناو بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، ھیچ زیانێکی نەبووە، بەڵام ئێمە سکاڵامان تۆمار کردووە و رێوشوێنی یاسایی گیراوەتە بەر و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەین".

شوان محەمەد تەھا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ئەوەی لە شاری بەغدا بۆمبێک فڕێدرایە ناو حەوشەی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی نەبووە، کە تەنھا ئەو بۆمبە بووە و ھیچ رووداوێکی دیکە و ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی رووی نەداوە تا ئێستا".

بەرپرسی لقی پێنج گوتیشی: "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان سکاڵامان تۆمار کردووە و رێوشوێنی یاسایی گیراوەتە بەر لەبارەی ئەو رووداوە و، چاوەڕێ دەکەین بزانین ئەنجامەکان چی دەبن".

رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لە شاری بەغدا بۆمبێک فڕێدرایە ناو حەوشەی بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و ماڵپەری (التاخی)، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانی نەبوو.

 

بڵند ئیبراھیم