Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بەبۆنەی یۆبێلی زێڕین و (50)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بڵاودەكاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:

بەڕێزان/ سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

بەبۆنەی یۆبێلی زێڕین و (50)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوەند و لق و ناوچەکانی یەكێتیەكەتان و سەرجەم زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەین و، ئاواتەخوازین وەك هەمیشە بەوپەڕی دڵسۆزی و بەرپرسانە رۆڵی بەرچاو و كاریگەری خۆتان ببینن لە پارێزكاریكردن لە رەوشتبەرزی و گیانی نیشتیمانپەروەری و قووڵكردنەوە و پتەوتركردنی رۆحی تەبایی و پێكەوەژیان لەهەرێمی كوردستاندا.

دامەزراندنی یەكێتی زانایانی ئایینی بە بڕیاری رێبەری نەمر (مستەفا بارزانی) دەستكەوتێكی گرنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەمان بوو، بۆیەش رۆڵی كاریگەری مامۆستایانی ئایینی لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا هەمیشە بەرهەمدار بووە لەپێناو ھاوبەندی كۆمەڵایەتی و بڵاوكردنەوەی هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی، لەو رووەوەش جێدەستیان دیارەو مایەی رێز و ستایشن.

یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، بەردەوام سەنگەرێكی پتەوی رووبەڕووبوونەوەی مەیل و رەوتی دووبەرەكی و توندڕۆیی بووە، ئەمڕۆش وا پێویست دەكات زیاتر پەرە بەو پەیامەی بدات و  جەخت بكاتەوە سەر بنەما رەسەنەكانی كوولتوری دێرین و رەگداكوتاوی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن لە نێو كۆمەڵگەی كوردەواریدا.

دووبارە پیرۆزبێ یۆبێلی زێڕین و (50)ساڵەی تەمەنی پڕ بەخششی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، هیواخوازین هەر سەركەتووبن.. 

 

مەكتەبی سیاسی

پارتی دیموكراتی كوردستان

21.9.2020