Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھێمن قادر: ھەولێر لە دۆخێكی مەترسیدار دایە.. لە شەممەوە بەرنامەی نوێمان دەبێت

ھەولێر-KDP.info- وتەبێژی ژووری ئۆپەراسیۆنی ھەولێر رایدەگەیەنێت، دوو رۆژی دیكە بڕیار لە رێكار و رێنمایی نوێ لەبارەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەدەن.

ھێمن قادر، جێگری پارێزگار ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوو رۆژی دیكە وادەی بڕیار و رێكارەكان تەواو دەبێت كە پێشتر بۆ خۆپارێزی بڵاومان كردووەتەوە، بۆ رێكار و رێنمایی نوێ لەگەڵ قایمقامەكانی سنوورەكە كۆدەبینەوە و راوێژ دەكەین، ھاوكات لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و ژووری ئۆپەراسیۆن كۆدەبینەوە، لە شەممەی داھاتووەوە بەرنامەی نوێمان دەبێت".

جەختیكردەوە: "رێگای نێوان ھەولێر و پارێزگاكانی دیكەی كوردستان و عێراق بە داخراوی دەمێننەوە، چونكە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ھەولێر و ھەموو پارێزگاكان رووی لە ھەڵكشانە".

جێگری پارێزگاری ھەولێر، داواشی لە ھاووڵاتییان كرد، خۆیان بپارێزن، بۆ ئەوەی ناچارنەبن جارێكی دیكە قەدەغەی ھاتووچۆی تەواو رابگەیەنن.

راشیگەیاند: "ئێستا كۆرۆنا لە ھەموو گەڕەكەكانی ھەولێر ھەیە، ئەمەش ئاماژەیە كە ھەولێر لە دۆخێكی مەترسیدار دایە".