Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئیحسان ئامێدی: كوردستانیان دەنگیان بۆ دەستكەوتی زیاتردا

 

هەولێر-KDP.info- شرۆڤەكاری سیاسیی ئیحسان ئامێدی دەڵێ، خەڵكی كوردستان جارێكی دیكە متمانەیان بەو حزبە دایەوە كە بەرگرییان لێ دەكات و دەستكەوتی زیاتریش بە دەست دەهێنێت. باوەڕیشی وایە كە، بە بێ كورد، حكوومەتی داهاتووی عێراق سەركەوتوو نابێت.

ئیحسان ئامێدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، "كاتێك مرۆڤ تەماشای ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكات، بەرنامەی لایەنەكان و لیستەكان، خەڵكی كوردستان توانیویەتی هەڵسەنگاندنێكی باش بۆ هەر هێزێكی سیاسی لە كوردستان بكات، كە كێ خزمەت و بەرگری لە خەڵك دەكات، دەرئەنجامەكانیش دەریدەخەن كە پارتی ئەو هێزە سەرەكییەیە كە توانیویەتی بەرگری لە كوردستان بكات و رێگە نەدات دوژمن خاكی كوردستان داگیر بكات، لەرووی ئاوەدانییەوە توانیویەتی خزمەتێكی باشی كوردستان بكات، هەلی كار بۆ هاووڵاتیان بڕەخسێنێت، ئەمن و ئاساییش بەرقەرار بكات، لە قۆناغی رابردوودا سەرۆك بارزانی رۆڵێكی سەرەكیی بینی بۆ لەناوبردنی داعش و هەموو ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر كوردستان، ئەوه‌یش ئەوە دەگەیێنێت كە پارتی خەمخۆری خەڵكی كوردستانە، حزبێك مێژووەكەی 72 ساڵ بێت و سەرۆكەكەیشی "سەرۆك بارزانی" بێت، خەڵكیش دەیەوێت دەنگ بۆ ئەو حزبە بدات كە سەرسەختانە بەرگرییان لێ دەكات و كار بۆ سەربەخۆیی كوردستانیش دەكات."

ئامێدی، گوتیشی: "لە عێراقدا كێشە هەن، ململانێیەكی توند هەیە لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، ئێستا كار بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلە دەكرێت، هەر لایەنێكی عێراقی بیەوێت ببێتە سەرۆكوەزیران، بێ كوردستان ناتوانێت حكوومەت پێك بهێنێت، ئەو جموجۆڵەی ئێستا دەكرێت، زەمینەخۆشكردنە بۆ قۆناغی داهاتوو تا حكوومەتێك پێك بێت كە گوزارشت لە هەموو پێكهاتەكان بكات، چونكە ئەگەر هەر حكوومەتێك پێك بێت و تەمسیلی هەموو پێكهاتەكانی عێراق نەكات، ئەو حكوومەتە فاشیل دەبێت و سەركەوتوو نابێت".

 

ڕابین شێروانی