ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد دهڵێ، بەپێی پڕۆژە یاسای چاکسازی حکوومەت کە بۆ پەرلەمان رەوانە کراوە، چاکسازی گشت مووچە خۆران دهگرێتهوه جا خانەنشین بێت یاخود مووچە لە حکوومەت وەرگرێت، بەجێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە یاسایەش ماف بۆ خاوەن ماف دەگەڕێتەوە و عەدالەتی لەمووچە دەکرێت و پارەیەکی زۆریش بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە.
(د. فرسهت سۆفی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "حکوومەت پڕۆژەیەکی باشی چاکسازی ئامادەکردووە لەبارەی چاکسازی لە کەرتی وەزیفی گشتی و ئەوانەی ھەرمینحە و پارەیەک لەحکوومەت وەردەگرن، چونکە لەنێو وەزیفەی گشتی کە پەیوەندی بەمووچەخۆرانەوە ھەیە چەندین کێشەمان ھەیە، بەشێکی پەیوەستن بەخانەنشینی و بەشێکی پەیوەستن بە دەرماڵە و بەشێکی پەیوەستە بە پلە بەرزکردنەوە و بەشێکیشی تایبەتەبە پلە تایبەتەکان، جا لەو پڕۆژە یاسایە ھەموو کێشەکان چارەسەر کراوە."
(سۆفی) گوتیشی، "بەشێک لەمووچەخۆران بەیاسا چەند مووچەیەکیان پێدراوە و چۆن بەو یاسایە بتوانی خەرجی کەمبکرێتەوە و ناعەدالەتیش نەمینێت، بۆ نموونە پاسەوانی بەرپرسان جا حکوومی بن یاخود حیزبی ناکرێت یەکێک ١٠٠ی ھەبێت و ئەوەی دیکە کەمتر، بۆیە ئەمە ھەمووی رێکدەخرێت، یاخود یەکێک وەزیر نەبووە خانەنشین کراوە بەپلەی وەزیر لێی دەستێندرێتەوە و چ کاره بووە ھەر ئەوەی بۆ حیساب دەکرێت و خەڵکانێک لەتەمەنێکی کەم لە پەرلەمانتار و وەزیری و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان خانەنشین دەکرێن، ئەمەش نامینێت و بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بۆیە بەو شێوەیه کاری بۆ دەکرێت."
(د.فرسەت سۆفی) دهشڵێ، "بەپێی پڕۆژە یاسای چاکسازی حکوومەت گەڕانەوەی مافە بۆ خاوەن ماف و گەڕاندنەوەی عەدالەت لەمووچە و کەمکردنەوەی خەرجیە، بۆئەوەی کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت، چونکە بەجێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە پارەیەکی زۆر بۆ حکوومەت دەگەڕێتەوە."
ئهو ئەندام پەرلەمانهی کوردستان زیاتر گوتی، "پڕۆژە یاساکە ئامادەیە و رەوانەی پەرلەمان کراوە و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش دەیخاتە بەرنامەی کار و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت و رەوانەی لیژنە تایبەتمەندەکان دەکرێت، دواتر خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەکرێت و لەرۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاو دەکرێتەوە، ئەگەر جێبەجێش بکرێت گۆڕانکاری زۆر رودەدات و کاریگەریشی لەسەر کەمکردنەوەی خەرجیەکان دەبێت.
بڵند ئیبراھیم