بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ میوانداری وەزیری بەرگری عێراق بکەین بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کۆمەڵێک پرس، لەوانە ئەنجامی سەردانی شاندی ھاوبەشی ئەمنی عێراق و ھەرێم بۆ ئەمەریکا و دابینکردنی پێداویستی بۆ ھێزی پێشمەرگە و ھێزە عێراقیەکان.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیارە ئەمڕۆ وەکو لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق میوانداری وەزیری بەرگری عێراق بکەین لەبارەی کۆمەڵێک پرس، چونکە کۆمەڵێک پرسی ئەمنی لە عێراق ھەیە پێویستە ڕوونکردنەوەمان بۆ بدەن، ھاوکات چوونی شاندی ئەمنی ھاوبەشی عێراق و ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و ئەنجامی ئەو سەردانە چۆن بووە و بەتایبەت بابەتی کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق.
سەگڤان سندی گوتیشی: ئێمەش وەکو نوێنەرانی کورد لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری کۆمەڵێک پرسمان ئامادەکردووە، وەکو پشکی کورد لە کۆلێژە سەربازیەکان و مەشق و ڕاھێنان و دابینکردنی خۆراک و دواکەوتنی مووچەی ھێزە ئەمنیەکان، ھەرچەندە ئەوە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی ھەیە و ئەنجامی سەردانی شاندی ئەمنی ھاوبەشی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەمەریکا، چونکە کوردیش لەو شاندە بەشدارن، بۆیە بەگشتی کۆمەڵێک پرس ھەیە و ئاراستەی وەزیری بەرگری دەکرێن بۆ ئەوەی وەڵاممان بدرێتەوە، ھەروەھا ھەرچی پرس ھەیە پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستان ھەیە لەڕووی ئەمنی ئاراستەی وەزیری بەرگری دەکرێت، لەبەر ئەوەی ئێمە نوێنەری ھەرێمی کوردستانین لەو لیژنەیە پێویستە داکۆکی لەمافی ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە بکەین.
بڵند ئیبراھیم