هەولێر -KDP.info- سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین ئاشکرای کرد، چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەکەین بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیان و لە مانگی ئەیلوولی ڕابردوو تا مانگی شوبات بۆیان ھەژمار دەکرێت و لیستی ناوی قوتابیان ئامادە دەکرێت بۆ دەرماڵە.
د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان، ئێستا چاوەڕێی وەزارەتی دارایی دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە پرۆسەی دابەشکردنی دەرماڵەی قوتابیان بکرێت، لیستی قوتابیانی ھەموو زانکۆ و پەیمانگاکانیش ئامادە دەکرێت بە مەبەستی وەرگرتنی دەرماڵەی مانگانە.''
سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین دەشڵێت: "دەرماڵەی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو تا مانگی شوبات بەسەر قوتابیان دابەش دەکرێت، ئەوەیش لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی گوژمەی پارەی پێویست بۆ دەرماڵەکە.'
مانگی شوباتی ڕابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر خەرجکردنی حەوت ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دیناری مانگانە دەرکرد بۆ پاڵپشتیی قوتابیان.''
قائید میرۆ