دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی
ئه‌و شاڵاوه میدیاییه به‌رده‌وامه‌ی، كه یه‌كێتی، به‌رانبه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارتی، به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، هیچی تێدا نه‌هێشتۆته‌وه. ته‌نانه‌ت بێ ده‌نگیی پارتیش، له ئاست ئه‌و شاڵاوه و وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی چه‌واشه‌كارییه‌كان، ساردی نه‌كرده‌وه، به‌ڵكو زیاتر شووڵی لێ هه‌ڵكرد. یه‌كێتی دیوێكی بابهتهكان ده‌بینێت، نایه‌وێ وه‌ك خۆیان كه هه‌ن بیانخوێنێته‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه، ته‌نیا و ته‌نیا، به قه‌پانی خۆی نه‌بێ، ئاماده نییه به هیچ قهپانێكی دیكه‌ی هاوسه‌نگ له قه‌پانیان بدات و هه‌ڵیانسه‌نگێنێ. له هه‌موویشی سه‌یرتر، له په‌نای ئه‌و شاڵاوه میدیاییه‌دا، به میدیای ڕه‌سمی و نهێنی و سۆشیاڵ میدیایه‌وه، باسی یه‌كهه‌ڵوێستی ده‌كات، خۆی به فریشته و بێ تاوان و پارتی‌یش به خه‌تابار داده‌نێت. لێره‌دا به چه‌ند سه‌ره قه‌ڵه‌مێك، یه‌ك دوو قسه له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌تانه ده‌كه‌ین، كه یه‌كێتی به‌پێی حه‌زی خۆی له قه‌پانیان ده‌دات و به‌و لاسهنگییهوه، فڕێیان ده‌داته ناو بازاڕی ڕاگه‌یاندن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و چه‌واشه‌كارییه بابهتهكان بشێوێنێت.
نامه‌وێ باس له ڕشانه‌وه‌ی ناو میدیای سێبه‌ر و سۆشیاڵ میدیاكهیانهوه بكه‌م، به‌ڵكو قسه له‌باره‌ی میدیای ڕه‌سمی، به‌تایبه‌تیش (كوردستانی نوێ) ده‌كه‌م، كه ماوه‌یه‌كی زۆره، به زمانێك بابه‌ت بڵاو ده‌كاته‌وه، له ڕۆژنامه‌ی ڕه‌سمیی حزب و ئه‌م سه‌رده‌مه ناچێت، هه‌ر ده‌ڵێی له سه‌رده‌می شه‌ڕی نه‌فرت لێكراوی ناوخۆ ده‌رده‌چێت. كه بابه‌ته‌كانی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه ده‌خوێنییه‌وه، وا هه‌ست ده‌كه‌ی، یه‌كێتی حزبێكی ئۆپۆزسیۆنه و له حكوومه‌تدا شه‌ریك نییه و تاكه پله و پۆستێكیشی له‌و حكوومه‌ته‌دا نییه.
هه‌ڵبژاردن
ماوه‌ی 30 ساڵه، له هه‌رێمی كوردستان، هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه ده‌چێت، له‌و ماوه‌یه‌دا، پێنج جار هه‌ڵبژاردن كراوه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، 30 ساڵی ڕه‌به‌قه، دوای هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك، باسی ساخته‌كاری ده‌كرێت. یه‌كێتی هه‌ر له 1992وه‌وه، قه‌وانی ساخته‌كاری لێدا و پارتیی تۆمه‌تبار كرد و تا ئیستاش به‌رده‌وامه، له كاتێكدا ساخته‌كارییه گه‌وره‌كه‌ی 1992، به به‌رچاوی هه‌موو لایه‌نه‌كان و خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وه، له لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه له شاره‌زوور كرا، سندوقی ده‌نگدانیان ڕفاند و دوای دوو ڕۆژ گه‌ڕاندیانه‌وه و لایه‌نه‌كانیش ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی. به‌ڵام یه‌كێتی له ڕووی ڕاگه‌یاندنه‌وه زووتر ده‌ستپێشخه‌ریی كرد و پارتیی به ساخته‌كاری تۆمه‌تبار كرد، ساخته‌كارییه‌كانی 2018ی په‌رله‌مانی كوردستان و فه‌زیحه‌ی ئه‌لبیسه‌كه و هه‌ڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبه‌ری 2021 یش به به‌رچاوی خه‌ڵكی سلێمانی و لایه‌نه‌كان كرا.
دوای 30ساڵ، له بابه‌تێكی لاپه‌ڕه 10ی ژماره 8617ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه ڕێكه‌وتی 24/3/2022 ی كوردستانی نوێ‌دا به‌ناوی (به‌ده‌ستهێنانی شه‌رعییه‌ت به گه‌مه‌ی ناشه‌رعی)، باس له‌وه كراوه، كه پارتی له هه‌ڵبژاردنی 1992دا، ڕێگر بووه له‌وه‌ی هه‌موو حزبه‌كان نه‌توانن كورسیی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێنن، چونكه ڕێژه‌ی 7% بووه كۆسپ. پرسیار ئه‌وه‌یه یه‌كێتی و لایه‌نه‌كان هه‌ر هه‌موویان له (به‌ره‌ی كوردستانی) بوون، بۆچی ئه‌و ڕیژه‌یه بووه بڕیاری به‌ره‌ی كوردستانی و كاری پێكرا، كه بووه بڕیاری هه‌موو حزبه‌كان، ئێستا بۆچی یه‌كێتی ئه‌و ڕێژه‌یه به بڕیاری پارتی ده‌زانێت.
گه‌وره‌ترین كۆسپ، هه‌ر له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی 1992وه‌وه ئه‌وه‌بوو، كه یه‌كێتی ئاماده نه‌بوو ببێته ئۆپۆزسیۆن، بۆیه (نیوه به نیوه)ی له حوكمڕانیدا داهێنا، كه خراپترین شێواز بوو و ئێستاش كوردستان باجه‌كه‌ی ده‌دات. یه‌كێتی به‌ر له ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، قبووڵی نه‌بوو ئه‌نجامێك ڕابگه‌یه‌ندرێت، كه پارتی 51 كورسی و یه‌كێتی و حزبی زه‌حمه‌تكێشان به یه‌كه‌وه 49 كورسییان هه‌یه. بۆیه بۆ ڕوونه‌دانی كاره‌ساتی ماڵوێرانكه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ، پارتی به‌وه ڕازی بوو ئه‌نجامه‌كه ئه‌وه‌بێت، هه‌ر لایه‌نه و 50 كورسیی له په‌رله‌مان هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌داخه‌وه شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆ هه‌ر ڕووی دا.
یه‌كێتی هه‌ر له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه، تووشی شۆك بوو، كه بینیی ده‌نگی پارتی زیاتره، چونكه لایه‌نگرانی خۆیان وا تێگه‌یاندبوو، كه ئه‌وان ده‌یبه‌نه‌وه و هیچ هێزێك شان له‌شانیان نادات. به‌ڵام له ژێره‌وه سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یان ئه‌و ترسه‌یان هه‌بوو، كاری زۆریان كرد، هه‌ر بۆ نموونه ڕۆژانی به‌ر له هه‌ڵبژاردن، داوایان له دكتۆر مه‌حمود عوسمان كرد، كه خۆی له كاندیدی رابه‌ر بكشێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی مام جه‌لال ده‌ربچێت و سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ده‌رنه‌چێت.، له به‌رانبه‌ر ئه‌و كشانه‌وه‌یه، شاندی یه‌كێتی، به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان به دكتۆر مه‌حمود و شاندی حزبی سۆشیالیست دابوو، له نێوان سه‌رۆكی حكوومه‌ت و سه‌رۆكی په‌رله‌مان كامه‌یان به‌ر یه‌كێتی كه‌وت، ئه‌وا ده‌یده‌ن به دكتۆر مه‌حمود، به‌ڵام دكتۆر مه‌حمود ڕازی نه‌بوو.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی نێوان یه‌كێتی و حزبی سۆشیالیست، نه‌وشیروان مسته‌فا گوتبووی نابێ پارتی بیباته‌وه، به توڕه‌ییه‌وه به دكتۆر مه‌حمود و شاندی حزبی سۆشیالیستی گوتبوو، ئێمه بۆ ئه‌وه خه‌باتمان نه‌كردووه پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بیبه‌نه‌وه و ببنه ده‌سه‌ڵاتدار، ئێوه هاوكاریشمان نه‌بن هه‌ر ده‌یبه‌ینه‌وه.
هه‌ر له‌و بابه‌ته‌ی كوردستانی نوێ‌دا هاتووه:" یه‌كێتی گه‌یشتۆته یه‌قین له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌مان یاسای هه‌ڵبژاردن و به هه‌مان كۆمسیۆن كه ماوه‌ی یاسایی ته‌واو بووه و به هه‌مان تۆماری ناوی ده‌نگده‌ران كه هێنده‌ی زیندووهكان ناوی مردوو و وه‌همی تێدایه هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌وا ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ر به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی شه‌رعیه‌ت ده‌بێت له لایه‌ن پارتییه‌وه به گه‌مه‌یه‌كی ناشه‌رعی به‌ناوی هه‌ڵبژاردنه‌وه و دیاره هه‌ر شتێكیش له‌سه‌ر پووچ بنیات بنرێت، ئه‌نجامه‌كه‌ی پووچ ده‌بێت".
ئه‌و په‌ره‌گرافه، كه دوا په‌ره‌گرافه و بابه‌ته‌كه‌ی پێ قوفڵ دراوه، ئه‌گه‌ر وه‌ربگێڕدرێت و له وڵاتێكی كێشوه‌ری ئه‌فریقیا بڵاو بكرێته‌وه، كه ئاگاداری واقیعی كوردستان نین، ڕێگه‌ی تێده‌چێت وه‌ك بابه‌تێكی سه‌یروسه‌مه‌ره، تا ڕاده‌یه‌ك بڕوا به‌وه بێنن، وڵاتێك به ناوی كوردستان هه‌یه، هێنده‌ی ناوی زیندووهكان ناوی مردوو و وه‌همی له تۆماری ده‌نگده‌رانیاندا هه‌یه و كۆمسیۆنهكهشیان له‌لایه‌ن حزبێكه‌وه كۆنتڕۆڵكراوه و نوێنه‌ری هیچ حزبێكی دیكه‌ی تێدانیه.
ئه‌وه خۆڵ كردنه چاوی خه‌ڵكه، به‌وه‌ی یه‌كێتی له‌به‌ر ئه‌وه كورسیی كه‌م كردووه، نه‌ك به‌هۆی ئه‌وه‌ی حزبه‌كه پارچه بووه و به ده‌ردی فره كوێخاییهوه ده‌ناڵێنێ و به ناوی نوێبوونه‌وه كوده‌تای ناوخۆیی ده‌كرێت. ئێ باشه خه‌ڵكی كوردستان ده‌زانن، كه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له یه‌كێتی جیابۆته‌وه و له هه‌ڵبژاردنی 2009دا 25 كورسی په‌رله‌مانی وه‌ده‌ستهێناوه، له هه‌ڵبژاردنی 2013شدا، گۆڕان 24 كورسی و یه‌كێتی 18 كورسییان به‌ده‌ستهێناوه.
له‌به‌رچاونه‌گرتنی ئه‌و واقیعه سیاسییه، یه‌كێتیی به‌و ئاقاره‌دا بردووه، گوتاری ڕاگه‌یاندنی به جۆرێك دابڕێژێت، پشت له‌و ڕاستییانه بكات كه له‌سه‌ر زه‌وی هه‌ن، به‌وپێیه‌ی به‌ده‌ست زۆر قه‌یرانه‌وه ده‌ناڵێنێت، هه‌وڵ ده‌دات وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی جیاواز له وێنه ڕاسته‌قینه‌كه بۆ خۆی دروست بكات. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و كورسیی په‌رله‌مان پێگه‌ی حزب دیاری ده‌كه‌ن، یه‌كێتی ده‌یه‌وێ ئه‌و پێوه‌ره ناشرین بكات، وای پیشان بدات به‌هۆی خراپیی ئامرازه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه غه‌در له پێگه‌كه‌ی ده‌كرێت، نه‌ك به‌هۆی جیابوونه‌وه‌ی گۆڕان و قه‌یرانه‌كانی دیكه‌ی حزبهكهوهیه.
له كاتێكدا له‌و زۆنه‌ی به‌ناوی خۆی كردووه، لایه‌نه‌كانی دی به‌تایبه‌ت گۆڕان، ده‌نگیان زیاتر بوو و یه‌كێتییان له‌و زۆنه كرده حزبێكی بچووك، به‌ڵام هێزی سه‌ربازی و پشتیوانی ئیقلیمی، یه‌كێتیی له‌و زۆنه‌وه به حزبی ده‌سه‌ڵات هێشته‌وه. پرسیار ئه‌وه‌یه، ئایا تۆماری ده‌نگده‌رانی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌ی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین و كارمه‌ندانی كۆمیسۆنی ئه‌و ناوچانه به ده‌ست پارتییه‌وه بووه، تا پارتیی پێ تاوانبار بكه‌ن؟ یه‌كێتی به‌رگه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی سلێمانیی نه‌گرت و گرده‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی خسته ژێر ڕه‌حمه‌تی لوله‌ی دۆشكا و بیكهیسییهوه.
له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی له سلێمانی دروست كراوه، بۆ ڕاكردن له به‌رپرسیاریه‌تی و شاردنه‌وه‌ی كێشه و قه‌یرانه‌كانی یه‌كێتی، باشترین ئامراز په‌لاماردانی پارتییه، زۆر به ئاسانی تۆمه‌تباری ده‌كات.
سازان و ڕێككه‌وتن
بۆ پرۆسه‌ی سیاسی، سازان و ڕێككه‌وتن، دوو پره‌نسیپی زۆر گرنگن، لێ نابێ هیچ سازان و ڕێككه‌وتنێك، له‌سه‌رحیسابی لایه‌نێك ته‌واوببێت. هیچ لایه‌نێك هێنده‌ی یه‌كێتی باسی دیموكراسی ناكات، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت.
پێش ڕاپه‌ڕینی 1991، یه‌كێتی شانازیی به ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی (تۆڵه به‌سه‌بره ئه‌مما به زه‌بره) و (په‌رێز خاوێنی- دیلكوژی) له شه‌ڕی ناوحۆدا ده‌كرد، هه‌ر به‌و هه‌وایه سه‌یری قۆناغی دوای ڕاپه‌ڕینی ده‌كرد. له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن، به‌هۆی سازانه‌وه ڕێككه‌وتنی نیوه به نیوه له حكوومه‌تدا كرا، ئه‌مه‌ش بۆ خۆ لادان بوو له شه‌ڕی ناوخۆ. بۆیه سازان و ڕێككه‌وتن، یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی پشت گوێ خست و نیشانه‌ی پرسیاری خسته سه‌ر یه‌كه‌م هه‌نگاوی دیموكراسی.
ئێستا یه‌كێتی، خه‌ڵكی كوردستان ده‌ترسێنێ، كه ئه‌گه‌ر به هه‌مان نرخی1992 له هه‌ڵبژاردن و حكوومه‌تدا حیسابی بۆ نه‌كرێت، ئه‌وا شه‌ڕی ناوخۆ دروست ده‌بێت و هه‌رێم ده‌بێته دوو پارچه.
جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی هه‌ر ڕێككه‌وتنێك، نابێ به‌سه‌ر لایه‌نێكدا بسه‌پێندرێ، به‌ڵكو چه‌ند لایه‌ن ڕێككه‌وتن ئیمزا ده‌كه‌ن، ده‌بێ خاڵ به خاڵ جێبه‌جێی بكه‌ن. ڕێككه‌وتنی دوو لایه‌نه، هه‌ردوولا ناچار به پیاده‌كردنی ته‌واوی خاڵه‌كان ده‌كات، هه‌ر لایه‌نێكیش له‌و دوو لایه‌نه كۆتایی به رێككه‌وتن هێنا، ئه‌وا ڕێككه‌وتنه‌كه نامێنێت.
دیارترین ڕێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی و پارتی، ئه‌و رێككه‌وتنه بوو، كه له 2007 ئیمزا كرا و به ڕێككه‌وتنی ستراتیجی ناسرا. یه‌كێتی خۆی وه‌فاتنامه‌ی بۆ ڕێككهتنهكه ده‌ركرد، هه‌ندێ له به‌رپرسه‌كانی به قه‌ناعه‌ته‌وه ڕایانده‌گه‌یاند ڕێككه‌وتنی ستراتیجیمان له‌گه‌ڵ پارتی نه‌ماوه و نییه. خیانه‌تكارییه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017یش، هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه نه‌هێشت، هه‌ڵبژاردنی 2018ی په‌رله‌مانی عێراق و میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار، یه‌كێتی به هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتدار و وه‌لائییه‌كان، بێمنه‌تیی به‌رانبه‌ر پارتی پیشان دا، ئه‌رێ سه‌یر و سه‌مه‌ره نییه، پاش ئه‌و هه‌موو به‌زمه یه‌كێتی باسی ڕێككه‌وتنی ستراتیجی ده‌كات؟
كه‌چی دوای هه‌ڵبژاردنی 10 ئۆكتۆبه‌ری2021، پارتی جارێكی دی ڕایگه‌یاند، كه یهكههڵوێستبین و بۆ سه‌رۆك كۆماریش با به ڕێككه‌وتنی لایه‌نه كوردستانییه‌كان بێت، یه‌كێتی تاك لایه‌نه و بێ حیساب كردن بۆ خه‌ڵك و لایه‌نه‌كانی دی، هه‌ر ده‌ڵێ خۆمان خاوه‌نی ئه‌و پۆستهین. كاتێ پارتی پێی باش بوو، ئه‌مجاره پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرێت، یه‌كێتی گوتی به‌پێی ڕێككه‌وتنی ستراتیجی سه‌رۆك كۆمار بۆ ئێمه‌یه. له كاتێكدا ڕێككه‌وتنه‌كه ته‌نیا دابه‌شكردنی پۆست نه‌بوو، به‌ڵكو له‌وه گرنگتر، به یه‌ك لیست دابه‌زین له هه‌ڵبژاردن و یه‌كهه‌ڵوێستی بوو له به‌غدا، یه‌كێتی هه‌ردوو خاڵه‌كه‌ی فه‌رامۆشكردبوو، هه‌ر له هه‌ڵبژاردنی 2013 خۆی له پارتی جیاكرده‌وه و به‌ته‌نیا دابه‌زی و 18 كورسیی هێنا پارتیش 38 كورسی. لێره‌دا ڕاستییه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، له هه‌ڵبژاردنی 2009 پارتی و یه‌كێتی پێكه‌وه به یه‌ك لیست دابه‌زین و 56 كورسیان هێنا، له هه‌مان هه‌ڵبژاردن گۆڕان 25 كورسیی له یه‌كێتی برد، به‌مه‌ش ژماره‌ی كورسییه‌كانی یه‌كێتی زۆر كه‌می كرد، كه‌چی پارتی له‌گه‌ڵی كرده برابه‌شی، له‌كاتێكدا قه‌باره‌ی یه‌كێتی له 2013 به 18 كورسی ده‌ركه‌وت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پارتی ئاماده‌بوو به حیسابی 2009 ، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی برابه‌شی بكات، به‌ڵام یه‌كێتی ڕازی نه‌بوو، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای كۆتایهێنان بوو به ڕێككه‌وتنی ستراتیجی.
پارتی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه بوو، كه سازان بنه‌مای كاری پێكه‌وه‌یی بێت، به‌ڵام له حوزه‌یرانی 2015 یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی دی، ویستیان به زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی گهلهكۆمهیهك له پارتی بكه‌ن و پشتیان له سازان كرد، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی 2018 پارتی 45 كورسیی په‌رله‌مانی كوردستانی وه‌ده‌ستهێنا، ئێستا یه‌كێتی باس له سازان ده‌كات، له ڕاگه‌یاندنیش ده‌ڵێ، بۆیه سازان هه‌بێ چونكه زۆرینه‌ی پارتی ساخته‌یه.
له گه‌رمه‌ی شه‌ڕی داعش، یه‌كێتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دی، دڵی به‌وه خۆش‌بوو كه پارتی به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه ناپه‌رژێته سه‌ر كاری په‌رله‌مانی، بۆیه ده‌رفه‌ته‌كه‌ی به له‌بار زانی و دڵی خۆش بوو، به‌ڵكو به زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی، پارتی بخرێته ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسییه‌وه و خه‌ونه كۆنه‌كه‌ی بێته‌دی.
سازان له دیدی یه‌كێتی، ئامرازێكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی له لایه‌ك منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بكات، كه ئاشتیخوازه و به‌رژه‌وه‌ندیی حزبیی ناوێ، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه وه‌ك تاكتیك بۆ په‌راوێزخستنی پارتی به‌كاری بێنێت، له دیدی یه‌كێتی كه ده‌رفه‌تێك بۆ گه‌له‌كۆمه له‌پارتی دێته پێشه‌وه، ده‌یه‌وێت له ده‌ستی نه‌دات، به‌لایه‌وه گرنگ نییه چی ده‌بێت. حوزه‌یرانی 2015 ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، داوایان له‌و لایه‌نانه كرد، له كاتێكدا شه‌ڕی داعش به‌رده‌وامه، كاتی ئه‌وه نییه هه‌وڵی په‌رته‌وازه‌یی بدرێت و ناكۆكیی نێوان لایه‌نه‌كان زیاتر بێت. به‌ڵام ئه‌و به‌ره‌یه‌ی بانگه‌شه‌ی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییان ده‌كرد، گوێیان به‌كه‌س نه‌دا، چونكه پێیان وابوو ده‌رفه‌تێكه و نابێ بۆ په‌راوێزخستنی پارتی له ده‌ست بدرێت، هه‌وڵی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانییان دا، به‌ڵام نه‌هاته‌دی و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.
یه‌كێتی، زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی بۆخۆی به حه‌ڵاڵ ده‌زانێ، به‌ڵام بۆ پارتی به حه‌رام، له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا، پارتی 45 كورسیی هه‌یه، كه‌چی ئه‌وه‌نده‌ی بیر له پێكه‌وه كار كردن ده‌كاته‌وه، بیری له‌وه نه‌كردۆته‌وه كه زۆرترین كورسیی هه‌یه. ئه‌و مانۆڕانه‌ی یه‌كێتی ده‌یانكات، ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی له شوێنی پارتی 45 كورسیی هه‌بوایه، قه‌ت باسی سازانی نه‌ده‌كرد. ئێستا كه یه‌كێتی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی په‌رله‌مان وه‌ك خۆی نابینێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه له‌چاو پارتی خۆی به بچووكتر ده‌بینێت، بۆیه بۆ شاردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی خۆی، ژماره‌ی كورسی نابینێ.
هه‌ر ئه‌و به‌رچاو ته‌نگییه، وای له یه‌كێتی كردووه، 11 كورسی بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان، به زۆر ببینێ و ئه‌و پێكهاتانه به شایان نه‌بینێ، ئه‌مه‌ش بانێكه و دوو هه‌وا، چونكه پێیوایه ئه‌گه‌ر له په‌رله‌ماندا خۆی كه‌مترین كورسیشی هه‌بێت، ئه‌وا هیچ گرنگ نییه و ده‌بێ حیسابی بۆ بكرێت، بۆ خۆی ژماره‌ی كورسی به‌پێوه‌ر نازانێت، به‌ڵام بۆ پێكهاته‌كان، كه به‌و ژماره‌یه‌ی كورسی حیساب بۆ پێگه‌یان كراوه، به ڕه‌وا نابێنێت.
یه‌كێتی، ئێستا خۆی و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی هێناوه‌ته سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه، كه پێویسته یاسای هه‌ڵبژاردن بگۆڕدرێت، ئه‌و بابه‌ته‌ش به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌وروژێندرێت. به‌ڵام له ڕاستیدا، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به به‌رژه‌وه‌ندیی گشتییه‌وه نییه، به‌ڵكو بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی حزبییه و ته‌نیا بۆ دژایه‌تیی پارتیییه، هه‌قی خۆیه‌تی خوێنه‌ر بپرسێت چۆن دژی پارتییه؟
به درێژایی زیاتر له نیو سه‌ده‌یه، چه‌ندین ئامراز بۆ لێدان و نه‌هێشتنی پارتی به‌كار ده‌هێندرێت، هه‌ر له ده‌ستێوه‌ردانی ئێرانی سه‌رده‌می شا له سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، كه جیابوونه‌وه‌ی لێ به‌رهه‌م هات، دواتر شه‌ڕی ناوخۆ. ئینجا خۆ نمایش كردن به ناوی نوێ و له ژێر عه‌بای ماركسیزم‌دا، ئه‌وه چه‌ند ساڵێكیشه به یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه خه‌ریكن.
یه‌كێتی و ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ریی ژینگه‌كه‌ی، ته‌نیا بۆ دژایه‌تیكردنی پارتی سه‌ری خه‌ڵك به‌و به‌زمه دههێشێنن، كه بۆیان ده‌ركه‌وت پارتی به ده‌نگدان ناكه‌وێت، به‌ڵكو پێگه‌ی گه‌وره‌تر ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌را و زهنایهكیان نایه‌وه، گوتیان خه‌تای یاسای هه‌ڵبژاردنه، كه لیستی داخراوی فه‌رز كردووه، له‌سه‌ر داوا و پێشنیازی ئه‌و لایه‌نانه، یاساكه له داخراوه‌وه كرایه كراوه، دواتر كه ده‌ركه‌وت كوالێتی ئاستی په‌رله‌مانتار له چاو جاران دابه‌زی، ده‌نگێك له‌و ژینگه‌یه به‌رز بۆوه، كه لیستی كراوه باش نییه، به‌ڵام پێیان شه‌رم بوو جارێكی دی بیكه‌نه‌وه داخراو.
یه‌كێتی ڕابه‌رایه‌تی ئه‌و داوایه ده‌كات، كه یاسای هه‌ڵبژاردن بكرێته فره بازنه‌یی، ئه‌وه ئیشی په‌رله‌مانه چ بڕیارێك ده‌دات و به كام یاسا هه‌ڵبژاردن ده‌كات، به‌ڵام ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌كه په‌یوه‌ندیی به به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكه‌وه نییه، چونكه هه‌ر ئه‌و حزبانه دێنه په‌رله‌مان، خه‌ڵكیش هه‌مووان ده‌بینێت. یه‌كێتی دڵی خۆی به‌وه خۆشكردووه، كه له‌م قۆناغه‌ی دژایه‌تیكردنی پارتیدا، چه‌ند حزبێكیشی هێناوه‌ته ئه‌و سه‌نگه‌ره. ئێمه پێمان وایه یه‌كێتی له‌م هه‌وڵه‌یدا، چه‌ند ئامانجێكی هه‌یه:
1-به‌هۆی بابه‌تی گۆڕینی یاسای هه‌ڵبژاردن، به‌ره‌یه‌ك دژی پارتی دروست ده‌كات، به‌مه‌ش ئه‌و لایه‌نانه سیمای بێلایهنییهیان نامێنێ، وه‌ك خۆیان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن.
2- یه‌كێتی پێویستی به‌وه‌یه، له‌و ناوچه‌یه‌ی به هی خۆی ده‌زانێت، جارێكی دی له ڕووی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ببێته‌وه هێزی زۆرینه، چونكه له هه‌ڵبژاردنی 2009 وه تا 2018 ، گۆڕان هێزی یه‌كه‌م بووه، یه‌كێتی له به‌رانبه‌ر لایه‌نه‌كانی دی بچووك بووه‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌كه‌ی هه‌ر له ده‌سته.
3- به‌م هه‌نگاوه، یه‌كێتی گورزێكی گه‌وره، له‌و لایه‌نانه ده‌دات، كه به‌هۆی یه‌ك بازنه‌یی ده‌گه‌نه په‌رله‌مان. چونكه یاسای فره بازنه‌یی، ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه، به‌مه‌ش زۆنه‌كه چیدی ئه‌و كاڵییهی نامێنێ، به‌ڵكو سهوزییهكهی له‌سه‌ر حیسابی ڕه‌نگی لایه‌نه‌كان تۆختر ده‌بێته‌وه.
4- یه‌كێتی ده‌یه‌وێ به‌م هه‌نگاوه، له دژایه‌تیكردنی پارتی بچێته قۆناغێكی نوێ، ماوه‌یه‌كیشه له‌سه‌ر زاری به‌رپرسه‌كانی، بانگه‌شه‌ی (به‌دوای هیچ حزبێك ناكه‌وین) و (به پارتی ده‌ڵێین ستۆپ) و (سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ودیو دێگه‌ڵه‌وه قسه‌ی ناڕوات)ده‌كرێت، یه‌كێتی پێی وایه، بۆ دژایه‌تیكردنی پارتی، پێویستی به‌وه‌یه زۆنه‌كه هه‌ر به‌سه‌وز بناسرێت، چونكه له دوای هه‌ڵبژاردنی 2009وه، ڕه‌نگی نیلی له‌و زۆنه له ڕه‌نگی سه‌وز تۆختر بوو، زه‌مینه‌ی تۆخبوونی ڕه‌نگی دیكه‌ش زیاتر سه‌ری هه‌ڵدا.
كاركردن له‌به‌غدا
كاری پێكه‌وه‌یی پارتی و یه‌كێتی له به‌غدا، بۆ ساڵی 2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه ده‌ستی پێكرد، كه كوردستان بووه پێگه‌یه‌كی گرنگی ئه‌مه‌ریكاییه‌كان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس. به‌لای ئه‌مه‌ریكاوه گرنگ بوو، هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان، له بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی نوێ‌دا به‌شدار بن، بۆیه پارتی و یه‌كێتی دوو لایه‌نی كاریگه‌ر بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تا 2005 كه سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زرا، شانده‌كانی به‌غدا له دوو ده‌روازه‌ی (پیرمام) و (دوكان)ه‌وه ده‌هاتنه كوردستان.
پێش ئه‌و قۆناغه، هه‌ردوو لایه‌ن، له دوای كۆڕه‌وی ملیۆنیی 1991یش، ئه‌زموونێكی كاری پێكهوهییان له به‌غدا هه‌بوو. كاتێ زه‌مینه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆی كورد و به‌غدا دوای شه‌ڕی كۆڕێ ڕه‌خسا، سه‌ره‌تا شاندی یه‌كێتی به سه‌رۆكایه‌تی مام جه‌لال چووه به‌غدا، هه‌ردوولاش له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێككه‌وتبوون، كه له كاتی گفتوگۆدا بارودۆخه‌كه له‌به‌رچاوبگرن، ڕاگه‌یاندن یارمه‌تیده‌ر بێت و نه‌بێته هۆیه‌ك بۆ دروستكردنی كۆسپ له ڕێگه‌ی گفتوگۆدا. له‌سه‌ر هه‌ردوولا پێویست بوو ڕاگه‌یاندنیان یارمه‌تیده‌ربێت. پارتی لای خۆیه‌وه پابه‌ند بوو، ئه‌و ماوه‌یه‌ی شاندی یه‌كێتی له به‌غدا بوو، ڕاگه‌یاندنی به جۆرێك ئاراسته كرد، بارودۆخ بۆ گفتوگۆ له‌بار بێت.
دواتر به‌غدا ڕایگه‌یاندبوو، كه پێویسته پارتی به‌شداری كارای هه‌بێت، چونكه پێی وابوو پێگه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، بۆ قسه‌كردن و چاره‌سه‌ری ته‌واوی كێشه‌ی نێوان كورد و به‌غدا گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه. دیاره ئه‌م تێڕوانینه‌ی به‌غدا، به‌لای یه‌كێتییه‌وه ناخۆش بووه، بۆیه كه سه‌رۆك بارزانی به‌سه‌رۆكایه‌تیی شاندێك، بۆ ته‌واوكردنی گفتوگۆ چووه به‌غدا، یه‌كێتی كه‌وته هه‌وڵی ئه‌وه‌ی، له ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌وه كه‌شێكی نه‌گونجاو بۆ گفتوگۆ بخوڵقێنێ، بۆیه هێرشی كرده سه‌ر به‌غدا.
دوای 2003 گفتوگۆ و پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور، له لایه‌ن شاندی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، كه جگه له پارتی و یه‌كێتی لایه‌نی دیكه‌ش به‌شدار بوون، به ڕێك و پێكی به‌ڕێوه‌چوو. له سه‌ره‌تای ئه‌و قۆناغه‌دا، سه‌رۆك بارزانی رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بوو، یه‌كێك له‌و بۆمبانه‌ی لێ نه‌گه‌ڕا بته‌قێته‌وه و پووچه‌ڵی كرده‌وه، نه‌هیشتنی پێشمه‌رگه بوو، كه لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كان، پۆل بریمه‌ریان هێنابووه ئه‌و قه‌ناعه‌ته پێشمه‌رگه نه‌مێنێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڕووی بریمه‌ردا وه‌ستایه‌وه و گوتی پێشمه‌رگه هێڵی سووره و به كه‌س هه‌ڵناوه‌شێته‌وه، سه‌رۆك بارزانی بوو، به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌غدای به‌جێ هێشت و گه‌ڕایه‌وه كوردستان. به‌ڵام دوو ڕۆژ دواتر، بریمه‌ر بۆ دیداری سه‌رۆك بارزانی هاته كوردستان و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه باسكرایه‌وه، سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه، پێشمه‌رگه هێڵی سووره، ئه‌ویش بێ ده‌نگیی له‌و بابه‌ته كرد.
دوای خولی یه‌كه‌می مام جه‌لال له سه‌رۆكایه‌تی كۆماردا، هه‌وڵی ئه‌وه درا، پۆستی سه‌رۆك كۆمار له كورد وه‌ربگرنه‌وه، دیسان سه‌رۆك بارزانی هاته ده‌نگ و به ئه‌مه‌ریكاییه‌كانی گوت، مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه مام جه‌لال بگۆڕن، یان پۆسته‌كه بۆ كورد نه‌بێ، وه‌ڵامیان دابۆوه هه‌ردووكی، سه‌رۆك بارزانی پێی گوتبوون قبووڵ ناكه‌ین پۆسته‌كه له كورد وه‌ربگرنه‌وه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیشتان كه‌سێكی دیكه‌یه كورد كه‌سی شایسته‌ی هه‌یه، به‌ڵام پۆسته‌كه هه‌ر ده‌بێ بۆ كورد بێت و كاندیدیشمان هه‌ر مام جه‌لاله.
خاڵی ناكۆكیی پارتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، له‌سه‌ر كاركردن له به‌غدا ئه‌وه‌یه، كه یه‌ك تێڕوانین بۆ به‌غدا هه‌بێ، پارتی پێی وایه له كوردستانه‌وه سه‌یری به‌غدا بكرێت، دواتر یه‌كده‌نگی له به‌رانبه‌ر هه‌موو پرسه‌كان دروست بكرێت، ئینجا په‌یامه‌كه بگاته به‌غدا. هه‌رچی یه‌كێتییه، به تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماری به هی خۆی زانی، نه‌ك مافی كوردستان، پێی وایه ده‌بێ هه‌ر ئه‌و له به‌غدا، قسه‌ی یه‌كه‌م و كۆتایی بكات.
یه‌كێتی له ڕێی تاكڕه‌ویی له به‌غدا، دڵی به‌وه خۆشه، كه شه‌قامی شیعه دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌وه‌ستێته‌وه، پێی وایه قازانجی دژایه‌تیكردنی هه‌رێمی كوردستان، له كۆتاییدا ده‌چێته‌وه گیرفانی خۆی، چونكه دژایه‌تیكردنی كوردستان به دژایه‌تیكردنی پارتی ده‌بینێت. له دوای هه‌ڵبژاردنی 2018یشه‌وه، یه‌كێتی كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات، گوتاری ڕاگه‌یاندنی خۆی له دژی پارتی ئاراسته بكات، ڕۆژانه ماشێنی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی، باس له‌وه ده‌كات، پارتی بۆ له به‌غدایه، ئه‌دی ڕیفڕاندۆمی نه‌كرد، بۆچی خۆی چه‌مانده‌وه.
كێشه‌كه‌ی یه‌كێتی و ئه‌و لایه‌نانه‌ی له یه‌ك میحوه‌ردا ده‌سوڕێنه‌وه ئه‌وه‌یه، پێیان وابوو، له هه‌ڵبژاردنی 2018دا، ده‌نگده‌ری كوردستان پارتی له‌سه‌ر ریفراندۆم سزا ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بینییان زۆر پێچه‌وانه بوو، نه‌ك سزایان نه‌دا به‌ڵكو خه‌ڵاتیان كرد و ژماره‌ی كورسییه‌كانی زیاد بوون. یه‌كێتی هه‌میشه كاردانه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی پارتی هه‌یه، ناتوانێ وه‌ك پارتی سیاسه‌تی ڕاست و دروست به‌پێی قۆناغه‌كان دابڕێژێت، بۆیه له كۆتاییدا تانه‌وته‌شه‌ر ده‌گرێته پارتی و پاره‌یه‌كی زۆری بۆ ته‌رخان ده‌كات.
پارتی له 2017 له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان بوو، كه له ریفڕاندۆمێكدا ڕای خۆی ده‌رببڕێت، كاری له‌سه‌ر ئه‌وه كرد، كه ڕۆژی دوای ریفڕاندۆم ده‌وڵه‌ت ڕاناگه‌یه‌نرێت، به‌ڵكو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كرێت. به‌ڵام كه ده‌ركه‌وت نه‌ك هه‌ر له ده‌ره‌وه، به‌ڵكو له ناوخۆی كوردستان، به‌تایبه‌تیش یه‌كێتی له‌گه‌ڵ هێزه ئیقلیمی و عێراقییه‌كان، دژایه‌تی ئه‌و خواسته‌ی گه‌لی كوردستان ده‌كات و پێی ڕه‌وا نابینن ڕای خۆی ده‌رببڕێت. پارتی جیا له‌وه‌ی له‌و هه‌نگاوه‌ی په‌شیمان نه‌بۆوه و شانازی پێوه ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك یه‌كێتی و لایه‌نه وه‌لائییه‌كان ده‌یانویست و چاوه‌ڕێیان ده‌كرد، كه پارتی له پرۆسه‌ی سیاسیی دوای قۆناغی ریفڕاندۆم په‌راوێز بخرێت، پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌وان ده‌ركه‌وت، پارتی سیاسه‌تی بۆ قۆناغی دوای ریفڕاندۆم داڕشت، له هه‌ڵبژاردنی 2018ی عێراق و كوردستان بووه یه‌كه‌م هێزی سیاسی، ئه‌مه‌ش زاده‌ی داڕشتنی سیاسه‌تی راست و دروسته، كه داڕێژه‌ری خاوه‌ن ئه‌زموونی خۆی هه‌یه، به جۆرێك ئه‌و سیاسه‌ته داده‌ڕێژێ، پێش چاوی خۆی ده‌بینێ و ده‌زانێ چۆن هه‌نگاو هه‌ڵدێنێ، نه‌ك به پێی ویستی ئه‌ملا و ئه‌ولا ئاراسته بكرێت و ده‌ستی ببه‌سترێت و ببێته دیلی ده‌ستی چه‌ند فهیسبوكچییهك و هێزه ده‌ره‌كییه‌كان.
یه‌كێتی به‌وه پارتی تۆمه‌تبار ده‌كات، كه ماڵی شیعه‌ی تێكداوه، فڕێدانی ئه‌م قسه‌یه ئاسانه، به‌ڵام به ههوهنتهش ناكرێت، ده‌وڵه‌ت و لایه‌نی ده‌ستڕۆیشتووی عێراقی له پشته، ئامانجیش قووڵكردنه‌وه‌ی زیاتری ناكۆكیی نێوان لایه‌نه كوردییهكانه، له پێناو ڕێگه خۆشكردن بۆ ئه‌جندای ده‌ره‌كی، كه چنگی له عێراق گیر كردووه. یه‌كێتی لێره‌دا پارتی به كۆسپێكی گه‌وره‌ی پێكه‌وه هه‌ڵنه‌كردنی پێكهاته‌كان داده‌نێت، كه‌چی خۆی به پێی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی بۆی داڕێژراوه، له ڕۆژی یه‌كه‌م دانیشتی خولی پێنجه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق نه‌چووه هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه، به‌مه‌ش خۆی خسته به‌ره‌یه‌كه‌وه، ناچار بوو ده‌نگ به پێكهاته‌ی سووننه نه‌دات، كه سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان هه‌یه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه یه‌كێتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه خۆی له‌سه‌ر به‌ره‌ی وه‌لائییه‌كان و ئێران حیساب كردووه، كه‌واته هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بڕیاری داوه له‌گه‌ڵ لایه‌نێكی شیعه بێت دژی لایه‌نه‌كه‌ی دی كه ڕه‌تی سه‌دره، كه‌چی سه‌ری زمان و بنی زمانی ئه‌وه‌یه ده‌ڵێ پارتی ماڵی شیعه‌ی تێكداوه، با بزانین ئه‌وه كێیه له عێراق بۆته مایه‌ی ناكۆكیی لایه‌نه‌كان، پارتی یان یه‌كێتی؟
هاوكێشه‌كه به‌م شێوه‌یه: پارتی یه‌كه‌می كوردستانه و زۆرترین كورسیی هه‌یه، ڕه‌وتی سه‌در كه یه‌كه‌می عێراق و شیعه‌كانه، هاوپه‌یمانی سیاده زۆرینه‌ی سووننه‌ن، ئه‌م سێ لایه‌نه پێكه‌وه هاوپه‌یمانن. یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌یه كه به وه‌لائی ناسراون و له 2003وه ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه‌یه و دژایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه، له زۆر ڕووه‌وه یه‌كێتی خۆی به قه‌رزاریان ده‌زانێ.
یه‌كێتی به فه‌رمانی ئێران و وه‌لائییه‌كان، دژی هاوپه‌یمانیی سێ قۆڵی (ڕه‌وتی سه‌در- پارتی و سووننه) وه‌ستایه‌وه، ئه‌وه هیچ كه خۆشحاڵه له‌به‌ره‌یه‌كی دژه پارتییه، به‌ڵام دژی پێكهاته‌ی سووننه‌ش وه‌ستایه‌وه. ئێستا یه‌كێتی له به‌ره‌یه‌كه، لێ ناگه‌ڕێ عێراقییه‌كان ئازاد بن و وڵاتێكی خاوه‌ن سه‌روه‌رییان هه‌بێت، چونكه كێشه گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه، خه‌ڵكی عێراق له‌و لایه‌نانه‌ی حوكمی عێراقیان كردووه بێزار بوون. یه‌كێتی له پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه حزبی و شه‌خسییه‌كانی و به‌رژه‌وه‌ندیی ئیقلیمی، له میحوه‌ری وهلائییهكانه و دژی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی عێراقه، هه‌میشه بزه‌ی له‌سه‌ر لێوانه، چونكه ئه‌و لایه‌نانه دژی پارتین، كه‌واته یه‌كێتی هه‌م دژی خه‌ڵكی عێراقه، هه‌م هاوپه‌یمانه‌كانی دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كار دێنێ، چونكه پێی وایه ئه‌و دژایه‌تییه ده‌بێته هۆی لاوازكردنی پارتی. بۆیه ئه‌وه پارتی نییه فیتنه له عێراق دروست ده‌كات، وه‌ك یه‌كێتی لای هاوپه‌یمانه‌كان و گه‌وره‌كه‌یان كاری له‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌وه یه‌كێتییه، كه هه‌م دژی خه‌ڵكی عێراق و هه‌م دژی هه‌رێمی كوردستانیش ئاشوب ده‌گێڕێت.
بواری دیپلۆماسی
یه‌كێك له‌و بابه‌تانه‌ی ده‌مێكه یه‌كێتی به حه‌زی خۆی قسه‌ی لێ ده‌كات، بواری دیپلۆماسییه، وه‌ك هه‌موو بواره‌كانی دی، ئه‌مه‌شیان هه‌ر به چاوی حزبی سه‌یر ده‌كات، هه‌میشه خۆی به زوڵملێكراو ده‌بینێت.
یه‌كێتی له حوكمڕانی و بابه‌تی دیپلۆماسیدا، واقیعی نه‌خشه‌ی سیاسی و په‌رله‌مانیی پێ قبووڵ ناكرێت، بۆیه هه‌رچه‌ند خول دوای خولی په‌رله‌مان بچینه پێشه‌وه، له هه‌ر قۆناغێكدا كه قه‌باره‌ی خۆی ده‌بینێ، چاوی ده‌چێته‌وه سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 1992، كه له‌وێ ڕۆژێدا هێشتا له نه‌شئه‌ی سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕی ناوخۆی شاخدا بوو، بۆیه كه له سه‌پاندنی ته‌نیا دوو ڕێگه، یان (نیوه به‌نیوه له ده‌سه‌ڵاتدا، یان شه‌ڕی ناوخۆ)، پارتی یه‌كه‌می هه‌ڵبژارد، كه‌وتنه ناو خهیاڵێكهوه، كه هه‌ر كاتێ ویستیان به هه‌ڕه‌شه‌ی هێز ویستی خۆیان ده‌سه‌پێنن. بۆیه ناتوانن به‌پێی به‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردن، سه‌یری بواری دیپلۆماسیش بكه‌ن، له‌مه‌شدا پێویستیان به‌وه ده‌بێت، كه بڵێن هه‌ڵبژاردن ساخته‌یه، هه‌ر كاتێ به پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن قه‌باره‌ی حزب دیاری نه‌كرێت، ئه‌وا حزبایه‌تی زاڵ ده‌بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه هه‌ڵبژاردن ده‌خه‌نه ئه‌ولاوه و وه‌كو حزب داوای قه‌باره‌ی خۆیان ده‌كه‌ن.
له كابینه‌ی نۆدا، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و وه‌زاره‌ت و ده‌سته و دامه‌زراوه‌ی هه‌یه. كه‌چی خۆی وه‌ك ئۆپۆزسیۆن نمایش ده‌كات، له به‌رپرسیاریه‌تی ڕاده‌كات، نایه‌وێ شان بداته به‌ر بارگرانی. له دوا سه‌ردانی شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئیمارات به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی حكوومه‌ت مه‌سرور بارزانی، كه ڕۆژانی 28-29ی ئاداری 2022 به‌شداریی له (كۆڕبه‌ندی جیهانیی وزه) و (لوتكه‌ی جیهانیی حكوومه‌ته‌كان)دا كرد و له په‌راوێزی كۆڕبه‌نده‌كه‌شدا ژماره‌یه‌ك دیدار له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵا كرا، به‌شی زۆریی ئه‌ندامانی شانده‌كه یه‌كێتی بوون. كوردستانی نوێ له هه‌مان ڕۆژ به وتارێك پارتیی به تاكڕه‌ویی دیپلۆماسی تۆمه‌تبار كرد.
كام سه‌ردانی گرنگ و چاره‌نووسساز هه‌بووه، نوێنه‌ری یه‌كێتی له شانده‌كه‌دا نه‌بووبێت، هه‌ر له سه‌ردانه‌كانی سه‌رۆك بارزانی كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌مه‌ریكا و باسكردنی پرسی ریفڕاندۆم و بابه‌تی دی. نه‌ك هه‌ر له‌م كابینه‌یه، به‌ڵكو له كابینه‌كانی پێشتریش، به‌تایبه‌تی كابینه‌ی هه‌شته‌م، له زۆربه‌ی سه‌ردان و پێشوازیی شانده‌كاندا، له ته‌ك نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، قوباد تاڵه‌بانیش ئاماده‌بووه. له گرنگترین دۆسیه كه نه‌وت بووه، سێ كه‌س ڕێپێدراو بوون، پاره‌ی نه‌وت له بانكی توركیا وه‌ربگرن، ئه‌وانیش قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت (یه‌كێتی) و ڕێباز حه‌ملان وه‌زیری دارایی (گؤڕان) و ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كان (پارتی) بوون، ئه‌رێ تاكڕه‌وی دیپلۆماسیی پارتی له كوێدایه، كه یه‌كێتی باسی ده‌كات.
یه‌كێتی هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات، شاندی دیپلۆماسی له شاندی حكوومییه‌وه، بكرێته شاندی حزبی، چونكه له حكوومه‌تدا لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش هه‌ن، ئه‌ویش ده‌یه‌وێت هه‌ر به حیسابی 1992 بیباته سه‌ر، بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ ئه‌وه بكات، لایه‌نی دی هه‌ن. كێشه‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌پێی شانده حكوومییه‌كان بێت، ئه‌وا پارتی به پێی قه‌باره‌ی كورسی پێشه‌نگه، بۆ ئه‌وه‌ی پارتی له ریزی پێشه‌وه نه‌بێت، یه‌كێتی پشت له قه‌باره‌ی ناو په‌رله‌مان ده‌كات و دیوه‌خانی حزبایه‌تی به جێگره‌وه ده‌بینێت.
یه‌كێتی كه له به‌غدا دیپلۆماسییه‌تی حزبی (ئه‌گه‌ر ڕاست بێت پێی بگوترێت)، خسته پێش شانده‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم، ده‌یه‌وێت له هه‌رێمی كوردستانیش، هه‌مان شت بره‌وی پێ بدرێت. لای وه‌لائییه‌كان یه‌كێتی خۆشه‌ویست و ڕهزاسوك و پارتیش ڕه‌زا قورسه، به‌غدای وه‌لائییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای چاكه و پیاوهتییهكانی یه‌كێتی، له به‌رانبه‌ر سه‌ودای پێشكه‌شكردنی كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دی به هێرشبه‌ران و به پاڵه‌وانكردنی حه‌شد، حیساب بۆ یه‌كێتی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و به‌غدایه له‌به‌ر هۆیه‌ك به ناچاری حیساب بۆ پارتی ده‌كات، ئه‌ویش قه‌باره و پێگه‌ی پارتییه له كوردستاندا.
هه‌ر له‌و دوو تێڕوانینه جیاوازه‌ی بهغداشهوهیه، یه‌كێتی هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و شاندانه‌ی ده‌چنه به‌غدا حزبی بن، چونكه له به‌غدای وهلائییهكاندا، پارتی نانیشتمانی و خیانه‌تكاره و یه‌كێتیش وه‌ته‌نییه. له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه، نوێنه‌ره‌كانی یه‌كێتی له نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكوومه‌تدا، نایانه‌وێت سیمای هه‌رێمی كوردستان به شاندی دیپلۆماسی و نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه دیاربێت، چونكه ئه‌و میحوه‌ره‌ی یه‌كێتیی تێدایه قبووڵی ناكات. خه‌ڵكی كوردستان، لێدوانی نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له تارانیان له‌باره‌ی موشه‌كبارانكردنی هه‌ولێر، له شاشه و ڕادیۆكان دیت و گوێ لێ‌بوو، كه زیاتر وادهبیندرا نوێنه‌ری ئێرانه نه‌ك هه‌رێمی كوردستان.
یه‌ك هه‌ڵوێستی
یه‌ك هه‌ڵوێستیش، له لایه‌ن یه‌كێتی له قه‌پان دراوه، قهپانهكهی یه‌كێتی، وا ده‌خوێنێته‌وه كه پارتییه یه‌ك هه‌ڵوێستیی تێك داوه. له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، یه‌كێتی سوكایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی به یه‌ك هه‌ڵوێستی كرد، هه‌ر له گه‌رمه‌ی خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، چاویان له برایانیان له به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌ی ئێران بوو، هه‌ولێریان بۆ بگرن و ئه‌وانیش به كاوه‌خۆ بێنه ناویه‌وه، بۆیه كه په‌لاماری پردێ درا، كه‌ناڵه‌كانی میدیای یه‌كێتی چوونه پاڵ كه‌ناڵه‌كانی حه‌شده‌وه، له خزمه‌تی په‌لاماردانی هه‌ولێردا بوون، به‌ڵام هێرشه‌كه له پردێ تێكشكا.
یه‌كێتی هێشتا نه‌یتوانیوه، خۆی له شه‌رمه‌زارییه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌رباز بكات، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر دوو هۆیه: یه‌كیان ئه‌وه‌یه هه‌موو خه‌ون و خه‌یاڵاتی ساڵانی پێشوو و شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووی، بۆ له ناوبردنی پارتی، له‌سه‌ر 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌ڵچنی بوو. دووه‌میان له‌به‌ر چاكه و پیاوه‌تیی ئێران و حه‌شد، كه دوو ئیشی بۆ كردن، ئه‌ویش نه‌هێشتنی پارتی له كه‌ركووك و لابردنی سه‌ركردایه‌تی كۆنی یه‌كێتی بوو.
یه‌كێتی، له‌به‌ر ئه‌و دوو هۆیه، بووه ئامرازێك بۆ نه‌هێشتنی یه‌ك هه‌ڵوێستی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و میحوه‌ره‌ی یه‌كێتیی تێدایه، بۆ نه‌هێشتنی یه‌ك هه‌ڵوێستی، هێشتا پێویستیان به‌و ئامرازه‌یه. كه‌چی یه‌كێتی، به‌رده‌وام پارتی به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه یه‌ك هه‌ڵوێستیی ناوێ.
یه‌كێتی، یه‌ك هه‌ڵوێستیی به جۆرێك ده‌وێ، وه‌ك خۆی و لایه‌نه‌كانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان گه‌ره‌كیانه، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی كوردستان پێویستیی پێیه‌تی، ده‌یه‌وێت یه‌ك هه‌ڵوێستی، ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندیی حزبیی تێدا بێت. دوای هه‌ڵبژاردنی 10 ئۆكتۆبه‌ری 2021 ، كاتێ سه‌رۆك بارزانی، جارێكی دی له په‌یامێكدا ڕایگه‌یاند لایه‌نه‌كان له به‌غدا یه‌ك هه‌ڵوێست بن. پارتی و یه‌كێتی له به‌غدا، به یه‌ك شاند به‌شداریی چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كرد، عیماد ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی سه‌رۆكی شانده هاوبه‌شه‌كه بوو، كه‌چی له ناكاو یه‌كێتی له شانده هاوبه‌شه‌كه كشایه‌وه و عیماد ئه‌حمه‌دیشی له شاشه دوور خسته‌وه، ئه‌م كشانه‌وه‌یه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نه وه‌لائییه‌كان و دژی به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستان ته‌واو بوو.
یه‌كێتی تا خۆی له (گرێی پارتی) ڕزگار نه‌كات، ناتوانێ ببێته كاره‌كته‌رێكی دیاری یه‌ك هه‌ڵوێستی، چونكه گرێی پارتی، به سه‌ر گوتاری سیاسی و ڕاگه‌یاندنیدا زاڵه، ئه‌مه‌ش وای لێكردووه، له دووفاقیدا نقووم ببێت. به قسه و دروشمی قه‌به و گه‌وره، خۆی به قوربانیی یه‌ك هه‌ڵوێستی پێشان ده‌دات، لێ له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌ردی دووفاقی ناچاری كردووه هه‌میشه ماسكێكی به‌ده‌سته‌وه بێت، كه به ڕووكه‌ش خۆی به تاكه سوارچاكی مه‌یدانی یه‌ك هه‌ڵوێستی بزانێ و پارتی به تێكده‌ر. بۆیه بێ ماسك، شتێكی دیكه‌یه، پێیه‌وه دیاره كه (گرێی پارتی) هیلاكی كردووه، خۆی له قاڵبێكدا خزاندووه، كه له ناو ئه‌و هه‌موو كێشه و قه‌یرانانانه‌ی به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێ، تاكه ستراتیجی وه‌ستانه‌وه‌یه به‌رانبه‌ر پارتی، یان وه‌ك ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی گوتی: "به پارتی ده‌ڵێین ستۆپ". یه‌كێتی به ئاقارێكدا چووه، پلانی سیاسیی نه‌بێت، خۆی له بازنه‌یه‌كدا، له ژێر كاریگه‌ریی فیسبوكچی و بڕیاره‌كانی به‌ره‌ی میحوه‌ری ئێران‌دا ده‌بینێته‌وه، به‌ره‌یه‌ك ته‌نیا ئه‌ركی دژایه‌تیكردنی ئه‌و ده‌نگانه‌یه، كه به له‌مپه‌ریان ده‌بینن، یه‌كێتیش دوو جار پارتی به له‌مپه‌ر ده‌بینێ، جارێ بۆ خۆی وه‌ك دوژمنێكی به‌رده‌وام و جارێكیش بۆ هاوپه‌یمانه‌كانی.
ئه‌و گوتاره‌ی یه‌كێتی، قسه‌ی زۆر هه‌ڵده‌گرێ، چونكه یه‌كێتی په‌نا بۆ هه‌موو شتێك ده‌بات، به‌ڵكو خوایه پارتیی پێ بشكێنێ. ساڵانێكه سلێمانی وه‌ك ئامرازێك بۆ دژایه‌تیكردنی پارتی به‌كار دێنێت، بانكه‌كان به‌تاڵ ده‌كات و شار نغرۆی زبڵ و خاشاك ده‌كات، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی به خه‌ڵك بڵێ ئه‌وه پارتییه سلێمانی سزا ده‌دات.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه، به خۆدیتنه‌وه له میحوه‌ری دژه پارتی، ده‌یه‌وێ به ئه‌ندام و لایهنگرانێ بڵێ، خه‌متان نه‌بێت، له دژایه‌تیكردنی پارتیدا پشتمان قایمه. بۆ مانه‌وه‌ی ئه‌و پشته قایمه، هاوپه‌یمانه‌كانی به پارتی ده‌ترسێنێ، له‌و نێوه‌شدا خۆی وه‌ك هه‌واڵ لێده‌ر له‌پارتی لای هاوپه‌یمانیی دژی هه‌رێم و پارتی نمایش ده‌كات.
دوای موشه‌كبارانكردنی هه‌ولێر له لایه‌ن ئێرانه‌وه، میدیای یه‌كێتی به خڕیهوه، پاساویان بۆ ئه‌و موشه‌كبارانه هێنایه‌وه و شه‌رعییه‌تیان پێ دا. ته‌نانه‌ت ڕۆژنامه‌ی (كوردستانی نوێ)، لاپه‌ڕه‌یه‌كی خۆی بۆ ئه‌وه ته‌رخان كردبوو، چه‌ند په‌ره‌گرافێكی به‌ناوی ڕاپۆرتی شیكاری و زانیاریدان به‌دوای یه‌كدا ڕیزكردبوو، ڕاپۆرته‌كه به جۆرێك نووسراوه، هه‌ر كه‌سێكی ساویلكه بخوێنێته‌وه، ده‌ڵێ جێی خۆیه‌تی موشه‌كباران كراوه، چونكه ڕاپۆرته‌كه هه‌ولێری كردۆته ته‌لئه‌بیب و ناوه‌ندی كۆبوونه‌وه‌ی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا و توركیا. میدیای یه‌كێتی و هاوشێوه‌كانی له كوردستان و وه‌لائییه‌كان له به‌غدا، له ئێران زیاتر ڕووماڵی موشهكبارانهكهیان كرد، به جۆرێك به‌رانبه‌ر میدیای جیهان وه‌ستایه‌وه و له جیاتی ئێران پاكانه‌یان بۆ موشه‌كبارانه‌كه كرد، ڕێك ڕۆڵی ڕه‌سه‌دی بۆ موشهكهاوێژهكان بینی.
یه‌كێتی له نێو ئه‌و هه‌موو ڕێگایانه‌ی له‌به‌رده‌میدان بۆ به‌خۆداچوونه‌وه، هه‌مووی فهرامۆشكردوون، ته‌نیا په‌لاماردانی پارتی به تاكه چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كانی داده‌نێت. ئه‌وه‌ی ئێستا یه‌كێتی ده‌یكات، جارێكی دی ئه‌و قه‌ناعه‌ته تۆخ ده‌كاته‌وه، كه یه‌كێتی له خوڵقاندنی قه‌یران و ئاڵۆزی و شه‌ڕدا خۆی ده‌بینێته‌وه، پێی وایه به‌و ڕێگه‌یه ده‌گه‌شێته‌وه. هه‌رچی پارتییه، له ئاشته‌وایی و هێمنیدا خۆی ده‌بینێـته‌وه و گه‌شه ده‌كات.
به‌و حاڵه‌وه، یه‌كێتی باس له یه‌ك هه‌ڵوێستی ده‌كات، پارتی به هۆكاری نه‌بوونی یه‌ك هه‌ڵوێستی ده‌بینێت، به‌ڵام كێشه ئه‌وه‌یه، یه‌كێتی له‌به‌ر گرێی پارتی، وازی له هه‌موو شتێك هێناوه، دژایه‌تیكردنی پارتی به ئه‌وله‌ویه‌ت داده‌نێت، كه‌چی به ده‌مامكه‌وه ده‌ڵێ یه‌ك هه‌ڵوێستیمان ده‌وێت. لێ ئێستا مه‌سه‌له‌یه‌ك نییه، به ئاسانی بشاردرێته‌وه، بۆیه هه‌ر كاتێ چاره‌سه‌ری (گرێی پارتی)ی كرد، ئه‌وا له پارتی ئاسانتر بۆ یه‌ك هه‌ڵوێستی نابینێته‌وه.
سه‌رۆك كۆماری به‌هێز
یه‌كێتی بای بای له ڕێككه‌وتنی ستراتیجی كردبوو، له دوای خیانه‌تكارییه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش، به یه‌كجاری چوونه ناو میحوه‌ری ئێرانی ئاشكرا كرد، بۆیه ئیشی به یه‌ك هه‌ڵوێستی و ڕێككه‌وتنی سترتیجی نه‌ما، هێنده‌ی دی خۆی له پارتی نه‌ك هه‌ر بێمنه‌ت كرد، به‌ڵكو چاوه‌ڕێ بوو، حه‌شد و ئێران كلیله‌كانی هه‌ولێری ڕاده‌ست بكه‌ن.
كه‌چی كاتێ پارتی گوتی پۆستی سه‌رۆك كۆمار هی كورده و موڵكی هیچ لایه‌نێك نییه، به‌ڵكو ده‌بێ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ ئه‌و پۆسته ڕێكبكه‌ون. یه‌كێتی ته‌نگاو بوو، له‌و كاته‌وه چاوی خستۆته سه‌ر ڕێككه‌وتنی ستراتیجی و بۆی ده‌گریێ، هه‌ر ده‌ڵێ و ده‌یڵێته‌وه: به‌پێی ڕێككه‌وتنی ستراتیجی، سه‌رۆك كۆمار بۆ یه‌كێـتی و سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ پارتیه. له كاتێكدا گرنگترین خاڵی ڕێككه‌وتنی ستراتیجی، یه‌ك هه‌ڵوێستی و پێكه‌وه دابه‌زینی یه‌كێتی و پارتییه نه‌ك هه‌ر یه‌كه‌و به‌جیا، یه‌كێتی ته‌نیا خاڵی وه‌رگرتنی پۆست زه‌ق ده‌كاته‌وه، له كاتێدا هیچ ده‌قێك له‌و ڕێككه‌وتنه نییه، كه باس له‌وه بكات سه‌رۆك كۆمار بۆ یه‌كێتییه.
میدیای یه‌كێتی، بابه‌تی سه‌رۆك كۆمار به جۆرێك باس ده‌كات، كه ئه‌وان بۆیه داوای ده‌كه‌ن، چونكه پێویسته سه‌رۆك كۆمارێكی به‌هێز هه‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار زۆر به‌هێز بووبێت و پارتی ڕێگربێت له‌وه‌ی یه‌كێتی جارێكی دی سه‌رۆك كۆمارێكی به‌هێز كاندید بكاته‌وه.
یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌و پۆسته ته‌نیا بۆ خۆی بێت و له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی كه‌س ده‌ست نه‌كه‌وێت، میدیاكه‌ی ده‌ڵێ، سه‌رۆك كۆماری به‌هێز ئه‌وه‌یه، كه ئێران و لایه‌نه عێراقییه‌كان ئۆكه‌ی بۆ بكه‌ن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ، كه به‌لای یه‌كێتی ته‌نیا ئێران و لایه‌نه وه‌لائییه‌كان، هه‌قیان هه‌یه له كاندیده‌كه ڕازی بن، كه‌چی پۆسته‌كه هی كورده، به‌ڵام لایه‌نه‌كانی كورد بۆیان نییه قسه‌یان له‌باره‌یه‌وه هه‌بێت.
پێناسه‌ی سه‌رۆك كۆماری به‌هێز به‌لای یه‌كێتییه‌وه ئه‌وه‌یه، ته‌نیا خۆی و لایه‌نه وه‌لائیه‌كان و ئێران لێی ڕازی بن، بۆیه پێی وایه له ناو هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان، ئه‌و مه‌رجانه ته‌نیا له كاندیدی ئه‌واندا هه‌یه. ئه‌م بۆچوونه‌ی یه‌كێتی ڕاسته، بۆیه ئه‌و لایه‌نانه‌ی وه‌ك یه‌كێتی ده‌ڵێ ده‌بێ ڕازی بن، كاری زۆریان دژی كاندیدی پارتی كرد، چونكه ئه‌و مه‌رجانه‌ی ده‌یانه‌وێ له كاندیدی پارتیدا نه‌بوو.
سه‌رۆك كۆماری به‌هێز، ئه‌و سه‌رۆك كۆماره‌یه، كه ئه‌و مافه‌ی ده‌ستوور پێی داوه پیاده‌ی بكات، به پێی ده‌ستووریش سه‌رۆك كۆمار پارێزه‌ری ده‌ستووره، كه‌چی ئه‌و هه‌موو ماددانه‌ی ده‌ستوور پێشێل كران، سه‌رۆك كۆمار ده‌نگی لێوه نه‌هات. ڕاسته سه‌رۆك كۆمار ده‌بێته سه‌رۆكی هه‌موو پێكهاته‌كان، به‌ڵام ئه‌و غه‌دره‌ی له كورد كرا، پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور بوو، ده‌كرا سه‌رۆك كۆماره‌كان هاتبانه ده‌نگ. سه‌رۆك كۆمار كۆكه‌ره‌وه‌ی پێكهاته‌كانه، به‌ڵام سه‌رۆك كۆماری یه‌كێتی، بۆ ململانێ و ناكۆكی دژی پارتی به‌كارهێندرا.
ده‌كرێ بڵێین یه‌كێتی، كه شه‌ڕ بۆ سه‌رۆك كۆمار ده‌كات، هه‌م بۆ هه‌ریسه‌كه‌یه هه‌م بۆ له‌ده‌ستنه‌دانی ئه‌و ئامرازه‌یه، له ناكۆكی دژی پارتی به‌كاری دێنێت، بۆیه یه‌كێتی ڕاست ده‌كاته سه‌رۆك كۆماره‌كه‌یان به‌دڵی جه‌ماعه‌ته.