هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، راگەیاندراوێكی سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە بارەی كەیسی چەند كەسێك بڵاو كردەوە و رایگەیاند، بە پێویستی دەزانین رێز لە دام و دەزگاكانی دادوەری و سەروەریی یاسا بگیرێت، دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان و بەسیاسیكردنی بابەتەكانیش، سوود بە بارودۆخەكە ناگەیەنێت.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیاندراوەكەیە:
سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە بارەی كەیسی چەند كەسێك، بەداخەوە چەند لایەنێك كاردانەوەی دوور لە رەچاوكردنی سەروەری یاسا و رێساكانی دەسەڵاتی دادوەریان نیشان دا، بە پێویستی دەزانین رێز لە دام و دەزگاكانی دادوەری و سەروەریی یاسا بگیرێت، دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان و بەسیاسیكردنی بابەتەكان، سوود بە بارودۆخەكە ناگەیەنێ و، مەرج نییە ئەگەر رەئی و لایەنگیریی لایەنێك نەبووبێتە بڕیار، مانای راستنەبوونی بڕیارەكان بێت.
ئەوەی رووی داوە روونە، دوای لێكۆڵینەوەی یاسایی لەلایەن لایەنە یاسایی و پەیوەندیدارەكان بە پشتبەستن بەو بەڵگانەی بەردەستیان هەوڵی چەند كەسێكە بۆ تێكدانی سەقامگیری و، ئاسایشی هەرێمی كوردستان كراوەتە ئامانج. بۆیە باشترە لێگەڕێین دامەزراوە یاساییەكان كاری خۆیان بكەن و رێز لە رۆڵیان بگرین.
ئەگەر هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە بن، بابەتەكان بەسیاسی بكرێن و زیاتر وەكو بانگەشەی هەڵبژاردن و چەواشەكاری بخرێنە بەرچاوی هاووڵاتیان، ئێمەش لە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر بابەت هەیە باسیان بكەین.
هیوادارین ئاڕاستە و لۆژیكی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە پێشەوەی هەموو هەوڵێكی دیكەوە بن.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
٨ـی ٥ـی ٢٠٢١