هه‌ولێر-KDP.info- ئەمینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، وێرای ئه‌وه‌ی داوای له دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەكانه پەلە بكەن لە دۆزینەوەی بكەرانی تیرۆركردنی دكتۆر (وشیار ئیسماعیل). هاوكات له‌به‌رانبه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی (سه‌رۆك بارزانی)دا ده‌ڵێت، ''با بە وەڵامی كرداری پێشوازی گەرمی لێ بكەین و تیرۆری ئەم پیاوە مەزنە بكەینە هۆكار و پاساوی بریارێكی بێ مەرجی سەركردانە بۆ چارەسەری قەیرانەكە.''
ئەمینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بەبۆنەی كۆتایی مەراسیمی ماتەمین و پرسه‌ی شەهید دكتۆر (وشیار ئیسماعیل)، په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه و ڕایگه‌یاندووه، ''وێستگەكە و رووداوەكە دەخوازێ دەزگا ئەمنی و پەیوەندیدارەكان زۆر پەلە بكەن لە دۆزینەوەی بكەرانی ئەم تاوانە گڵاوە و، دڵی دۆستان شەهید خۆش بكەن و رێگە بە دڵە راوكێ و گومان نەدەن و پەردە لەسەر ئەم تاوانە هەڵماڵن.''
لە پەیامەكەی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌یدا (سەڵاحەدین محه‌ممه‌د بەهائەدین) ڕووی په‌یامه‌كه‌ی له هێزه ئسیلامییهكنه و رایگه‌یاندووه، ''با ئەم رووداوە بكەینە خاڵێكی وەرچەرخان بۆ پەلەكردن بۆ بەرەو پێشەوە بردنی پرۆژەی رێكخستنەوەی ناوماڵی ئیسلامخوازان كە شەهید یەكێك بوو لە پشتیوان و هەڵگرانی ئەم پرۆژەیەو بەمەش روحی بەوە شاد تر ئەبێت.''
ئەمینداری گشتیی یه‌كگرتوو هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ''ئەم یەكهەڵوێستیەی هەمووان ئەتوانێ ببێتە سەكۆی لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان و راماڵینی ئەوگرژی و ناكۆكیەی كە باڵی كێشاوە بەسەر دۆخە سیاسیەكەی هەرێم دا و دەرگای گفتوگۆی داخستووە و گشت دەزگا و دامەزراوە شەرعیەكانی هەرێمی پەكخستووە و هەموولایەكی دەستەوسان كردووە لە ئاستی چارەسەردا.''
ده‌شڵێت، ''مادام گشتمان دژ بەم تاوانە تیرۆریستییە وەستاوین، دەتوانین خوێنی بە ناهەقڕژاوی ئەو پیاوە زانا و ئەكادیمی و دڵسۆزە بكەینە هەوێنی ئاشتبوونەوەیەكی نیشتمانی گشتی هەروەك یەكهەڵوێستی لەبەرانبەر داعشەكانەوە دیمەنێكی جوان و شیاوە.''
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا (سەلاحەدین محه‌ممه‌د بەهائەدین) دۆخی سیاسیی هه‌رێم ده‌خاته به‌ر باسه‌وه و ده‌ڵێت، ''تەحەدیات و هەڕەشەكانی سەر ئەزموونە سیاسی و فەرمانڕەواییەكەمان و ناهەمواریی حاڵی قەیرانەكانی ناوخۆ ئەخوازێ لە هەلێك بگەڕێین بۆ یەكریزی و یەكهەڵوێستی.. ئەو دەستپێشخەرییەی لە ئارادایە با بە وەڵامی كرداری پێشوازی گەرمی لێ بكەین و تیرۆری ئەم پیاوە مەزنە بكەینە هۆكار و پاساوی بریارێكی بێ مەرجی سەركردانە بۆ چارەسەری قەیرانەكە.''
زیاتر له‌سه‌ر پرسه نێوخۆییه‌كان هه‌ڵوه‌سته‌ی كردووه و ده‌ڵێت ''بەرژەوەندیی گشتیی ئەزموون و گەل و نیشتیمانەكەمان دەخوازێ هەموو لایەكەمان لە هەندێ داوا و خواستەكانی خۆمان دابەزینە خوارەوە.. دەخوازم هەروەك ژیانی ئەم پیاوە میللەتپەروەر و چاكەخواز و خێرخوازە پر بوو لە خێر و چاكە، با كۆچی دوایی و شەهیدبوونی بكەینە خاڵێكی دەستپێك بۆ هەڵمەتێكی ئاشتەوایی و بیكەینە هەوێنی قۆناغێكی ستراتیژی و ئایندەیەكی گەشتر بۆ گەل و وڵات.''