Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 15 SEP 2026 09:09 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ڕێگەوبانی هەولێر کاتی کردنەوەی تۆنێلی میراوە و ئۆڤەرپاسکردنی ڕێگەی هامڵتۆن بۆ KDP.info دەخاتە ڕوو
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- سەرپەرشتیاری ڕێگەوبان لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی هەولێر ئاشکرای کرد، لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا تۆنێلی میراوە بەڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ئۆڤەرپاس لەسەر ڕێگەی خێرایی باسرمە دروست دەکرێن تاوەکو ئاستەنگ و ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم ببنەوە.

هەڵگورد وەلی، سەرپەرشتیاری ڕێگەوبانی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''یەکێک لەو پرسانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا بە شێوەیەکی ستراتیژی کاری لەسەر کردووە، کەرتی ڕێگەوبان بووە. بە شاهیدیی هەموو هاووڵاتییان، ڕێگەوبانەکانی کوردستان گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە، ئەوەش لە ئەنجامی جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی گرنگ، بەتایبەتی ڕێگە سەرەکییەکان کە ئێستا خزمەتێکی بەرچاو بە هاووڵاتییان دەگەیەنن و ئاسانکاریی زۆریان لە کەرتی هاتوچۆدا دروست کردووە. ڕاستە هێشتا ماومانە بگەینە ئەو ئاستەی کە دەمانوێت، بەڵام هەوڵی جدی هەن بۆ ئەوەی پڕۆژەی باشتر جێبەجێ بکرێن.

سەرپەرشتیاری ڕێگەوبانی هەولێر دەشڵێت، ''لە مانگی ١٠ی ئەمساڵدا تۆنێلی میراوە بەڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە. حکوومەت و کۆمپانیای جێبەجێکار بەردەوامن لەسەر ئەوەی هەتا دەکرێت بە زووترین کات تۆنێلەکە تەواو ببێت و بکرێتەوە، چونکە بە تەواوبوونی ئاسانکاریی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان دروست دەبێت، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ڕێگەیەکی زۆر قەرەباڵغە و شەقڵاوەش وەک ناوچەیەکی گەشتیاری بەردەوام خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکات.

هەڵگورد وەلی زیاتر گوتی، ''بەکردنەوەی تۆنێلی میراوە، هەم ئاسانکاری بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەکرێت کە بەرەو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سنووری ئاکرێ و حاجی ئۆمەران دەچن (یان بە پێچەوانەوە)، هەمیش ئەو جەنجاڵییەی پێشتر لە دووسایدی شەقڵاوە هەبوو کەم دەبێتەوە و ڕووداوەکانی هاتوچۆش کەمتر دەبنەوە.

دەربارەی پڕۆژەکانی دوای تۆنێلەکە، سەرپەرشتیاری ڕێگەوبانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ''دوای تەواوبوونی پڕۆژەی تۆنێلی میراوە، بڕیارە هەموو سووڕانەوەکانی دەشتی هەریر (کە زیاتر سنووری ناحیەی باسرمە دەگرێتەوە) ببنە ئۆڤەرپاس. لەبەر ئەوەی ڕێگەیەکی خێرایە و ژمارەیەک گوندی کەوتوونەتە سەر، زۆرجار بەهۆی ئەو سووڕانەوانەی لەسەر ڕێگەکە هەن ئاستەنگی هاتوچۆ و ڕووداو دروست دەبوون، ئەمەش پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ دەبێت بۆ باشترکردنی ڕێگەی نێودەوڵەتیی هامڵتۆن.

 

قائید میرۆ




دوایین هەواڵەکان

لیوا تاریق وردەکاریی پڕۆژەی چاکسازی و نوێکردنەوەی پۆلیسی خستەڕوو

MONDAY, 14 SEPTEMBER 2026 21:09:00

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەی چاکسازی و نوێکردنەوەی پۆلیسی ھەرێم لەسەر بنەمای ٢٠ خاڵی سەرەکی داڕێژراوە و ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی پۆلیسە لەسەر سیستەمێکی سەردەمیانە.

 
لقی ٢١ پانێڵێکی زانستی لەسەر ڕەھەندەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ساز کرد

MONDAY, 14 SEPTEMBER 2026 20:09:00

سلێمانی-KDP.info- لە درێژەی چالاکییەکانیدا، لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھۆڵی بۆنەکانی لق، لە ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، پانێڵێکی زانستی و فکریی بە ناونیشانی (شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، وەرچەرخانی ستراتیژیی سیاسی و نەتەوەیی کورد) بەڕێوە برد.

 
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ كاربه‌ڕێكه‌رى نوێى باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ده‌كات

MONDAY, 14 SEPTEMBER 2026 15:09:10

ھەولێر-KDP. info-  نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2026/9/14، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز باڵیۆز ستیڤن فه‌یگن، كاربه‌ڕێكه‌رى نوێى كاروباری باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، پیرۆزبایی‌ لێكرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركه‌ نوێیەکەیدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها ئامادەییی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانى و سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى، دووپات کردەوە.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق دەکات

MONDAY, 14 SEPTEMBER 2026 14:09:45

ھەولێر-KDP. info-  ڕۆژی دووشەممە 14ی ئەیلوولی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات

MONDAY, 14 SEPTEMBER 2026 13:09:02

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە، 9/14، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact