هەولێر-KDP.info- عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی واژۆکردنی 48 رێککەوتنامە و یاداشتیی لێکگەیشتن و هاریکاریی ئابووری لەنێوان ئەمریکا و عێراقدا کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتی واژۆکردنی 48 ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکگەیشتن و هاوکاری و هاوبەشی نێوان کەرتە جیاوازەکانی گشتی و تایبەت لە عێراق و ئەمریکای کردووە، کە ڕێگەیەکی ڕوون بۆ هاریکاری ئابووری و دارایی لە نێوان هەردوو وڵات دادەمەزرێنێت، هەروەها پەیوەندییەکە دەگوازێتەوە بۆ ئاستێکی پێشکەوتووی ئاڵوگۆڕکردن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوولا دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێککەوتنەکان و یاداشتەکانی لێکگەیشتن بریتی بوون لە، هاوکاری و هاوبەشی نێوان وەزارەتەکانی نەوت و کارەبا و کۆمپانیاکانیان و کەرتەکانی دیکەی حکوومەت و ئێکسۆن مۆبیل، کەی بی ئاڕ، جی ئێی ڤێرنۆڤا، شێڵ و هالیبێرتۆن، هەروەها ڕێککەوتنێک بۆ هاوکاری و ناساندنی خزمەتگوزاری لە نێوان ستارلینک و دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، ڕێککەوتنێکێکیش بۆ هاوکاری لەگەڵ هالیبێرتۆن".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان هەردوولا واژۆکراون، یاداشتێکی لێکگەیشتنی نێوان کیلایت تەکنەلۆجیا و کەرتی تایبەتی عێراقیشی لەخۆگرتبوو، هەروەها کۆمپانیای پێپسیکۆ و ژمارەیەک کۆمپانیای دیکە سەبارەت بە درێژکردنەوەی بۆری نەوتی بانیاس لەسەر دەریای ناوەڕاست ڕێککەوتن، ڕێککەوتنی هاوبەش لەبواری پەروەردە و ڕێککەوتنێکی دیکەش لە نێوان کەرتی تایبەت لەبواری دابینکردن و دروستکردنی دەرمان واژۆکراوە".
باسی لەوەشکردووە، ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ KBR , UOP Polaris کۆمەڵەی ئەندازیارانی وزە AEE و PPTA پێشەنگ لە تۆڕە ئەلیکترۆنییەکان واژۆکراوە، هەروەها دوو ڕێککەوتن لەگەڵ فریتۆ لای بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تایبەتمەند لە بوارەکانی کشتوکاڵی، بازرگانی و پیشەسازی.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەسەردانێکی فەرمی لەگەڵ شاندێکی باڵا گەیشتنە واشنتن، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی ڕایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی زەیدی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانە لەنێوان هەردوولا.