Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 12 JUL 2026 08:20 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

لە نێوان بنیاتنانی مزگەوت و دامەزراندنی قوتابخانە، تێڕوانینێک بۆ بنیاتنانی شارستانییەت
| KDP.info


د. عەبدوڵڵا مەلا وەیسی

لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی مزگەوتی گەورەی بارزانی، گفتوگۆ و بۆچوونە جیاوازەکان لە ناو کۆمەڵگەدا فراوان بوون. هەندێک پێیان وایە ئەو سامانی دارایییەی بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان کراوە، باشتر بوو بۆ دروستکردنی قوتابخانە، زانکۆ یان دامەزراوە پەروەردەیی و زانستی بەکاربهێنرایە. ئەم بۆچوونە، هەرچەندە گرنگیی پەروەردە و زانست پشتڕاست دەکات، بەڵام بابەتەکە لە چوارچێوەیەکی تەسک دەبینێت، گوێی هەڵبژاردن تەنیا لەنێوان ((مزگەوت) و (قوتابخانە)، یان (زانکۆ) و (نیشانەی شارستانی)دایە.

لە ڕاستیدا، ئەزموونی نەتەوە پێشکەوتووەکان شتێکی ترمان فێر دەکات. هیچ گەلێک پێگەی خۆی لە نێوان نەتەوەکاندا تەنیا بە ژمارەی قوتابخانە، زانکۆ یان نەخۆشخانەکان پێکنەهێناوە، بەڵکو لەگەڵ بنیاتنانی مرۆڤ و دامەزراندنی دەزگا زانستی و خزمەتگوزارییەکان، گرنگیی بە پاراستن و بەهێزکردنی ناسنامە، میرات و هێما شارستانییەکانی خۆشی داوە. لەبەر ئەوە، پێشکەوتنی ڕاستەقینە کاتێک دەستەبەر دەبێت کە بنیاتنانی مرۆڤ و بنیاتنانی شارستانییەت هاوشان بڕۆن.

مێژوو شایەتی دەدات کە گەلە گەورەکان تەنیا بە دروستکردنی دامەزراوەی پەروەردەیی و تەندروستی نەوەستان، بەڵکو هەمان کات، پڕۆژە و نیشانە شارستانی و مەزنەکانیشیان بنیات نان، ئەوانەی کە بە تێپەڕبوونی کات بوون بە هێمای ناسنامەی نەتەوەیی، نیشانەی شکۆی شارستانی و پەنجەرەی ناساندنی وڵاتەکانیان بۆ جیهان.

ئەگەر ئێستا باس لە فەرەنسا بکرێت، زۆرێک یەکسەر بورجی ئیفێلی بەبیر دێت، هیندستان بە تاج مەحەل، میسر بە هەڕەمەکان، چین بە دیواری گەورە، ئیتاڵیا بە کۆلۆسیۆم و ئوسترالیاش بە ئۆپەرای سیدنی ناسراون. ئەم شوێنانە تەنیا کۆمەڵێک بینای مەزن نین، بەڵکو بەشێکن لە بیرەوەری هاوبەشی گەلەکانیان و هێمای ناسنامە و شکۆی نەتەوەیی.

لەبەر ئەوە، ئەگەر هەر نەتەوەیەک هێمایەکی شارستانی هەبێت کە ناسنامە و مێژووی پیشان بدات، ئەوا گەلی کوردیش مافی ئەوەی هەیە خاوەنی نیشانەیەکی جیهانی بێت کە مێژوو، کولتوور و شارستانییەتی بناسێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، مزگەوتی گەورەی بارزانی نابێت تەنیا وەک شوێنێکی پەرستیش سەیر بکرێت، بەڵکو دەتوانرێت وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژیی شارستانی، کولتووری و گەشەپێدان لێی بڕوانرێت.

زۆرێک لە نیشانە ناودارەکانی جیهان لە سەردەمێکدا بنیات نران کە ئەو وڵاتانە هێشتا هەموو پێویستییەکانیان دابین نەکردبوو. ئەوە بەو مانایە نییە کە پەروەردە و زانست گرنگ نەبوون، بەڵکو ئەو وڵاتانە تێگەیشتبوون کە پێشکەوتنی نەتەوە بە هاوسەنگی نێوان بنیاتنانی مرۆڤ و پاراستنی ناسنامەی شارستانی دەستەبەر دەبێت.

هەروەها، ئەزموونی جیهانی نیشان دەدات کە نیشانە شارستانییە گەورەکان ساڵانە ملیۆنان گەشتیار ڕادەکێشن، و لە ڕێگەی گەشتیاری، هوتێل، بازرگانی، گواستنەوە و وەبەرهێنانەوە، دەبن بە سەرچاوەیەکی گرنگی گەشەی ئابووری. بەم پێیە، ئەم جۆرە پڕۆژانە تەنیا خەرجی نین، ئەگەر بە باشی پلاندانرابن و بەڕێوەببرێن، دەتوانن لە داهاتوودا ببن بە سەرچاوەی بەردەوامی داهات.

ئەگەر مزگەوتی گەورەی بارزانی بە دیدێکی درێژخایەن و پلاندانانێکی زانستی جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت لە سنووری ئەرکی ئایینی تێپەڕێت و ببێتە ناوەندێکی گشتگیر کە ئەرکی ئایینی، کولتووری، زانستی و گەشتیاری لە یەک شوێندا کۆ بکاتەوە. دامەزراندنی کتێبخانە، مۆزەخانە، ناوەندی کولتووری، هۆڵی کۆنگرە و ناوەندی توێژینەوە لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، دەتوانێت پێگەی بەهێزتر بکات و لە داهاتوودا هەلی تۆمارکردنی وەک شوێنێکی میراتی جیهانی زیاتر بکات، ئەگەر پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بە تەواوی ڕەچاو بکرێن.

لە گرنگترین ئاسەوارە چاوەڕوانکراوەکانی ئەم پڕۆژەیە دەتوانرێت ئاماژە بە بەهێزکردنی ناسنامەی نەتەوەیی، بووژاندنەوەی گەشتیاری ئایینی و کولتووری، ناساندنی مێژوو و میراتی گەلی کورد، هاندانی وەبەرهێنان، دروستکردنی دەرفەتی کار، میوانداری کۆنگرە و چالاکییە زانستی و کولتوورییەکان، و جێهێشتنی میراتێکی بەهێز بۆ نەوەکانی داهاتوو بکرێت.

لە کۆتاییدا، پێشکەوتنی نەتەوەکان تەنیا بە ژمارەی قوتابخانە و زانکۆ پێوانە ناکرێت، بەڵکو بە توانایان لە پاراستن و بەهێزکردنی ناسنامە، میرات و هێما شارستانییەکانیش هەڵدەسەنگێنرێت. بۆیە، ئەگەر مزگەوتی گەورەی بارزانی بە دیدێکی ستراتیژی و بەڕێوەبردنێکی دروست جێبەجێ بکرێت، دەتوانێت لەگەڵ پەیامی ئایینی خۆی، ببێتە هێمایەکی شارستانی، کولتووری و گەشتیاری بۆ کوردستان، و وەک میراتێکی بەهێز و بەردەوام بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێ بمێنێتەوە.




دوایین هەواڵەکان

ئەركان بیبانی بۆ KDP.info: ژمارەیەكی زۆری بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیركراون

SATURDAY, 11 JULY 2026 16:07:43

​هەولێر - KDP.info - گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، دوای داڕشتنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، ژمارەیەكی زۆری بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیركراون.

 
وه‌زیری په‌روه‌رده‌ بۆ KDP.info: پلانەکە سەرکەوتوو بوو

SATURDAY, 11 JULY 2026 14:07:24

​هه‌ولێر-KDP.info- وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، ئه‌نجامی رێژه‌ی سه‌ركه‌وتن له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی ١٢ی ئاماده‌یی له‌ ئێستادا دیار نابێت و دوای تاقیكردنه‌وه‌كانی خولی دووه‌م له‌ مانگی داهاتوودا دیار ده‌بێت، به‌ڵام پرۆسه‌كه‌ به‌پێی ئه‌و پلانه‌ی بۆی دانرابوو، سه‌ركه‌وتوو بوو.

 

هەڵەبجەییەکان بۆ KDP.info: کابینەی نۆیەم پایتەختی ئاشتیی بووژاندەوە

SATURDAY, 11 JULY 2026 14:07:31

هەڵەبجە-KDP.info- پارێزگای هەڵەبجە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک ئەولەویەتێکی ستراتیژی و خەمێکی نیشتمانیی ڕێزدار مەسروور بارزانی ڕەنگی داوەتەوە. هاووڵاتییان و یاساییەکانی شارەکە لە ڕاپۆرتێکی تایبەتی KDP.infoـدا، تیشک دەخەنە سەر گرنگترین دەستکەوتەکانی ناوچەکەیان لە کەرتەکانی ژێرخان، ئاسایشی خۆراک و دابینکردنی هەلی کار، ئەوان دووپاتی دەکەنەوە کە جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەورەی وەک سایلۆ، پردی تووەقووت و کارەبای ٢٤ کاتژمێری، سیمایەکی نوێی پێشکەوتنی بەخشیوەتە شارەکەیان.

 
لە ساڵیادی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمدا

SATURDAY, 11 JULY 2026 12:07:20

عارف ڕوشدی

 
مەکتەبی سیاسیی پارتی پرسەنامەیەک ئاراستەی ماڵباتی خوالێخۆشبوو مزەفەر فاخیر هەرکی دەکات

SATURDAY, 11 JULY 2026 12:07:44

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی کۆچی دوایی هەڤاڵ مزەفەر فاخیر هەرکی، پرسەنامەیەکی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری کۆچکردوو کرد و هاوسۆزی و هاوبەشیی خۆی بۆ خەمی گەورەی بنەماڵەکەیان دەربڕی.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact