Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 16 AUG 2026 15:52 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر بڕیاری توند بۆ ڕێکخستنەوەی پایتەخت دەردەکەن
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی جوانترکردنی سیمای شار، ڕێکخستنەوەی شەقام و بازاڕە میللییەکان و پاراستنی ژینگەی پایتەخت، ئەمڕۆ دووشەممە، ١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان و تایبەتیان کرد.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە جێگری پارێزگار، قائیمقامەکانی قەزای ناوەند و عەنکاوە، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی پۆلیس، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی، نەخشەدانان، ئەندازەی پارک و باخچەکان و خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی ئامادەی بوون، چەندین بڕیاری گرنگ دران.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی جەختی لەسەر سێ خاڵی سەرەکی و بەپەلە کردەوە بۆ پاکوخاوێنی و ڕێکخستنەوەی هەولێر لەوانە، ڕێگریکردن لە دیاردەی ناشارستانیی ڕاوەستانی عارەبانە و ئۆتۆمبێلەکان بە شێوەی هەرەمەکی لەسەر شەقامە گشتییەکان، کە بووەتە هۆی جەنجاڵی و پێشێلکردنی مافی هاتووچۆی هاووڵاتیان، سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی ڕاسپێردران کە پێویستە بەپەلە پلان و نەخشەی نوێ بۆ پاک ڕاگرتنی شار دابڕێژن و هەنگاوی کرداری بنێن و پێویستە بە زووترین کات ناونیشانی نامۆ و زمانی بیانیی دوکان، چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکان بکرێنە زمانی کوردی، ئەم بڕیارەش سەرجەم مێنۆی خواردن و پسوولەکانی حیساباتی چێشتخانەکانیش دەگرێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر هاوڕای خۆی لەگەڵ بڕیارەکان دەربڕی و ڕایگەیاند کە پێشتر کاری باش لەسەر ئەم سێکتەرانە کراوە، بەڵام پێویستە لەمەودوا کارەکان بە شێوازی دەستەجەمعی و بەردەوام بن و تووشی خامۆشی نەبنەوە.

پارێزگاری هەولێر گوتیشی، "هەولێر وەک پایتەختی هەرێمی کوردستان و ناوەندێکی گرنگی ئابووری، گەشتیاری و کولتووری، پێویستی بەوەیە بەردەوام بە پاکی و ڕێکوپێکی بمێنێتەوە. پاراستنی سیمای شارستانیی هەولێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان، جوانی شار و پاراستنی ژینگە هەیە. بۆیە دەبێت فرۆشیاران ڕێکبخرێنەوە و قەیرانی هاتووچۆ کەم بکرێتەوە."

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر هەماهەنگیی توندی نێوان هێزەکانی ناوخۆ (پۆلیس و هاتووچۆ) و دەزگا خزمەتگوزارییەکان کرایەوە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە بە شێوازێکی سیستەماتیک، بەشداربووانیش سەرنج و پێشنیازەکانی خۆیان لەو چوارچێوەیەدا خستە ڕوو.




دوایین هەواڵەکان

پەیامی پیرۆزبایی عەلی زەیدی بۆ ساڵیادی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

SUNDAY, 16 AUGUST 2026 15:08:38

بەغدا-KDP. info-  بەبۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، کادر و جەماوەری پارتی دەکات. سەرۆکوەزیران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و جەختی لەسەر گرنگیی کارکردنی هاوبەش بۆ پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی عێراق کردەوە.

 
پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، عەلی حوسێن ئاماژە بە نزیکبوونەوەی باش دەکات

SUNDAY, 16 AUGUST 2026 14:08:11

سلێمانی-KDP.info-  عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین گوتی، لە ڕۆژانی داهاتوودا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی گرنگ دەکرێت.

 
لە سلێمانی بە شکۆوە یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی بەڕێوەچوو

SUNDAY, 16 AUGUST 2026 14:08:46

سلێمانی-KDP.info- ڕۆژی ١٦ی ئاب، لە هۆڵی بۆنەکانی لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، شێخ ستار عەواڵانی بەرپرسی لقی ٢١، هەڤاڵانی لق و ناوچەکان و جەماوەرێکی بەرچاو، یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی بە شکۆوە بەڕێوەچوو.

 
16ی ئاب،(80)ـەیەمین دەیەی پارتیمان، هۆشیاری، ئیرادە، کار، دەستکەوت و قوربانیدان

SUNDAY, 16 AUGUST 2026 13:08:59

فازڵ میرانی

 
پارتی.. هەشتا ساڵ ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و بنیاتنانی قەوارەی دەستووری

SUNDAY, 16 AUGUST 2026 13:08:08

عه‌بدولسه‌لام به‌رواری

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact