Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 15 JUN 2026 17:07 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

٥٠ ساڵەی شۆڕشی گوڵان حەماسەتی ھەستانەوە و نەبەزین
| KDP.info


زاگرۆس فەتاح

​پەنجا ساڵ بەسەر ھەڵگیرساندنی شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵاندا تێپەڕ دەبێت، ئەو شۆڕشە مەزنەی کە تەنھا ڕووداوێکی مێژوویی نەبوو، بەڵکو ستراتیژیترین وەرچەرخانی سیاسی و سەربازی بوو بۆ سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان. گوڵان سەلماندی کە ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ ئازادی، بە پیلانگێڕی و ھاوکێشە چەوتە نێودەوڵەتییەکان دانەمرکێتەوە.

​شۆڕشی گوڵان لە بارودۆخێکی یەکجار سەخت، تاریک و ناھەمواردا لەدایکبوو. لەو سەردەمەی کە نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان پێیان وابوو بە ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ و بەکارھێنانی چەکی خیانەت، دۆزی ڕەوای کوردیان بۆ ھەمیشە کۆتایی پێھێناوە و ئاگری شۆڕشی ئەیلوولی مەزنیان خامۆش کردووە. لەناو ئەو بێئومێدییە گشتییەدا، بازنەیەکی تێکۆشەر لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ڕێنمایی باوکی ڕۆحیی نەتەوەمان، بارزانیی نەمر، و بە ڕێبەرایەتیی مەیدانیی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئەندازیاری تەبایی و ئاشتی، کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد، تەحەدایەکی گەورەی مێژووییان کرد. ئەوان نەک ھەر تەسلیمی واقیعە تاڵەکە نەبوون، بەڵکو شۆڕشگێڕانیان لەناو خۆڵەمێشی نسکۆدا ڕێکخستەوە و مەشخەڵی بازدانی مێژووییان داگیرساندەوە.

​ئەم شۆڕشە، درێژەپێدەری ڕاستەقینەی فەلسەفە، دروشم و پڕەنسیپەکانی خەباتی بارزانیی نەمر و پارتی دیموکراتی کوردستان بوو. گوڵان ھەڵگری ھەمان پەیامی بەرگری، خۆڕاگری و نیشتمانپەروەریی شۆڕشی ئەیلوول بوو، بەڵام بە دیدگایەکی نوێ، واقیعبینانە و بەلەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیھان لەو قۆناغە نوێیەدا. پارتی لە ڕێگەی شۆڕشی گوڵانەوە نیشانی دا کە ھێزێکی داینامیکی و زیندووە، لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا توانای خۆڕێکخستنەوە و نوێبوونەوەی ھەیە.

​ستراتیژیی پارتی و شۆڕشگێڕان ھەمیشە لەسەر بنەمای خەباتی سیاسی، مەدەنی و ئاشتیخوازانە داڕژاوە، دوور لە شەڕ و ماڵوێرانی، بەڵام ملھوڕیی ڕژێمی فاشیستی بەعس و غرووری سەرکەوتنی کاتیی لە پیلانی جەزائیردا، وایکردبوو کە ھیچ بڕوایەکی بە دیالۆگ و خەباتی مەدەنی نەبێت. لەو سۆنگەیەوە، پێشمەرگە قارەمانەکان ناچارانە دەستیان دایەوە چەک بۆ پاراستنی کەرامەتی نەتەوەیی. خەباتی چەکداریی دوورمەودای شۆڕشی گوڵان، ھاوسەنگیی ھێزی گۆڕی، فشاری خستەوە سەر بەعس و بە دونیای سەلماند کە ئیرادەی گەلی کورد بێ کۆتاییە. دواجار مێژوو حوکمی خۆی دا و ڕژێمی داگیرکەری بەعس بەو ھەموو ھێز و توانایەوە ڕووخا و چووە زبڵدانی مێژووەوە، بەڵام دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بە بەرزی مایەوە.

​ئەو دەستکەوتە سیاسی و یاساییانەی ئەمڕۆ لایەنە جیاوازەکانی گەلی کوردستان لە سایەیدا دەژین، بەرھەمی ڕاستەقینەی قوربانیدانی شۆڕشی گوڵان و خەباتی بێپسانەوەی پێشمەرگەیە. شۆڕشی گوڵان باجێکی قورسی لە خوێنی پاکی ھەزاران شەھید، ئەنفال، کیمیاباران و وێرانبوونی پێشکەش کرد. کەڵەکەبوونی ئەم خەباتە ڕەوایە بوو کە لە ڕاپەڕینی مەزنی ساڵی ١٩٩١دا گەیشتە ئامانج و بووە ھۆی ڕزگارکردنی خاکی باشووری کوردستان. دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەکی دەستووری، شەرعیترین بەرھەمی خوێنی شەھیدان و ماندووبوونی کادیر و پێشمەرگەکانی شۆڕشی گوڵانە.

​پەیامی ئەمڕۆ، ئەرکی نیشتمانی و ئەخلاقیمان ​لەم قۆناغەدا، ئەرکی نەتەوەیی، نیشتمانی و ئەخلاقیی ھەمووانە، چ لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان و چ لەسەر ئاستی گشتی کە درێژەپێدەری ڕێبازی ئەو تێکۆشەرانە بین. ئەمڕۆ میکانیزمی خەبات گۆڕاوە و خەباتی ئێستا بریتییە لە

​پێشخستن و بەھێزکردنی دامەزراوە فەرمییەکانی ھەرێم و ​ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانی ژێرخانی ئابووری و نیشتمانی و​خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و بەرزکردنەوەی ئاستی گوزەرانی خەڵک.

​ئەمەش دەقیقەن ئەو کارنامە ستراتیژییەیە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، وێڕای ھەموو ئاستەنگ، قەیران و تەحەدییە گەورەکان، کاری بۆ دەکات و وەک بنەمایەکی نەگۆڕ پەیڕەوی دەکات.

​لە کاتێکدا سەری ڕێز و وەفا بۆ باوکی ڕۆحیی نەتەوەمان، بارزانیی نەمر، ڕێبەری خۆڕاگریمان سەرۆک مەسعود بارزانی، و سەرکردەی جوانەمەرگ کاک ئیدریس و تەواوی تێکۆشەرانی ئەو سەردەمە دادەنەوێنین، دووبارە جەخت دەکەینەوە کە ڕێبازی پارتی، ڕێبازی مانەوە و سەرکەوتنی کوردستانە.

 

​پیرۆز بێت پەنجا ساڵەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز.

نەمری و سەربەرزی بۆ شەھیدانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای ئازادیی و ڕزگاری کوردستان.




دوایین هەواڵەکان

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات

MONDAY, 15 JUNE 2026 16:06:16

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژی دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز عیرفان سدیق باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.

 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

MONDAY, 15 JUNE 2026 15:06:38

ھەولێر-KDP. info-  پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/6/15، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

 
ھەڵگور شێخ نەجیب بۆ KDP.info: نەخشەیەکی زۆر باش بۆ دابەشکردنی زەوی لە سۆران دانراوە

MONDAY, 15 JUNE 2026 13:06:00

سۆران-KDP.info- سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی، ئامادەکاری زۆر باش کراوە بۆ دابەشکردنی زەوی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ئەمڕۆ بەشێک لە زەویەکان دابەشکرا و پرۆسەکەش بەردەوام دەبیت تاوەکو ھەموو ئەوانەی ڕەزامەندیان ھەیە زەوی وەربگرن.

 
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە پاتریارک مار پۆڵسى سێیه‌م نۆنا دەکات

MONDAY, 15 JUNE 2026 13:06:00

هەولێر-KDP.info- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٦/٦/١٥، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەردانی کاتێدراڵی مار یووسفی کلدانی لە عەینکاوە کرد و لەلایەن جەنابی پاتریارک مار پۆڵسی سێیەم نۆنا، سەرۆکی کەنیسەی کلدانی‌ لە عێراق و جیھان و ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی مەسیحییەوە پێشوازیی لێکرا.

 
سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد

MONDAY, 15 JUNE 2026 13:06:00

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد و دۆخی گشتی عێراق و دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران. ھەروەھا جەخت لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact