Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 16 AUG 2026 16:34 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەفین دزەیی: هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بووە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ هاوکاریکردنی ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت لە دەرەوە بگەڕێنەوە هەرێم، ژوورێکی هاوبەش و دوو هێڵی گەرمیان دابین کردووە، جەختیش دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی بووە و رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.

سەفین دزەیی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان راگەیاند، بەداخەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری شەڕ و پێکدادان بووەتەوە و هەمیشە خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی یەکەم، هیوادارین ئەم بارودۆخە زوو کۆتایی بێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەفین دزەیی گوتی، وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵمان داوە بە هانا و دەنگی هاووڵاتییانمانەوە بچین. بەر لە دوو ڕۆژ کۆبوونەوەیەکی فراوانمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئەنجامدا و ژوورێکی هاوبەشمان لە JCC پێکهێناوە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکان گوتیشی، "رێکارێکمان داناوە بۆ کردنەوەی دوو هێڵی گەرم، تاوەکو هاووڵاتییانمان لە وڵاتانی کەنداو، ئەوروپا و هەر شوێنێکی دیکە بن، بتوانن پەیوەندی بکەن و زانیارییان لێ وەربگیرێت، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و زووترین کات بیانگەڕێنینەوە هەرێمی کوردستان."

سەفین دزەیی سوپاسی کونسوڵخانەی تورکیای کرد بۆ هەماهەنگییان لە پێدانی ڤیزەی 5 ڕۆژی بەو کەسانەی دەیانەوێت لە ڕێگەی وشکانییەوە بگەڕێنەوە هەرێم. سەبارەت بەو هاووڵاتییانەشی لە ئێرانن بۆ چارەسەری یان خوێندن، ڕاگەیاند کە دەتوانن لە ڕێگەی دەروازەکانەوە بگەڕێنەوە، بەڵام لە ئێستادا ڕێگە نادرێت کەس لە هەرێمەوە بچێتە ناو ئێران.

سەبارەت بە هێرشەکان، ڕوونی کردەوە کە کونسوڵخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کراونەتە ئامانج، کە بەشێکیان درۆن بوون و لە ناوخۆی عێراقەوە لە لایەن هەندێک "میلیشیای لەیاسا دەرچوو" ئاراستە کراون، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندی بە بەغداوە کراوە تاوەکو کۆنتڕۆڵی ئەو میلیشیایانە بکەن.

دەربارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، سەفین دزەیی گوتی، "ئەمریکا لە ساڵی 1991ـەوە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بووە و ناوچەی دژەفڕینیان بۆ دابین کردووین، هەروەها لە شەڕی داعش لە ساڵی 2014 پاڵپشتمان بوون، بۆیە ئەم پەیوەندییە وەک هاوپەیمان شتێکی نوێ نییە."

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە سیاسەتی حکوومەتی هەرێم ئەوەیە هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بێت و گوتی، "رێگە نادەین خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان، چونکە عێراق خۆی کێشەی زۆرە و نابێت رابکێشرێتە ناو شەڕێک کە شەڕی ئەو نییە."




دوایین هەواڵەکان

پەیامی پیرۆزبایی ئەیاد عەلاوی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان

SUNDAY, 16 AUGUST 2026 16:08:33

بەغدا-KDP. info-  ئەیاد عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق و سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی نیشتمانیی عێراقی، بەبۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی پارتی کرد. عەلاوی لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر مێژووی خەبات و قوربانیدانی پارتی و رۆڵی ئەو حزبەی لە چەسپاندنی دیموکراسی و هاوبەشیی نیشتمانی لە عێراقدا بەرز نرخاند.

 
سوودانی پیرۆزبایی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

SUNDAY, 16 AUGUST 2026 16:08:18

بەغدا-KDP. info-  محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، بەبۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، کادر و جەماوەری پارتی کرد.

 
پەیامی پیرۆزبایی عەلی زەیدی بۆ ساڵیادی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

SUNDAY, 16 AUGUST 2026 15:08:38

بەغدا-KDP. info-  بەبۆنەی 80ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرکردایەتی، کادر و جەماوەری پارتی دەکات. سەرۆکوەزیران لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە مێژووی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و جەختی لەسەر گرنگیی کارکردنی هاوبەش بۆ پاراستنی سەروەری و سەقامگیریی عێراق کردەوە.

 
پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، عەلی حوسێن ئاماژە بە نزیکبوونەوەی باش دەکات

SUNDAY, 16 AUGUST 2026 14:08:11

سلێمانی-KDP.info-  عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین گوتی، لە ڕۆژانی داهاتوودا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی گرنگ دەکرێت.

 
لە سلێمانی بە شکۆوە یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی بەڕێوەچوو

SUNDAY, 16 AUGUST 2026 14:08:46

سلێمانی-KDP.info- ڕۆژی ١٦ی ئاب، لە هۆڵی بۆنەکانی لقی ٢١ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، شێخ ستار عەواڵانی بەرپرسی لقی ٢١، هەڤاڵانی لق و ناوچەکان و جەماوەرێکی بەرچاو، یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی و لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی بە شکۆوە بەڕێوەچوو.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact