Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 15 MAR 2026 11:25 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ڕۆژ نوری شاوەیس تێکۆشەر و سیاسەتمەدار
| KDP.info


فازڵ میرانی

سێ وێستگە حوكم بەسەر یادەوەریماندا دەكەن، یادەوەرییەکی مرۆیی کە وێنەی هەڵسوکەوتەکانمان لە یەکەم دیدارەوە تا کاتی کۆچکردنی بۆ دەهێنێتەوە یاد، یادەوەریی خەبات بە هەموو وردەکارییەکانی خۆڕاگری و سەختیی ڕێگا، یادەوەریی بنیادنان بە هەموو ماناكانی بنیادنانەوە. 

ئەم یادەوەرییانە خاڵە هاوبەشەكانی نێوان تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانن، (ڕۆژ نووری شاوەیس)ـیش پێگەیەکی فراوانی لە هەموو یادەوەرییەکانماندا هەیە.

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، (شاوەیس) دوای گەشتێکی چەندین دەیەی زەمەن، کە سەختترین ساڵانی خەباتی گەلەکەمان بوون و تێیدا دڕندانەترین شەڕەکانی بەرپەرچدانەوە ڕوویاندا و هەموومان لە یەک سەنگەردا بووین، سەنگەرێک کە هێشتا شوێنپێی (شاوەیس) و شوێنەواری هزر و کردار و تێکۆشانی ئەوی پاراستووە، دوایین هەناسەكانی بەخشی و كۆچی دوایی كرد.

بیرکردنەوە، هەوڵدان، دڵسۆزیی، باوەڕبوون بە دۆزەكە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و بە سەرکەوتوویی و جێبەجێکردنی، هەموو ئەمانە لە کەسایەتیی خوالێخۆشبوو (ڕۆژ)ـدا ڕەنگیان دابووەوە.

لە سەردەمی گەنجیماندا، لە قوتابخانەی (بارزانی)ـدا خەباتمان پێکەوە بەش کرد و لەسەر هەمان ڕێباز شەو و ڕۆژمان دەخستە سەر یەک، هەروەک چۆن نان و فیشەکی بەرگری و ڕووناكیی فانوسی بارەگا و پرس و باسەكانمان پێکەوە بەش دەکرد.

لە چیاکانی کوردستانەوە بۆ هەندەران، تا دەگاتە بەرە فراوانەكانی شەڕ، کە پێویستییان بە پیاوی ئازا و خاوەن هیممەت بوو، (شاوەیس) بە قسەو بە كردەوەش قارەمانێتیی دەنواند و دەبوو حیسابی بۆ بكرێت.

هاوڕێیەکی دڵسۆز و هەڵگری میراتی بنەماڵەکەی بوو، کە پێش خۆی کەوتبوون، ئەویش شوێنپێی ئەوانی هەڵگرت لە گرتنەبەری ڕێگاکانی هەڵستانەوە و ڕاپەڕینی نەتەوەکەی. بەمەش شوێنەوار و مێژوویەکی پڕ لە ڕۆشنبیری و سیاسەت و ڕەسەنایەتیی لە خەباتدا کۆکردەوە، خاوەن کەسایەتییەکی ئارام و ئامادەبوونێکی کاریگەر و بەڵگەی یەکلاکەرەوە بوو.

هەروەک چۆن لە ژێر دووکەڵی شەڕەکاندا بوو، ئاوەهاش دانوستانکارێکی زمانپاراو و نوێنەرێکی ئەمین و متمانەپێكراو بوو، کە نوێنەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکرد. هەمیشە لە ئاستی ئەو متمانە و هەڵبژاردنەدا بوو و نموونەیەکی دووبارەنەبووەوە بوو. وتەبێژێک بوو، کە کەس لە قسەکردندا پێشی نەدەکەوت و بڕیارەکانیشی مایەی سەرکەوتن بوون.

ڕۆژ نوری شاوەیس، نموونەی تێکۆشەرانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوە بوو، ئەو ئاوەدانکردنەوەیەی ژیان و ئارامیی بۆ گەلی کوردستان و پێکهاتەکانی گەڕاندەوە. پیاوێکی قووڵ لە بیرکردنەوە و دەستپێشخەر لە کردار بوو، دڵسۆز بوو بۆ حزبەكەی، پێش هەموو ئەمانە و دوای هەمووشیان، مرۆڤێک بوو خاوەن دڵێکی پاک، کە تۆز و غوباری شەڕ ڵێڵی نەکرد بوو و گرمە و نركەی چەکیش ڕۆحیەتی نەترساند بوو.

لەسەرەتای گەنجیمانەوە یەکترمان ناسی، لەنێوماندا بوو وەک ئەوەی هەر ئەمڕۆ بێت، کاتێک بە وێنەکانی ڕابردوودا دەچینەوە، دەبینین چۆن ساڵانێک بەسەر نەوەی ئێمەدا تێپەڕین و لە هیچ شوێن و ئەرکێکدا درێغیمان نەکرد لەپێناو بەردەوامیی خەباتدا.

ڕۆژ نوری شاوەیس، تێکۆشەرێکە ژیاننامەکەی لە یاد ناچێتەوە، پیاوی دەوڵەتداریی بوو، خاوەنی هزری دامەزراندن و بنیادنان بوو، کە شایستەی ئەوەیە سوودی لێ وەربگیرێت، پەرلەمانتارێکی کارامە و جەمسەرێكی کاریگەر بوو لە دانوستاندا.

گەلەکەمان و حزبەكەمان و هەموو تێکۆشەرێکی کوردستان و عێراق، یادی دەکەنەوە و ڕۆژێکیش دێت کەسانی دیکەش یادی بکەنەوە کە تێکۆشەرێکی کورد و کوردستانی بە ناوی (ڕۆژ نوری شاوەیس)، بە دڵسۆزییەوە کاری کردووە بۆ عێراقێکی باشتر و کوردستانێکی گەشاوەتر، و دوای ئەوەی هەموو توانایەکی خۆی لەپێناو نەتەوەکەیدا بەگەڕ خست، بەرەو ڕەحمەتی خودا کۆچی دوایی کرد.

خوای گەورە لێت خۆش بێت، (ڕۆژ)ـی برا و هاوڕێم.

ڕەحمەتی خوا لە هەموو دڵسۆزێکی دۆزەکەی بێت.

ڕەحمەتی خوا لە مستەفا بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندووی ناو دڵان بێت.

 

و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن 

 




دوایین هەواڵەکان

کابینەی نۆیەم بە کردار سەلماندی كە خزمەتکردنی مرۆڤ و ژیانی شایستە ئەولەویەتی کاری حکوومەتە

SUNDAY, 15 MARCH 2026 11:03:59

ھەولێر-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بایەخدان بە چین و توێژە جیاوازەکان، کەرتی چاودێری کۆمەڵایەتی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆوە دەبینێت. یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وردەکاری ئەو دەستکەوتانە دەخاتە ڕوو.

 
مەکتەبی سیاسیی پارتی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی (حەمەد عوسمان حەمەدەمین) دەکات

SUNDAY, 15 MARCH 2026 10:03:09

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو (حەمەد عوسمان حەمەدەمین) پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو دەکات.

 
شارەزوور و ھەورامان، بە نەمامچاندن یادی ١٢٣ ساڵەی بارزانی نەمر دەکەنەوە

SATURDAY, 14 MARCH 2026 23:03:00

​شارەزوور-KDP.info-​ بە بۆنەی ١٢٣یەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڕابەری نەتەوەیی کورد، مستەفا بارزانی نەمر، لە سنووری قەزاکانی خورماڵ و سەیدسادق ھەڵمەتێکی بەرفراوانی نەمامچاندن ئەنجام درا.

 

لقی ٦ی ئەورووپای پارتی یادی بارزانیی نەمری بەرز ڕاگرت

SATURDAY, 14 MARCH 2026 22:03:00

ئەورووپا-KDP.info-​ لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، لە مەڕاسیمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی ڕەوەندی کوردی، یادی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕابەری نەتەوەیی، بارزانیی نەمری کردەوە و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی مێژوویی ئەو کارێزمایە لە یەکخستنی گەلی کورد و خەبات لە پێناو مافە ڕەواکاندا.

 

سەرۆکی حکوومەت و نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

SATURDAY, 14 MARCH 2026 21:03:00

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و تۆم باڕاک، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و بە توندی ھێرشەکانی سەر ھەرێمی کوردستان و باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان لە بەغدا شەرمەزار کرد.



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact