ئیتاڵیا-KDP.info- نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، وردەکاریی سەردانەکەی سەرۆک مەسعوود بارزانی بۆ ڤاتیکان و ئیتاڵیا ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت؛ پاپای ڤاتیکان ستایشی پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستانی کردووە و بەرپرسانی باڵای ئیتاڵیاش پشتیوانیی خۆیان بۆ هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی لەپێناو پاراستنی کوردانی ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی شەڕ دووپات کردووەتەوە.
ڕێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان و ڕۆما دەرەنجامی ئەرێنیی لێکەوتووەتەوە. بەپێی زانیارییەکان، پاپای ڤاتیکان لە میانەی پێشوازییە تایبەتەکەیدا لە سەرۆک بارزانی، دەستخۆشی و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی جەنابیان لە دابینکردنی سەقامگیری و پاراستنی کولتووری پێکەوەژیان دەربڕیوە."
نوێنەری حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا کە ڤاتیکان بە چاوی ڕێزەوە دەڕوانێتە شارۆچکەی عەنکاوە و بە "ڤاتیکانی کوردستان" ناوزەدی کردووە. هاوکات پاپا داوای کردووە ئەو مۆدێلە سەرکەوتووەی پێکەوەژیان کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، لە سەرتاسەری عێراقدا پەیڕەو بکرێت، تاوەکو مەسیحییەکان هەست بە پارێزراوی بکەن و ناچار بە جێهێشتنی زێدی خۆیان نەبن.
لە بەشێکی تری دیدارەکاندا لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ئیتاڵیا، لەوانە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری، پرۆتۆکۆڵی باڵا ڕەچاو کراوە؛ وەک نیشانەیەک بۆ دۆستایەتیی قووڵ و ڕێزگرتن لە پێگەی هەرێمی کوردستان، ئاڵای کوردستان لە تەنیشت ئاڵای ئیتاڵیا دانراوە و بەرپرسانی ئیتاڵیا پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی سەرۆک بارزانی دەربڕیوە.
ڕێزان حەمەساڵح ئەوەشی خستە ڕوو کە سەرۆک بارزانی لە تەواوی دیدارەکاندا، بە وردی تیشکی خستووەتە سەر دۆخ و مەینەتییەکانی کوردانی ڕۆژئاوا و بە ڕاشکاوی داوای پشتیوانیی نێودەوڵەتی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی گەلەکەمان.
لە دوای تەواوبوونی دیدارە فەرمییەکان، سەرۆک بارزانی هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە چڕتر کردووەتەوە و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی دۆست، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکیاوە کردووە، بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.