ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ـی ١ـی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتی زیبا تەھا، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، خولێکی پێگەیاندن بۆ کادرانی بەشەکانی پشتگیری کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنی ناوەندەکانی یەکێتییەکە بەڕێوەچوو.
لە میانی بەڕێوەچوونی خولەکەدا، کە لەلایەن مەکتەبی سکرتاریەتەوە ڕێکخرابوو، زیبا تەھا، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، دەستخۆشی لە بەشەکانی (پشتگیری کۆمەڵایەتی و دەروونی) و (ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان) کرد بۆ ڕێکخستنی خولەکە و جەختی لەسەر گرنگیی پەرەپێدانی توانای مرۆیی کادرەکان کردەوە.
خولەکە بە تایبەتی تیشکی خستە سەر میکانیزمی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەیسە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی زانستی، لەگەڵ پەرەپێدانی لایەنی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە ناوەندەکانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان.
سکرتێری یەکێتی ئافرەتان ھانی ھەڤاڵانی ناوەندەکانی دا کە سوودێکی باش لەم دەرفەتە فێرکارییە وەربگرن و ڕایگەیاند: "پێویستە ئەو زانیارییانەی لەم خولەدا بەدەست دەھێنرێن، لە کاری ڕۆژانەدا ڕەنگ بدەنەوە، بۆ ئەوەی ببێتە ھۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی توانای کادرەکان و باشترکردنی ئەدای ناوەندەکانمان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا."
جێی ئاماژەیە، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەردەوام لە ڕێگەی خولی جۆراوجۆرەوە کار لەسەر پێگەیاندنی کادرەکانی دەکات، بۆ ئەوەی بە شێوازێکی سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی ئافرەتان لە کوردستاندا بکەن.

