ھەولێر-KDP.info- ڕاوێژکای وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بەو بڕیارانەی بەغدا ناکات کە تاکلایەنە بەبێ ھەرێمی کوردستان دەریکردوون، چونکە پێچەوانەی دەستووری عێراقە و سیستەمێکی کۆنە، ئەوەی ھەرێمی کوردستان پێشکەوتووە."
د.سامی جەلال، ڕاوێژکای وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "حکوومەتی عێراق سەرجەم ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە گومرگییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پێشێل کردووە، دروستکردنی ئەو کێشەیە پرسێکی ئابوورییە بۆ گومرگی کردۆتە بابەتێکی سیاسی، چونکە ئەو کێشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستبوون لەبارەی خاڵە سنوورییەکان لەدوای ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر بوو، چونکە عێراق بەبڕیاری ٣٠٥ خاڵی گومرگیی لەنێوان شارەکان دانا و بە نایاسایی باجی دووبارە لەو کاڵایانە وەردەگرێت لە ھەرێمی کوردستان دەچنە ناوچەکانی عێراق."
د.سامی جەلال گوتیشی "لە ساڵی ٢٠١٩دا بەبڕیاری ژمارە ١٣ تێکگەیشتن دروستبوو و بڕیاردرا پێناسەیەکی یەکگرتوو پەیڕەو بکرێت، بەڵام عێراق پابەندی بەدواداچوونەکان نەبووە، بگرە لە ساڵی ٢٠٢٢ بەبڕیاری ژمارە ٦٢، دواتریش لە ساڵی ٢٠٢٥ بەبڕیاری ژمارە ٢٧٠ تاکلایەنە بڕیاری نرخەکانی پێناسەی گومرگی دەرکردووە، ئێمەش سکاڵای یاساییمان ھەبوو ئەوانیشی ڕەتکردۆتەوە، بۆیە ھەرێمی کوردستان سیستەمە ئەلیکترۆنیەکانی بەغدا جێبەجێ ناکات، بەھۆی ئەوەی بڕیاری تاکلایەنە دراوە و سیستەمێکی کۆنە و لە وڵاتانی سێیەم جێبەجێ دەکرێت، ئەو سیستەمەی لە ھەرێمی کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت پێشکەوتوترە."
دەشڵێت "بەپێی دەستووری عێراق، پێویستە بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە ھاوبەشی بێت، بۆیە بڕیاری تاکلایەنە لەلایەن بەغدا نادەستورییە و لەکاتی ھەبوونی ناکۆکی لەنێوان ھەرێم و بەغدا لەبارەی دەسەڵاتی ھاوبەش یاسا و بڕیارەکانی ھەرێم کاری پێدەکرێت، بۆیە کار بەو بڕیارانە ناکەین بەغدا تاکلایەنە دەریکردووە."
بڵند ئیبراھیم