دهۆك-KDP.info- پارێزگاری دهۆک دەڵێت، بەمزووانە ڕێگەی (ئێتیت – باعەدرێ) دەکرێتەوە و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 08ـی کانوونی یەکەمی 2025، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند، تا ئێستا 73%ـی کارەکانی پڕۆژەی ڕێگەی (ئێتیت – باعەدرێ) تەواو بووە و بەمزووانە لە لایەن مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێتەوە و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییاندا.
درێژیی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 135 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت. بە گوتەی پارێزگاری دهۆک، پرۆژەکە لە سێ قۆناغ پێک دێت، قۆناغى یەکەم کۆتایی هاتووە و قۆناغى دووەم و سێیەم لە جێبەجێکردندان و بە تەواوبوونی پرۆژەکە، تەواوی ڕێگەی هەولێر – دهۆک دەبێتە جووتساید.
وەک ئەوەی د. عەلی تەتەر باسی کرد، پرۆژەی ڕێگەی ئێتیت- باعەدرێ جگە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ڕێگەیەکی پێشکەوتوو، 10 پرد و ژێرپرد لەخۆ دەگرێ، کە 5 پردیان تەواو بوون.