ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەرگا بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەکاتەوە بۆ وەبەرهێنان لە وزەی پاک و کۆمپانیایەکی تورکیش خواستی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر نیشان دەدات.
کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سەڵاحەدین یڵدز، سەرۆکی کۆمپانیای (هاسیلی)ـی تورکی کرد.
لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان و بەرهەمهێنان و دابەشکردن بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێکی کۆمپانیا تورکییەکە کرا بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر بە توانای ٢٥ مێگاوات.
وەزیری کارەبا لە دیدارەکەدا ئامادەیی وەزارەتەکەی نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانییەک بەمەبەستی هاندانی وەبەرهێنانی بیانی، بەتایبەتی لە کەرتی وزەی پاک (Clean Energy). هەر لەو چوارچێوەیەشدا تەواوی داتا و زانیارییە پێویستەکان و ڕێنماییەکانی وەزارەت لەم بوارەدا پێشکەش بە کۆمپانیاکە کران.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کۆمپانیای ناوبراو خاوەنی ئەزموونێکی فراوانە و لە تورکیا بڕی ١٠٠٠ مێگاوات کارەبا بە وزەی خۆر بەرهەم دەهێنێت و گرێبەستی بۆ ٥٠٠ مێگاواتی دیکەش ئەنجام داوە، ئێستاش دەیانەوێت لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە پەرە بە کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان بدەن.