ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردە بڕیاری دا، لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بۆ ماوەی کاتژمێرێک لە سەرەتای دەوامدا، مەڕاسیمی تایبەت ساز بکەن.
بە گوێرەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، سەرەڕای بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، دەبێت سەرەتا یادەکە بەرز ڕابگیرێت و دواتر دەست بە تاقیکردنەوەکان بکرێت.
بە مەبەستی بەرزڕاگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان، وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێکی ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خوێندنی کوردی لە کەرکووک کردووە.
بەگوێرەی گشتاندنەکە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی، ناحکوومی و قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار کراونەتەوە، دەبێت کاتژمێری یەکەمی دەوام تەرخان بکەن بۆ سازدانی مەڕاسیمی تایبەت بە پیرۆز ڕاگرتنی ئاڵای کوردستان.
ڕێنماییەکەی وەزارەتی پەروەردە جەخت لەوە دەکاتەوە، بوونی تاقیکردنەوەکان نابێتە ڕێگر لە بەردەم یادکردنەوەکەدا، بەڵکو پێویستە سەرەتا بە ڕێوڕەسمێکی شایستە یادەکە بکرێتەوە و پاش تەواوبوونی مەڕاسیمەکە، ئینجا دەست بە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بکرێت.