ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان گوتی، لە ئێستادا لە ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای چەک مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت چەکی بێ مۆڵەت بەکار دێنن و ھەنگاوی زۆر باش نراوە و بەردەوامیشن و ڕێکارەکانیش توندتر دەکرێن، ئەوانەی چەکی بێ مۆڵەت بەکار دێنن سزایان قورسە کە خۆی لە زیندانیکردن و ماددیش دەگرێتەوە.
عەقید کارزان غەفوری، بەڕێوەبەری بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ھەنگاوەکان بۆ نەھێشتنی چەکی بێ مۆڵەت لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئێستا تۆمارکردن نەماوە و پێش سێ ساڵ زیاتر لە ١٧ پارچە چەک تۆمارکران و ئێستا ئەوەی چەکی ھەیە دەتوانێ لە ڕێگەی کاروباری ناوخۆ و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بچن داوای مۆڵەت بکەن بەمەرج، ئەویش بەپێی یاسای چەکی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٢ و تەمەنی ٢٥ ساڵ کەمتر نەبێت و ڕاپۆرتی ئەمنی و ئاسایش و تەندروستی ھەبێت و بیانوویەکی ھەبێت بۆ ئەوەی مۆڵەتی پێبدرێت، چونکە ئەوەی بێ مۆڵەت دەستی بەسەردا بگرن بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، زیندانی ساڵێک بۆ سێ ساڵە و سزای ماددیش دەدرێت.
عەقید کارزان غەفوری گوتیشی، بەردەوام مەفرەزەمان ھەیە بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێل و کەسەکانیش، بۆیە لەڕێگەی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە ھەنگاوی زۆر باش نراوە، بەڵام بنبڕکردنی بەشێوەیەکی یەکجاری زەحمەتە، لەبەر ئەوەی پێویستە سنوورەکان زیاتر تۆکمە بکرێن.
لە ناوخۆ کارگەی چەکمان نیە، بۆیە ئێستا بازاڕی چەک داخراون، وەھەروەھا ئەو پەیجانەی قاچاغچیان بەچەک دەکرد داخراون، بۆیە ئێستا خەڵک زۆر بەترسەوە چەک بەکار دێنێت و تاوانی کوشتن و ھەڕەشە و تاوانی دیکە زۆر کەمیکردووە بەھۆی جێبەجێکردنی یاساکە، بۆیە ئێستا خەڵک وەکو پێشوو ناتوانێ بەئارەزووی خۆی چەک بەکار بێنێت.
غەفوری ڕوونیشی کردەوە، ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی ڕێکارەکان توندتر بکرێن بۆ بنبڕکردنی چەکی بێ مۆڵەت، چونکە لە ھەموو جیھان و لە وڵاتانی پێشکەوتووش چەک بوونی ھەیە، بەڵام ھەوڵدەدرێت بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت و چەکی بێ مۆڵەت نەمێنێت ئەویش بەپێی ئەو یاسایەی چەکی ھەیە کە بەرکارە و بەردەوامیش کاری پێدەکرێت.
بڵند ئیبراھیم