Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 8 DEC 2025 16:35 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

عێراق پێویستی بە ئاشتەواییەكی گەورەیە
| KDP.info


فازڵ میرانی

دوای یەکلاكردنەوەی تانەکان، تەنیا پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ماوەتەوە، ئەمەش لایەنە براوەکان پابەند دەكات ئەو بەڵێنانەی لەكاتی هەڵبژاردن داویانە جێبەجێی بكەن، ئەو بەڵێنانەی کە لە بەرژەوەندی عێراقدایە، ئەو وڵاتەی کۆمەڵگەکەی دەیان ساڵ لە تەمەنی خۆی کردۆتە قوربانیی سیاسەتی تاکلایەنە، کە زیانی بە پێكهاتەی کۆمەڵایەتی گەیاندووە و ئەژنۆی نەوەكانی لە زەویدا و لە ڕێگەی سەلامەتی لایدان و بەربەستیشی لەبەردەم ئەو پێشكەوتنانە دروستكرد، كە شایستەی بوون.

ئەگەرچی ئەزموونی دیموکراسی لە عێراقدا، تا ڕادەیەک نوێیە، بەڵام ئەو بەرپرسیارێتییەی دەکەوێتە سەرشانی عێراقییەکان لەپێناو وڵاتەکەیاندا، پێویستە بۆ هەمووان وریاکەرەوە بێت، تا بە واقیعییەتێکی قووڵەوە لەگەڵ خۆیان و ئەوانی دیکەدا ڕاشکاوبن، بە مەبەستی دروستکردنی پرۆسەیەكی نیشتمانیی گشتگیر، لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، کە ببێتە بەنداوێک پارێزەر بۆ ژیانێکی باشتر و ڕێگە لەو بەبیابانبوونەش بگرێت، كە خاکەكەی وشك و لەتلەت كردووە و زەمینەی هاووڵاتیبوون و نیشتیمانەكەی شێواندووە.

من هۆشداری لە ئاماژەكانی مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییە کەڵەکەبووەكان دەدەم، كە هەردووكیان بەهۆی سیاسەتی پەراوێزخستنەوە هاتوونەتە ئارا و ئەگەر ئەم لەتلەتبوونەش بەردەوام بێت، ئەم هۆشدارییە بەسە بۆ هەستکردن بەم مەترسییە و پێویست دەكات کە بانگەواز بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتمانیی ناوخۆیی بكرێت، كۆنگرەیەك، کە سەرکردە بڕیاربەدەستەکانی عێراق بۆ گەلەكەیان و بۆ داهاتوو و بۆ مێژوو، هەڵوێستێکی مەزنی تیادا تۆمار بکەن. پێش ئەوەیش، دەبێت ڕێکخستنێک بکرێت بۆ سفرکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوماڵی سیاسیی پێکهاتەکان، چ سوننە لەنێو خۆیاندا و چ شیعە و هاوپەیمانەکانیان و چ لایەنە کوردستانییەکانیش.

کێشەکانی ئێمە لە ڕووبەڕووبوونەوە و خوێندنەوەی ئاستی تێگەیشتنمان لەو دەستوورەوە دەست پێ دەکات، کە خۆمان نووسیومانەتەوە و ڕاپرسیشمان بۆ قبووڵکردنی کردووە، ئەگەریش ئازایانە و بە وریاییەوە پابەندی بووینایە، هەرگیز بارودۆخەکە لەنێوخۆدا بە ئەم ئاراستەیە نەدەڕۆیشت و لەسەر ئاستی هەرێمایەتیشدا زەرەرمان نەدەکرد و پەراوێز نەدەخراین.

دواخستن و ڕووبەڕوونەبوونەوەی کێشەکان، شێواندنی ڕاستییەکان و زیادەڕۆیی دەسەڵاتەکان بۆ سەر یەکتری، هەروەهاش پەلکێشانی ئەم زیادەڕۆییە بۆ ئەوەی لە سەرەوە و خوارەوەی پلیکانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بدات، لەگەڵ ئەوەیشدا ناتەبایی نەتەوەیی و مەزهەبی، هەموو ئەمانە بوونە هۆی زیاتر بێ ئومێدبوونی کۆمەڵگە و لاوازبوونی متمانە بە زۆربەی هێزە سیاسییەکان. لەبەر ئەوە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو چوارگۆشەیەی، کە پەراوێز خراوە و هەموو ئەم كێشە گەورانەش لەسەر بناغەی ئەوەوە دروست بوون، ئەو کێشانەی کە ئازاری عێراقییەکان و عێراقیان داوە، چ لە ژیانیاندا و چ لە خاک و پێگە و سامانەکەیاندا. ئەو چوارگۆشەیەش دەستوورە، کە ئەگەر پابەندی دەقەکانی بین، ڕێگەی ڕاستمان نیشان دەدات و بەپێچەوانەشەوە ڕێگەمان لێ ون دەكات.

عێراقی شارستانییەتەکان، لانکەی پێغەمبەران، مەزاری چاكەكاران، یەکەمین شوێن کە نووسین و یاسای داناوە و لانكەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکان بووە، شایستەی ئەوە نییە بەشێک لە خەڵکەکەی زیان بە ناوبانگی بگەیەنن و لە پێگە مەزنەکەی دووری بخەنەوە.

مێژوو شایەدی بۆ دەستپاکی و ئەمانەت و ڕاستگۆیی عێراقییەكان دەدات، هەر مێژوو مرۆڤدۆستی و هاوسۆزی و جوامێرییانی سەلماندووە، چارەنووس ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی یارمەتیدەری ستەملێکراو و دوژمنی زوڵم بن، هەرگیز خراپەكاری و گەندەڵیی بەرفراوان نەناسراون، ملکەچیی و قبووڵکردنی ژێردەستەییان لێ نەبینراوە، بەڵکو هەمیشە پەلەمان لە دوورخستنەوەی زوڵم و ناحەقی كردووە، لێبووردە بووین و پەرۆشی ئەمانەت بووین، بێگومان بووین لەوەی قەڵەم و چاوی غەیب، هیچ شتێكی گەورە و بچووك لەبیر ناکەن.

کاتی ئەوە هاتووە هێزە نیشتمانییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی ببینن بۆ گێڕانەوەی ئەو متمانەیەی خەریکە نامێنێت، بە شێوەیەک کە ئەرکەکان بە کەسانی پسپۆڕ بسپێردرێن و متمانە بەوانە بکرێت کە دەستیان پاک و زمانیان ڕاست و خاوەنی بەڵێنی خۆیانن.

کاتی ئەوە هاتووە بیسەلمێنین کە عەقڵمان فراوانە و ئیرادەی تێگەیشتن و تێگەیاندنمان هەیە، کە وڵاتەکەمان ناونیشانێکی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و پێویستە ناوەڕۆکەکەشی لەگەڵ چەمکەکەیدا بگونجێت، ئەویش (کۆمارێکی فیدراڵی دیموکراتی)ـیە. ئەم ناونیشانەش چەندین ڕووی نییە، بەڵکو دەقێکی ڕوون و ڕەهایە.

عێراق بە عەرەب و کورد و تورکمان و کلدۆئاشووری و سابیئەی مەندائییەکانییەوە، بە هەموو هێزە فیکری و ئایدیۆلۆژییە ئەكتیڤەكانییەوە، کە بە ئاشکرا کار دەکەن، بە هەموو نەتەوەكانییەوە، ژیانێکی ئارام و سەقامگیریان دەوێت. پێویستە دەسەڵاتێکی دەستپاک و بەتوانا و هۆشیار و بەهێز پاڵپشتیان بێت، کە لە ناوبانگی خراپ بەدوور بێت و هیچ هێزێكی ژێرژەمینی و دەوڵەتێكی دیكە دەستتێوەردانی تیادا نەكەن.

ئاشتەوایی، ڕاشکاوی، لێبووردەیی، ناسنامەی نیشتیمانی، سەروەریی تەواو، یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و ناوبانگی درەوشاوە، هەموو ئەمانە بەرهەمی نزیکن و دەیانچنینەوە، ئەگەر ڕێز لە دەستوورەکەمان بگرین و بەڵێنەکانمان لەژێر چەتری ناسنامەیەکی نیشتیمانیی بێ جیاوازی و هەڵاواردكردندا جێبەجێ بکەین. 

بەردەوامبوون لەسەر ئەم یەکترشکاندن و دژایەتییە، پەلكێشكردنی ئاگرە بۆ سەر پارچە نانەکەی خۆت بەبێ ئەوی تر، كە جگە لە شێواندن و سەرمەستبوونێكی کاتیی، هیچی تر نییە و تاوانەکەی لە ویژداندا ناسڕێتەوە.

وڵاتەکەمان شایستەی ئەوەیە و مافی بەسەرمانەوە هەیە کە خزمەتی بکەین. ئێستا ئەرکی سەرشانی هەموومانە، پرۆژە هاوبەشەكەمان ڕزگار بکەین، كە ئەویش بریتییە لە وەفاداری بۆ عێراق و نەتەوەكانی، وەفادارییەکی ڕاستگۆیانە، دەستوورییانە، یاساییانە، حزبییانە، سیاسییانە، دادپەروەرانە، پەرلەمانییانە و جێبەجێکارانە. ئێمە نامانەوێت لەو کەسانە بین کە خودا نیعمەتی پێ بەخشیوون و سوپاسی نیعمەتەکەیان نەکردووە.

 

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

 

و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن

 




دوایین هەواڵەکان

پڕۆژەی سەنتەری چارەسەری نەخۆشخانەی شێرپەنجە بە تیشک لە دهۆک جێبەجێ دەکرێت

MONDAY, 08 DECEMBER 2025 16:12:17

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دھۆک گوتی "پڕۆژەی سەنتەری چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە بە تیشک بە گوژمەی ١٦ملیار دینار لە جێبەجێکردن دایە، تەواو بکرێت، ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە تیشک ھەیە چیتر ناچنە شارەکانی دیکە و لە دھۆک چارەسەر دەکرێن."

 

سەرۆکی دیوان و کونسوڵی گشتیی بەریتانیا پەیوەندی و پەرەسەندنەکانیان تاوتوێ کرد

MONDAY, 08 DECEMBER 2025 15:12:26

ھەولێر-KDP. info-  ئەمڕۆ دووشەممە 2025/12/8 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

 
بەمزووانە لە دهۆك پڕۆژەیەكی تری گرینگ دەکرێتەوە

MONDAY, 08 DECEMBER 2025 13:12:32

دهۆك-KDP.info- پارێزگاری دهۆک دەڵێت، بەمزووانە ڕێگەی (ئێتیت – باعەدرێ) دەکرێتەوە و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستاندا. 

 
وەزارەتی کارەبا دەرگا بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ بەرهەم هێنانی وزەی پاک دەکاتەوە

MONDAY, 08 DECEMBER 2025 12:12:13

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەرگا بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەکاتەوە بۆ وەبەرهێنان لە وزەی پاک و کۆمپانیایەکی تورکیش خواستی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر نیشان دەدات.

 
بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەواری هەرێم کاتی گەڕانەوەی شانەدەر زێت بۆ KDP ئاشکرا دەکات

MONDAY, 08 DECEMBER 2025 10:12:00

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامادەکاری کراوە بۆ گەڕاندنەوەی شانەدەر زێت بۆ ھەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە ئەشکەوتی شاندەر مۆزەخانەیەکی کراوە دروست بکرێت و لەوێ دابنرێت، بۆ ئەوەی گەشتیار سەردانی بکەن، چونکە یەکەم نیاندەرتاڵە بەو جۆرە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بدۆزرێتەوە." 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact