ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی "ڕێڕەوی ژیان"ی لە شاری هەولێر دانا كە بە كۆڕنیشی هەولێر ناسراوە. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێت: نووسینگەی جەنابی سەرۆکی حکومەت بودجەکەی بۆ دابین کرادووە و ڕاستەوخۆش لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەکرێت.
لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێڕەوشی ژیان، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە كرد: دوو هەفتە پێش ئێستا، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە کاتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی قوتابخانەی ئەزهەر بەم شەقامەدا گەڕایەوە و ئەو دیمەنەی بینی کە دیمەنێکی نەشیاوە لە هەر زۆنێکی پایتەخت یان هەر شارێکمان بوونی هەبێت، بۆیە یەکسەر فەرمانی کرد دەبێت بە قۆناغ و لە دوای یەک بەپێی پلانێکی ورد کار لەسەر گۆڕینی ئەم شوێنە بکرێت و لەو بارەی ئێستا تێیدایە بۆ بارێکی پێشکەوتوو بۆ ئەوەی لە خزمەتی هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەم سنوورە و شاری هەولێردا بێت و هەروەها فەرمانیشی کرد دەبێت بەزووترین کات ئامادە بکرێت و لە زووترین کاتیشدا دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی گرنگی و پێكهاتەی پڕۆژەكەوە گوتی: شوێنی ئەم پڕۆژەیە لاتەریک و پشتگوێخراوە كە شوێنی ڕێڕەوی لافاو و ئاوی قورس و فڕێدانی خاشاک و پاشماوەیە، ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێکە بۆ پێشخستنی ئەو ناوچەیە و گۆڕینی بۆ شوێنێک لەجێی فڕێدانی پاشماوە و زبڵ و خاشاک، دەبێتە شوێنێکی جوان بۆ هەناسەدان و پشوو وەرگرت و کات بەسەربردن و سەوزایی و دار و درەخت. ئەم ناوچەیە لە شوێنی فڕێدانی خاشاکەوە دەگۆڕێت بۆ شوێنێکی پێشکەوتووی گەشتیاری لە هەولێر، گوتیشی: پڕۆژەکەی ئەمڕۆ (ڕێڕەوی ژیان)، وەرگرتنی پارچەیەکە بە درێژایی یەك كیلۆمەتر وەکو قۆناغی یەکەم بۆ گۆڕینی سروشت و باری ئێستای کە بارێکی ناشیاوە، بەپێی پلان و دیزاینێک بۆ شوێنێکی ئارام و پڕ دار و درەخت و سەوزایی و دروستکردنی هەلی کاری تازە و لە ئاییندەشدا بە قۆناغبەندی کار لەسەر تەواوی درێژایی ئەم کەناڵە دەکرێت کە درێژاییەکەی نزیکەی ٢٥ کم و لە گەڕەکی هەولێری نوێوە دەستپێدەکات تاکو ڕێگای کەرکووک.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پێکهاتەكانی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان، گوتی: چاککردنی کەناڵ و ڕووپۆشکردنی بە کۆنکریت بە شێوەیەکی ئەندازەییانە. دروستکردنی شۆڵدەری تەنیشت کەناڵ و ئامادەکردنەوە و ڕێکخستنەوەی. دروستکردنی چەندین دیواری پاڵپشت بە کۆنکرێت و دروستکردنی ڕووبەری تازە. دارچاندن و سەوزکردنی ڕووبەری فراوان. دروستکردنی ڕێڕەوی غاردان و هاژۆتنی پایسکل و شوێنی وەرزشکردنی کراوە. دانانی شوێن و ڕووبەری گونجاو بۆ دروستکردنی کافێ و ڕێستۆرانت و شوێنی پشوو و کات بەسەربردنی هاووڵاتییان. دانانی ستوونەکانی کارەبا و ڕووناکی بۆ ناوچەکە.
ساسان عەونی، گوتیشی: ئەم نموونەیە لە پڕۆژە کە ئەمڕۆ کە جەنابی سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەکەی دانا، نموونەیەکە بۆ کارکردن لەسەر گۆڕینی سروشت و پێکهاتەیەکی ناگونجاو لە شارەکانمان بەپێی پلان و نەخشەدانان بۆ ئاستێکی باشتر و جوانتر کە شایان بە ژیانی هاووڵاتییانی کوردستان و پایتەخت بێت، ئەم پلان و نەخشەدانانە لە ڕوانگە و دووربینی و ویستی جەنابی سەرۆکی حکوومەتەوە سەرچاوەی گرتووە و بەردەوام جەنابی سەرۆكی حكوومەت جەختی لێ دەکاتەوە کە هاووڵاتییانی کوردستان شایانی باشترینن و شایانی خزمەتی زیاترن.
سەبارەت بە ئامادەكردنی دیزاینی پڕۆژەكەش ساسان عەونی گوتی: دیزاینی ئەم پڕۆژەیە لەلایەن تیمێكی ئەندازیارانی نێوخۆیی ئامادە كراوە كە ئەمەش یەكێك بووە لە ڕاسپاردە و ڕێنماییەكانی جەنابی سەرۆكی حكوومەت بۆ جوانكردن و پێشخستنی شارەکانمان پشت بە توانای ئەندازیار و کۆمپانیا و سەرچاوەی مرۆیی ناوخۆیی ببەستین. لێرەوە بە دەرفەتی دەزانم سوپاسی تەلارساز گۆران كۆیی و تیمی نووسینگە ئەندازیارییەکەی بکەم کە بە شێوەی خۆبەخشی و لە ماوەیەکی پێوانەییدا دیزاینەکەی ئامادە کردووە، هەروەها تەلارساز حەمید ئەحمەد لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کە هاوکاری بووە. ساسان عەونی، پیرۆزبایی لە دانیشتووانی شاری هەولێر كرد و گوتی: بە بۆنەی دانانی بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیەوە، پیرۆزبایی لە هاووڵاتییانی شاری هەولێر بە گشتی و دانیشتووانی ئەم سنوورە دەکەین، بۆ ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی لە سنوورەکەیان ئەنجام دەدرێت و بە هیوای کوردستانێکی هەمیشە بەهێز و ئاوەدان.