Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 12 NOV 2025 06:02 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەسروور بارزانی: کردارەکانمان شاهێدی قسەکانمانن
| KDP.info


دھۆک-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە ٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی، جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشدارییان لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دھۆک کرد.

مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە کەرنەڤاڵەکە جەختی لەوەکردەوە کە کردارەکانمان شاهێدی قسەکانمانن، هەروەها وتیشی، پارتی هەمیشە لە سەرکەوتندایە و ئەمجارەش بە پشتوانی ئێوە، بەرەو سەرکەوتنی گەورەتر هەنگاو دەنێت.

دەقی وتاری مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی.

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان

جەماوەری تێکۆشەر و قارەمانی دھۆک و سێمێل و شێخان و بەردەڕەش و ئاکرێ و ئامێدی و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

قارەمانانی بادینان و قەڵای کوردایەتی و پارتایەتی

ئێوە ھەموو بەخێر بێن سەرسەر و سەرچاوان

سڵاوی خودای مەزن لە ئێوە ھەموان بێت و سڵاوی مەرجەعی کورد و کوردستان جەنابی سەرۆک بارزانی بە ئێوە ھەموان دەگەیەنم. من گەلێک سوپاسی برای خۆشەویستم کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێم دەکەم بۆ ئەو پەیڤە جوانانە کە بەڕاستی ئەمە پەیڤی پارتی و پەیامی پارتییە لە جیاتی ئێمە ھەموان بە ئێوەی گەیاند و ھیوادارین ئێوە ھەمووان پێکەوە پشتیوانی پەیامی پارتی بن بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥، لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان. سوپاسی ئامادەبوونی ئێوە دەکەین، سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی ئێوە دەکەین، سوپاسی ئەو باوەڕە دەکەین کە ئێوە بە ئێمەتان داوە و بەردەوامن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە خزمەتتاندا بین. 

لێرە بە ناوی ئێوە ھەموان، داوا لە بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵسنەوە سەرپێ و ئێمە ھەموان پێکڕا بەخێرھاتنێکی گەرمی کاندیدانی پارتی بکەین، گەلێک بەخێر بێن. 

خوشک و برایانی ھێژا:

ئێمە گوتارمان نییە، چونکە بەڕاستی کردارەکانی ئێمە گوتاری ئێمەیە، ئەو شتانەی ئێمە پێش ئێستا کردمان، شاھێدی ئەوەیە کە پارتی چۆن توانیویەتی خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات، ھەروەک برای خۆشەویستم کاک نێچیرڤان گوتی، ھەزار گوتار قوربانی کردارێک بێت، کرداری پارتی ھێندە زۆرن ئێمە لە بەیانی ھەتا ئێوارە حەز دەکەی بۆتان باس دەکەین و ھێشتا دواییان نایەت. 

لێرەدا من پێم خۆشە بڵێم کە بۆچی پێویستە ئێمە بەشداریی ئەم ھەڵبژاردنە بکەین و بۆ پێویستە دەنگی خۆمان بدەینە پارتی؟ ئێمە لەسەر دووڕیانێک راوەستاوین، گۆڕانکاری لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھان بەردەوام ھەیە، پێویستە بۆ ئەوەی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بپارێزرێ و بەرەوپێشتر بچێت، بۆ ئەوەی دەستکەوتی زیاتر بەدەست بھێنین، پێویستە ئێمە لە بەغدا بەھێز بین و بەشدارییەکی کارامان ھەبێت لە پەرلەمانی عێراق. زۆر لایەن ھەبووە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی حکوومەتی فیدراڵ، ھەوڵی ئەوەیان داوە کە نەھێڵن ھەرێمی کوردستان بگاتە ئامانج و مەبەستەکانی خۆی، بەڵام سوپاس بۆ خودا و پشتیوانیی ئێوە، ئێمە بەردەوام بووین لە پێشکەوتن و ڕانەوەستاوین، ئینشائەڵا ڕاناوەستین. زۆر کەس قسەیان دەرھەق بە پارتی کرد و ناھەقییان کرد، بوختانیان پێ کردین و شتی ناڕاستیان گوت، لێرەدا پێویست نییە وەڵامی ئەوان بدەینەوە، چونکە وەڵامی نەزانان بێدەنگییە. 

جەماوەری قارەمانی دەڤەری بادینان:

لەسەر ئاستی ناوخۆ زۆر ھەوڵیان دا بۆ ئەوەی دەستکەوتەکانی ئێمە ڕابگرن، بەڵام لێرە پێیان نەکرا، چونکە ئەمڕۆ لە کوردستاندا پارتی تاکە حزبە کە ھیچ مونافس و رکابەرێکی لەسەر ئاستی کوردستان نەماوە، بۆیە ھەوڵیان دا لە ڕێگەی دیکە و بە دروستکردنی ھاوپەیمانێتی لەگەڵ ناحەزانی کوردستان، گەلێک فشار بخەنە سەر ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتی لەسەر پارتی، چونکە ھەموو کاتێک وایان دەبینی کە سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردستانە و بۆ ئەوەی پارتی سەرنەکەوێت، ھەموویان پیلانیان گێڕا بۆ ئەوەی کوردستان سەرنەکەوێت، بەڵام دیسان بە پشتیوانیی ئێوە و پشتیوانیی خوا، پیلانی ئەوان سەرنەکەوت و کوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەو سەرکەوتنی مەزنتر ھەنگاوی ھاوێشت و ئێمە لەو باوەڕەین کە پشتیوانیی ئێوە و باوەڕی ئێوە بە پارتی، رۆژ بە رۆژ سەرکەوتنی مەزنتریش ئینشائەڵا بەدەست دەھێنین.

گەلێک کەس ئێستا دەڵێن دەنگی خۆتان بە ئێمە بدەن چونکە ئێمە ھێزی ئێوەین و دەنگی ئێوەین، بەڵام ئەو جێیەی پارتی لێ نەبوو، ئێمە بینیمان، نە کەسێک ھیچ ھێزی ھەبوو، نە کەسێک ھیچ دەنگی ھەبوو، نە کەسیش ئامادە بوو لەسەر کوردستان خۆی بکاتە قوربانی، تەنیا لەو شوێنەی پارتی لێیە بەرگریی لە کوردستان دەکرێ، ئەو جێیەی پارتی لێیە ئاشتی ئارامی و ئاوەدانی ھەیە.

گەلێک لایەن ھەوڵیان دا بۆ ئەوەی رکابەریی پارتی بکرێت و گۆڕانکاری لە یاسادا بکرێت، کۆتای خوشک و برایانی کریستیان و تورکمانمان بگۆڕدرێن و کەم بکرێنەوە، بەداخەوە ئێمە دیتمان لە ھەڵبژاردنی رابردوو، لەسەر ئاستی کوردستان کۆتای خوشک و براکانمان لە کریستیان و تورکمان زۆر کەم بوون، ئەوەیشی مایەوە لەبەر پارتی مانەوە، چونکە پارتی پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە پێویستە مافی خوشک و برا کریستیان و تورکمانەکانمان بپارێزرێت. پارتی باوەڕی بە پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوەکان ھەیە، پارتی باوەڕی بە ئاشتی و سەقامگیری ھەیە، پارتی خەبات دەکات بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی ھەموو نەتەوەیەک نەک تەنیا ھی کوردان، نەک بە تەنیا مافی ئەو نەتەوانەی کە ئێستا لە کوردستان دەژین، بەڵکوو پارتی ئەمجارە بڕیارەکەی ئەوەیە و ڕێنمایی جەنابی سەرۆکمان ئەوەیە کە پارتی بەرگریی لە مافی ھەموو ستەملێکراوێک بکەن، ھەموو خەڵکێک بکەن کە ئێستا لە عێراقدا پەنایان ھێناوەتە بەر کوردستان و داوا دەکەن کوردستان بەرگریی لە مافەکانی ئەوانیش بکات، لەبەر ئەوە ئەمجارە کاندیدانی ئێمە، بەربژێرانی ئێمە لە پەرلەمانی عێراق دەبێ بەرگریی لە مافی ھەموو خەڵکی عێراق بکەن.

لەسەر ئاستی بەغدا دیسان فشارێکی زۆریان لەسەر ھەرێم دروست کرد، فشاری ئابوورییان لەسەرمان دروست کرد، بودجەی ھەرێمیان بڕی، نەوتی ئێمەیان راگرت، ھەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیا و جوگرافیای کوردستانە تا ئێستاش، دادگایان لە دژمان بەکار ھێنا، ھێرشی درۆنی لە دژی ھەرێمی کوردستان کرا، بۆ ئەوەی ئێمە وا نەکەین کە سیاسەتی دژایەتیکردنی ھەرێم بەردەوام بێت، پێویستە ئێمە خۆمان لە بەغدا بین لە ناوەندی بڕیار تا رێگە نەدەین خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئێمە بڕیار بدات، خەڵکێکی دی لە جیاتی ئێمە لەسەر چارەنووسی ھەرێمی کوردستان پیلان بگێڕێت و نەھێڵێت کوردستان بگاتە مافەکانی خۆی، بوونی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا ھەموو ئەو پیلانانە ئینشائەڵا تێکدەدەین و وا دەکەین کوردستان ببێتە نموونەی پێکەوەژیان و پێشکەوتن لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. 

بۆ ئەوەی کوردستان پارێزراو بێت، پێویستە پارتی بەھێز بێت، پێویستە پارتی پارێزراو بێت، سەنەدی پاراستنی پارتی خەڵکی دڵسۆز و وەفاداری رێبازی بارزانی و پارتییە. 

خوشک و برایانی ھێژا:

من دەزانم خەڵکی دەڤەری بادینان بە شێوەیەکی گشتی مەغدوور بووە، وەکوو پێویست خزمەتی خەڵکی ئێمە نەکراوە، ئەویش دوژمن و ناحەزانی ئێمە ھەموو کاتێک ڕێگر بوون لەوەی ھەموو شایستە داراییەکان و مافەکانی خەڵکی کوردستان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن. بەڵام ئێمە گوێی خۆمان بە ئێوە دا، گوێی خۆمان بە گازاندەکانتان دا و ھەموومان لەبەرچاو گرتن، حکوومەت یەک لە دوای یەک، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرپەرشتیی کردووە و بەڕێوەی بردووە، لە رۆژی سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، بەردی بناخەی ئاوەدانیی کوردستانی داناوە و ئێستاش ئێمە بەردەوامین بۆ پێشکەشکردنی خزمەت و بەردەوام دەبین بۆ بەدەستھێنانی ھەموو مافەکانی ئێوە و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی ئێوە دەکەین. 

شەڕی داعش کرا، شەڕی ئەو ناحەزانە کرا کە تەماعیی داگیرکردنی کوردستانیان ھەبوو، قوربانیدانی پێشمەرگە، خەبات و ماندووبوونی ئێوە لەبیر ناکرێت. لێرە داوا لە ئێوە ھەموان دەکەم، ئێمە سەری ڕێز و نەوازش بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان دانەوێنین و سوپاسێکی گەرمی پێشمەرگە قارەمانەکان و ھێزەکانی ئاسایش و ئەمنیەتی ھەرێمی کوردستان بکەین، سوپاسی ھەموان دەکەین، دەستخۆشی لە خزمەت و ماندووبوونی پێشمەرگە دەکەین. 

ئەو بەرنامانەی کە تا ئێستا حکوومەتی ھەرێم پێشکەشی ئێوەی کردووە زۆرن، ئێمەش ھیچ جارێک خزمەتکردنمان بە منەت نەزانیوە و ھەموو کاتێک بە ئەرکی خۆمان زانیوە، ئەرکمان ئەوە بووە کە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین. زۆر بەرنامەمان ھەبوو بۆ ئەوەی ئابووریی کوردستان فراوانتر ببێت و تەنیا پشت بە شتێک بە تەنیا نەبەستین، ئەو کارانەی کە کراون بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابووریی کوردستان دیارن، چی دی جووتیارانمان ناچار نین بەرھەمەکانی خۆیان فڕێ بدەن، سوپاس بۆ خوا ئێستا بەرھەمی جووتیارانی کوردستان لە ھەرێمی کوردستان ساخ دەکرێتەوە، دەبینین فێستیڤاڵ لە ھەموو شارەکانی کوردستان دەکرێنەوە و دەرگای ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆیی بۆ وڵاتانی دەرەوەش کراوەتەوە. 

پڕۆژەی رووناکی یەکێکە لەو پڕۆژانەی کە زۆران بە خەونیان دەزانی، بەڵام بە خۆڕاگریی میللەتی ئێمە، ئیرادەی پارتی، پشوودرێژیی ئێوە، ماندووبوونی ئێوە و پشتیوانیی ئێوە، بە زەحمەت و خەباتی گەنجانی پارتی، پرۆژەی رووناکی بوو بە راستی و ئەمڕۆ شاری دھۆک و زۆر شاری دیکە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرین و ھیوای ئێمە ئەوەیە و ئینشائەڵا ساڵی داھاتوو ھەموو کوردستان دەبێتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری. 

پڕۆژەی ئاو زۆر دروست کران، بەنداو زۆر دروست کران، بەردەوامیش دەبین بۆ دروستکردنی بەنداو و نەھێشتنی قەیرانی ئاو لە ھەموو پارێزگاکانی کوردستان. 

کەرتی پیشەسازی یەکێکە لەو کەرتانەی کە لە لای ئێمە زۆر گرنگە زیاتر گرنگی پێ بدەین و لە بەرنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندایە کە گرنگیی بە کەرتی پیشەسازی بدەین چونکە ھەلی کاری زۆر زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان و بە تایبەت گەنجان دەڕەخسێنێت.

لە گەشتوگوزاری کوردستان زۆر جێی سەرنجڕاکێش و خۆش ھەیە، لە بەرنامەی حکوومەتدایە کە گرنگیی بەو شوێنەوارانەی کوردستان بدەین کە بەکار دێن بۆ گەشتوگوزاری و تا ئێستا دەبینن چەندین پرۆژە لەسەر ئاستی ھەموو کوردستان بێ فەرقوجودایی کراون و بێگومان دەڤەری بادینان دەڤەرێکی زۆر خۆش و جوان و سەرنجڕاکێشە و گرنگییەکی زۆر زیاتریش بە کەرتی کشتوکاڵی لەم دەڤەرەش دەدەین.

ڕێگە و پرد، ئێستا ئەگەر بەراورد بکەن لە نێوان ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکان و بەشەکانی دیکەی عێراق، ئێوە دەبینن کە ھەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی زۆر زیاتری بە خۆیەوە دیوە و ئەو پرۆژانەش بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی ئاسانکاریی بۆ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بکرێن، ئاسانکاری بۆ ھاتوچۆ و سەلامەتیی ھاووڵاتیان بکرێن، دیسان ئەو پرۆژانەش چەندیان کراون، ھێندەی دیکە لە ڕێگەدان و بەردەوام دەبن. 

پڕۆژەی ھەژماری من یەکێکە لەو پرۆژانەی کە زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی ژێرخانی ئابووری و کردنەوەی دەروازە بۆ گەنجانی ئێمە تاوەکوو ببنە خاوەن بزنسی خۆیان یان دەتوانن قەرزی بانکی وەربگرن و زیاتر سوود لەو خزمەتگوزارییە بکەن کە لە سیستەمی بانکیدا حکوومەتی ھەرێم پێشکەش بە ھاووڵاتیان دەیکات.

ھیوای ئێمە ئەوەیە کە چەندە ئەو بەرنامە و خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێن، بەردەوام بن بە پشتیوانیی ئێوە، ئێستاش ھیوادارم ئێمە بتوانین جێی باوەڕی ئێوە بین، ئەو باوەڕەی ئێوە بە ئێمەتان داوە، ئێمە بتوانین ئەو ئەمانەتە رابگرین و لە خزمەتی ئێوەدا بین. ئێستاش داوای من لە ئێوە ئەوەیە، ئەگەر ئێوە دیسان باوەڕی خۆتان بدەن بە ئێمە، من دەڵێم کرداری ئێمە شاھێدی ئەوەن کە ئێمەش دەتوانین بەردەوام بین لە خزمەتکردنی ئێوە.

پارتی لە ڕابردوو قوربانیی زۆری داوە، پارتی ئێستا دەستکەوتی زۆری ھەیە کە پێشکەشی ئێوەی کردووە و پارتی بۆ پاشەڕۆژ بەرنامەی زۆر زیاتری ھەیە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵکی خۆمان و بۆ بەھێزکردنی کوردستانی خۆمان، بەڵام بۆ ئەوەی بەرەو پاشەڕۆژ بچین، بەرەو ئاییندەی رووناکتر بچین، پێویستە ئێمە پێکەوە بچین. پارتی جودا نییە لە ئێوە، پارتی بەشێکە لە ئێوە و ئێوە ھێزی پارتین، ئەگەر ئێوە دەتانەوێ کوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەوپێشتر بچێت، سەرکەوتووتر بێت، دەنگی خۆتان بدەنە پارتی تا پارتی سەربکەوێت و ئێوەش سەربکەون و لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە لەو پەرلەمانە سەربکەوێت، گەرەنتیی ئەوە دەدات کە زیاتر پارتی بکەوێتە خزمەتی خەڵکی کوردستان. 

پارتی ھەموو کاتێک لەگەڵ ھێز و وزەی گەنجاندا بووە، لەگەڵ وەرزشوانان بووە، لەگەڵ ھونەرمەندان بووە، ئەم یاریگایە یاریگایەکە کە گەنجانی ئێمە زۆر سەرکەوتنیان تێدا تۆمار کردووە. ئێمە وەکوو پارتی و وەکوو حکوومەتیش بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی وەرزش و وەرزشوانان بۆ ئەوەی سەری کورد و کوردستان لە دونیا بەرز بکەین ئینشائەڵا. گەنجانی ئێمە گەلێک حەز دەکەن دابمەزرێندرێن چ لە کەرتی گشتی و چ لە کەرتی تایبەت، بۆ ئەوەی لە کەرتی گشتی دابمەزرێن، پێویستە یاساکانی حکوومەتی فیدرالی بگۆڕدرێن و ئەو ڕێگرییانە ھەڵبگیرێن کە ئێستا لە ئاستی حکوومەتی فیدرالی ھەیە و ناھێڵن خەڵکی کوردستان دابمەزرێن، ئەمە ئەرکی کاندیدانی پارتییە لە پەرلەمانی عێراق کە وا بکەن بە چاوێکی یەکسان سەیری ھەموو خەڵکی عێراق بکەن و خەڵکی کوردستانیش سوود لە دامەزراندن وەربگرن و ئەوانەی کە پێویستە لە کەرتی گشتی وەربگیرێن، ڕێگە ھەبێت دابمەزرێندرێن. بەڵام لە ھەمان کاتدا پارتی رانەوەستاوە، گرنگییەکی زۆرمان بە کەرتی تایبەت داوە، چونکە دەرفەتێکی زۆر لە کەرتی تایبەتیش ھەیە. داخوازیی ئێمە لە گەنجانمان، لە خوشک و برایانمان ئەوەیە ئامادە بن و پێیان خۆش بێت کار بکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی خۆیان. کەس وڵاتمان ئاوەدان ناکاتەوە ئێمە خۆمان نەبین، کەس پشتمان ناگرێت ئەگەر خۆمان بەھێز نەبێت. بۆیە ھێزی کوردستان لە ھێزی پارتیدایە، ھێزی پارتی لە ئێوەدایە، ئێوە بەھێز بن، ئێوە سەرکەوتوو بن، پارتی سەرکەوتوو دەبێت و کوردستان سەرکەوتوو دەبێت. 

لە کۆتاییدا چەند پەیڤێکتان پێشکەش دەکەم:

پێشمەرگێت ڤی وولاتی….سەربەرزین ئەم پارتینە

فرە نەتەوە و ئایین….پێکڤە کوردستانینە

ئەلھویێت چیایێت بلند…شێرێت دول و نەھالا

جان گوریێت گەلێ خو…. مە بلند راکر ئالا

بۆ ئەوەی ئاڵای پارتی و کوردستان ھەر بڵند و بڵندتر بێت، دەنگی خۆتان بدەنە لیستی ٢٧٥، دەنگی خۆتان بدەنە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێوە ھەر ھەبن، ھەر ساخ و سەرکەوتوو بن، کوردستان ھەر ئاوەدان بێت، سەرکەوتن بۆ پارتی، سەرکەوتن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرکەوتن بۆ کوردستان، ئاوەدان بێت کوردستان.

گەلێک سوپاسی ئێوە ھەموان دەکەم، زۆر سوپاس.

 




دوایین هەواڵەکان

سیداد بارزانی: خەڵکی کوردستان وەڵامی خزمەتەکانی پارتیان بە دەنگی خۆیان دایەوە

TUESDAY, 11 NOVEMBER 2025 23:11:00

سۆران-KDP.info- سیداد بارزانی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و سەرۆک بارزانی دەکات هەروەها جەختیش دەکاتەوە کە خەڵکی کوردستان وەڵامی خزمەتگوزاری و خزمەتەکانی پارتیان بە دەنگی خۆیان دایەوە.

نێچیرڤان بارزانى: ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ مایه‌ى شادى و شانازیى هه‌موومانه‌

TUESDAY, 11 NOVEMBER 2025 22:11:44

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانى به‌بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌، سوپاس و ده‌ستخۆشى و ڕێز و پێزانینى بێكۆتایى، ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌و دڵسۆزانه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌رك و ڕه‌نجیان كێشا، ماندوو بوون و به‌وپه‌ڕى جوامێرییه‌وه‌ كاریان كرد تا ده‌نگى پارتییان گه‌یانده‌ زیاتر له‌ ملیۆنێك و پارتییان كرده‌وه‌ به‌ حزبى یه‌كه‌م.

 
مەسروور بارزانی: سوپاس بۆ خودای گەورە دەنگەکانی پارتی یەک ملیۆنی تێپەڕاند

TUESDAY, 11 NOVEMBER 2025 21:11:00

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا، سوپاسی خودای گەورە و خەڵکی کوردستان دەکات کە دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستانیان گەیاندە زیاتر لە ملیۆنێک.

 
ده‌نگه‌كانی پارتی له‌ ملیۆنەکەی تێپەڕاند

TUESDAY, 11 NOVEMBER 2025 21:11:32

ھەولێر-KDP.info- به‌پێی زانیاریه‌كانی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌نگه‌كانی پارتی له‌ ملیۆنەکەی تێپەڕاند.

 
لە ھەولێر لابردنی پۆستەر و وێنەی کاندیدان و ئاڵای حزب و لایەنە سیاسیەکان دەستیپێکرد

TUESDAY, 11 NOVEMBER 2025 20:11:00

ھەولێر-KDP.info-لە ھەولێر دەستکرا بە لابردنی پۆستەر و وێنەی کاندیدان و ئاڵای حزب و لایەنە سیاسیەکان و پارێزگاری ھەولێریش داوا دەکات ھەر لایەنێک پۆستەر و لۆگۆی خۆی لە شەقام و شوێنە گشتییەکان کۆ بکاتەوە.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact