ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە بارەی پرۆژەی ھەژماری منەوە دەڵێت: ئەو پرۆژەیە، دابەشکردنی مووچەی ئاسانتر و خەرجکردنیشی خێراتر کردووە، ھەروەھا ڕوونی و شەفافییەت لە دابینکردنی مووچەی حکوومەتیشدا زیاتر بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە بارەی پرۆژەی ھەژماری من، پەیامێکی بڵاو کردەوە، لە پەیامەکەدا ھاتووە، خۆشحاڵم کە دەبینم زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئێستا مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی، لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە وەردەگرن کە بەشدارن لە پرۆژەی ھەژماری من.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: لە دوای ڕاگەیاندنی پرۆژەی ھەژماری منی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە ھەژماری بانکییان لە کوردستان ھەیە، لە کەمتر لە ٥%ـەوە بووە بە زیاتر لە ١٥%.
مەسروور بارزانی باسی لەوەش کرد، پڕۆژەکە بانکەکانی ھانداوە بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تاکەکەسی و زیادکردنی لق و تۆڕەکانی ئامێری ڕاکێشانی پارە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کڕیاران، ھەروەھا پارەدانان لە بانکە بەشداربووەکانیش، بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، کە بەم ھۆیەوە، قەرزی تاکەکەسی و بازرگانی دەدرێت.
ھەر لە بارەی پرۆژەکەوە، سەرۆکی حکوومەت، گوتی: تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم، لە ڕێگەی بانکە بەشداربووەکانەوە دراوە، ئەمەش ھەلی کاری نوێی لە کەرتی خزمەتگوزارییە داراییەکاندا ڕەخساندووە و ڕێگەی بۆ دروستبوونی متمانەی بانکی خۆش کردووە.
ھاوکات جەختی لەوە کردەوە، دەستڕاگەیشتن بە متمانەی بانکی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمپانیا بچووک و ناوەندەکان و تازە دەستپێکردووەکان، زۆر گرنگە.
سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە لە ڕێگەی پرۆژەکەوە، مەسروور بارزانی، ڕوونی کردەوە، پرۆژەی ھەژماری من، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ئاسانتر و خەرجکردنیشی خێراتر کردووە، ڕوونی و شەفافییەت لە دابینکردنی مووچەی حکوومەتیشدا زیاتر بووە.
لە بارەی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی داھاتوو، مەسروور بارزانی ئاشکرای کرد، حکوومەت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٨، خزمەتگوزاریی بانکی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە ٥٠% بەرز دەکاتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا ھاتووە، ئەمە ھەنگاوێکی گرنگە، بەڵام کاری زۆر زیاترمان لە پێشە، بەردەوام دەبین لە کارکردن تاکوو خەڵکی سوود لە خزمەتگوزاریی بانکیی پارێزراو و سەردەمییانە ببینن، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.