Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 10 MAR 2026 14:15 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ڕیفراندۆم، نەتەوەیەك بڕیاری چارەنووسی دا
| KDP.info


فازڵ میرانی

لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا، بۆ یەكەمین جار لە 25/9/2017دا دەرفەتی ئەوە بۆ گەلی كوردستان هاتە پێش، بە ئازادی و دیموكراسیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. هەلومەرج و ساتەوەختی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم، یەكجار هەستیار و چارەنووسساز بوو. ئەگەر لە ڕووی سیاسەت و دیموكراسییەوە سەرمایەگوزاری لەو دەرفەتە نەكرابایە، بۆی هەبوو جارێكی دی بە ئاسانی ئەو هەلومەرجە بۆ گەلەكەمان بەدی نەهاتبا.

كرۆكی كارەكەش لەوەدا چڕ دەبێتەوە، دەوڵەتی عیراق لە ڕەوشێكی دژواردا كوردی خستە بەردەم دووڕیانێكی سەختەوە، یان ملكەچبوون بۆ خواست و پلانی نادۆستانەی بەغدا، یانیش گەڕانەوە بۆ گەل تا بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات. لەم گۆشەنیگایەوە سەرۆك مەسعوود بارزانی بەیداخی گەڕانەوە بۆ گەلی بەرز كردەوە، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیش، تێكڕای حزب و كەسایەتی و لایەنانی سیاسی، هاودەنگ و یەكدەنگ بەدەم بانگەوازەكەی سەرۆك بارزانییەوە هاتن، ئەمەش دۆخێكی بەرزی یەكگرتوویی گوتاری نەتەوەیی و نیشتیمانیی بەرجەستە كرد، بەم جۆرە ڕێڕەوی بەڕێوە چوونی پرۆسەی ڕیفراندۆم، لە كەشێكی یەكجار گونجاو و پێگەیشتوو، بە كۆدەنگیی هێز و لایانی سیاسیی كوردستان بڕیاری لێ درا.

ئەوەی زۆر مایەی سەرنج و شانازی و جێی هەڵوەستەیەكی قووڵە، ئەو بە دەنگەوە هاتنە جەماوەرییە بێ وێنەیە بوو، بەوەی ڕێژەیەكی یەكجار بەرزی خەڵكی كوردستان بە هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەیەكییەوە، بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا كرد، كە نیشانەی ئاستی بەرزی هۆشیاریی سیاسیی خەڵكی كوردستان بوو، لە هەمان كاتدا نیشانەی ئەوە بوو گەلەكەمان باوەڕی تەواوی بە سەروەریی خۆی و سەربەخۆیی كوردستان هەبووە و هەردەم ئامادەیە پشتیوانی لەو خواستە ڕەوایەی خۆی بكات.

گەلی كوردستان بە ڕێژەی نزیكە 93% مۆری زێڕینی “بەڵێ”ی بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە پرۆسەكەدا دا، بەم جۆرە سەربەخۆیی كوردستان شەرعیەتی خۆی لە تەواوی گەلی كوردستانەوە بەدەست هێنا، هیچ هێز و لایەنێكیش نە ماف و نە توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی گەلی كوردستانی نییە.

بەدی نەهاتنی ئەو مافی سەربەخۆییەی گەلی كوردستان ئەرێی كرد، بۆ هەلومەرجی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە، بەوەی تا ئێستاش نێوەندی سیاسیی نێودەوڵەتی بواری نەداوە ئاڵای كوردستان بەدەم ئاڵای وڵاتانی دیكەی جیهانەوە لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكاندا بشەكێتەوە، ئەمە ناهەقییەكی گەورەیە دەرهەق بە میللەتێكی گەورە و دێرین، كە ئومێد و چاوەڕوانیمان ئەوەیە دەنگ و خواستی گەلەكەمان لە ئاستی نێونەتەوەیی چی دی نادیدە نەگیرێت.

ئەو پرۆسەی ڕیفراندۆمەی گەلی كوردستانی عیراق بەڕێوەی برد، بە پێی بنەماكانی دیموكراسی بوو، هەر گەل سەرچاوەی شەرعیەتە، گەلەكەشمان خۆی خاوەنداریی لەو پرۆسەیە كرد، بۆیە لە ڕوانگەی ماف و یاساییەوە، ڕیفراندۆم تاپۆیەكی شەرعییە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، هەر كاتێكی هەلومەرج گونجاو بێت، گەڕانەوە بۆ پەیامی ئەو تاپۆیە مافێكی شەرعیی گەلی كوردستانە، ئەوەی پێویستە ئێمە كاری بۆ بكەین، كاری سیاسی و دیپلۆماسییە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بە تایبەتی كە دەوڵەتی عیراق لە هەموو سەردەمەكاندا بە ئێستاشەوە، دەست لە سیاسەتی دژایەتیكردن و پەراوێزخستنی گەلی كوردستان و پێشێلكردنی مافەكانی هەڵناگرێت، جگە لەوەی لە مێژووی دەوڵەتی عیراقدا، كورد ڕووبەڕووی جینۆساید بووەتەوە. باوەڕمان وایە، تا كورد و بەغدا نەبن بە دوو دراوسێ، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا ڕاستەڕێ نابێت، ئەوەی گەلی كوردستانیش لە ڕیفراندۆمدا پاڵپشتیی كرد، بەڵگەیەكی دیكەیە بۆ خواست و دیدێكی ڕوونی ئایندەخوازی.




دوایین هەواڵەکان

کەشوهەوا نەبووە ڕێگر، حکوومەت ڕێگەی دهۆک - باعەدرێ پێش وادەی خۆی تەواو دەکات

TUESDAY, 10 MARCH 2026 12:03:17

دهۆک-KDP.info- حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی ڕێگەوبان بەردەوامە. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگەوبانی دهۆک مژدەی ئەوە دەدات کە پڕۆژەی ڕێگەی دهۆک - باعەدرێ، سەرەڕای ئاستەنگەکانی کەشوهەوا، زووتر لە کاتی دیاریکراوی خۆی دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.

 
هەرێمی کوردستان یادی ڕۆژی جلی نەتەوەیی وەک هێمایەک بۆ پێکەوەژیان دەکاتەوە

TUESDAY, 10 MARCH 2026 11:03:58

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ـی ئاداری ٢٠٢٦، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، یادی ڕۆژی جلی نەتەوەیی دەکرێتەوە. لەم ڕۆژەدا هاووڵاتیان، فەرمانبەران و قوتابیان بە پۆشینی جلی ڕەسەنی نەتەوەیی، تابلۆیەکی دەوڵەمەندی کلتووری و پێکەوەژیان پێشان دەدەن.

 
ڕاگەیاندراوێک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان

TUESDAY, 10 MARCH 2026 11:03:10

هەولێر-KDP.info- فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی توندی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر بڵاوکردەوە و داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات سنوورێک بۆ گرووپە لەیاسادەرچووەکان دابنێت.

 
یادی ڕاپەڕینی شکۆداری سۆران، پیرمام، تەقتەق، باسرمە، ڕواندز، چۆمان و مێرگەسۆر پیرۆز بێت

TUESDAY, 10 MARCH 2026 10:03:25

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی یادی ٣٥ ساڵەی ڕاپەڕینی شکۆداری دەڤەرەکانی (سۆران، پیرمام، تەقتەق، باسرمە، ڕواندز، چۆمان و مێرگەسۆر)، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە پاراستنی قەوارەی هەرێم و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان دەکاتەوە.

 
پۆشینی جلوبەرگی کوردی نیشانەی شانازیکردنە بە ڕەچەڵەک و مێژووی پڕ سەروەریی کورد

MONDAY, 09 MARCH 2026 23:03:57

دهۆک-KDP.info- بەبۆنەی ڕۆژی جلوبەرگی کوردییەوە، د. ڤیان سلێمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لەسەر گرنگیی پاراستنی کلتوور و فۆلکلۆری کوردی دەکاتەوە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە شوناسی نەتەوەیی.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact