ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، شاندی بازرگانانی ئەمەریکا دەیانەوێت سوود لە دەرفەتەکانی ھەرێمی کوردستان لە بواری بازرگانی و وەبەرھێنان وەربگرن، ئێمەش تەواوی ئاسانکاریان بۆ دەکەین، هەروەها دەشڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ کاری وەبەرھێنان و بازرگانی زۆر لەبارە.
د.محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: شاندێکی باڵای بازرگانی ئەمەریکا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، ئەو شاندە بە فەرمیی ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان، پشتگیری حکوومەتی ئەمەریکایان لەڕووی ئابووریەوە ھەیە و نیەتیانە لە ھەرێمی کوردستان کاری بازرگانی و وەبەرھێنان بکەن، ئێمەش وەکو ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم، تەواوی ئاسانکاری و ھاوکاریان بۆ دەکەین، بۆ ئەوەی سوود لە دەرفەتەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکان وەربگرن، چونکە ھەرێمی کوردستان بۆ کاری وەبەرھێنان و بازرگانی زۆر لەبارە.
د.محەممەد شوکری گوتیشی: ئێمە دەرفەتەکانی کارمان لە ھەرێمی کوردستان پێشکەش کردوون، زیاتریش گفتوگۆیان لەگەڵ دەکرێت، بۆ ئەوەی کارگە دابنێن و لە بواری پڕۆژەی تەکنەلۆژیا و پڕۆژەی کشتوکاڵی و زۆر بابەتی تری بازرگانی و وەبەرھێنان کار بکەن، لەسەر ئاستی بەرز لەگەڵ ئەو شاندە دانیشتن و گفتوگۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی بزانن ھەرێمی کوردستان چەند گرنگە بۆ ئەوەی ئەمەریکا بێت وەبەرھێنانی تێدا بکات.
بڵند ئیبراھیم