Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 10 MAR 2026 12:19 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

نزاکانی دایە ئامینە و زوڵمەکانی عەجاج…
| KDP.info


لیزا فەلەکەدین کاکەیی

دەیان ساڵە کاراکتەرێکی تاریک لەناو ئەدەبیات و مێژووی کوردیدا بوونی ھەیە و لە شانۆ، ھۆنراوە، چیرۆک، پێشانگا و سینەما ڕۆڵی دڕندەیەک دەبینێت.

عەجاج، خوێنمژێک کە بە بینینی ئێسک و پروسکی ژن و پیاو و منداڵی کورد چێژی دەبینی.

ئەگەر لەگەڵ ھەر ڕزگاربوویەکی ئەنفالدا یان نەوەیەکی ئەنفالدا بدوێیت ئەوە لەدوای ناوی سەدام حوسێن و عەلی حوسێن کیمیاوی و بارق حنگە، ناوی چوارەم دەبیسیت کە “عەجاج”ە.

ئەوێ ڕۆژێ کە چل و دووەھەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان بوو، مانشێتی ھەوڵەکان ھەمووی بووبە تایتڵی (عەجاج دەستگیرکرا)... 

ھەرکە ئەو ھەواڵەم بیست (دایە ئامینە)م بیر کەوتەوە کە خەڵکی گەرمیان بوو و ھاوسەر و ڕۆڵەکانی بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتبوون و بەچاوی خۆی شاھێدی زوڵمەکانی عەجاج ببوو… بۆی گێڕامەوە:

لە نوگرە سەلمان بووین ھەردوو کچەکەم و بوکەکەم لەئێمە جیا کرانەوە، من و ھاوسەرەکەم لەتاو ئازاری دووری مناڵەکان و نەزانینی چارەنووسیان بەردەوام دوعامان دەکرد. لە ڕۆژێکی گەرمی ھاویندا ھاوسەرەکەم کە تەمەنی ( ٦٠) ساڵ دەبوو لەسەر  پارچە پەڕۆیەک نوێژی خۆی دەکرد، لەو کاتەدا دەستەکانی بۆ ئاسمان بەرز کردبووەوە و بەردەوام ناوی خوای دەھێنا… لەگەڵ تەوابوونی لە نزاکەی ویستم پەرداخێک ئاوی گەرمی بدەمێ، چونکە ئەمجارەیان زۆر لەسەرپارچە پەڕۆیەکە مایەوە و نزای زۆری کرد، فرمێسک لە چاوەکانی دڵۆپ دڵۆپ دەھاتنە خوار و ھەر دەیوت خوایە بە (ئازاد و بورھان) شادم بکەوە.

لەناکاو  پیاوێکی زلی خوێن تاڵ خۆی کردە ناو حەوشەی زیندانەکە و رووی لە پیاوەکەم کرد و پەرداخە ئاوەکەی لێ وەرگرتەوە و لەبەردەمیا ڕشتی، ھاوارم کرد و وتم بۆ ئەم زوڵمەی تاکو کەی؟!

دواتر ئەو سەربازانەی پاسەوانی عەجاجیان دەکرد پەلاماریان دام و منیان بردە سەربانی زینداکە و لەوێوە تەنھا سەحرایەکی لماویم دەبینی، لە دڵی خۆمەوە دەمگوت ئەی خوایە بۆ منیان ھێناوەتە ئەم بانە! 

دواتر چاوم لێبوو ھاوسەرەکەی من و دوو پیاوی دیکەیان لە زیندانەکە ھێنایە دەرەوە و چەند مەترێک دووری زیندانەکە ئەو عەجاجە خوێن مژە ھەرسێکیانی بەر گولەدا، ھەتا ھێزم تیابوو ھاوارم کردو و تفم کردە ناو چاوانی ئەو دڕندانەی کە لە دەورم بوون.

گێڕانەوەیەکی زۆر تاڵبوو، لە ھەمووشی ناخۆشتر دایە ئامینە ئەوەشی بینیبوو کە عەجاج و پاسەوانەکانی ھەرسێ تەرمەکەیان دەرخواردی سەگەکانی بیابان دابوو.

خۆزگە دایە ئامینە لە ژیاندا دەما و ئێستا ئەم ھەواڵەی دەبیست (روحی شاد بێت)، بەڵام دەیان دایە ئامینەی دیکە ھێشتا لە ژیاندا ماون کە شاھێدی زیندووی بەسەرھاتە تراژیدیاکانی نوگرە سەلمان و زوڵم و ستەمەکانی عەجاج و ھاوشێوەکانیانن کە دەتوانن ببن بە سکاڵاکار و گەوھیدەر بۆ کەیسەکانیان.

پێویستە ھەرچەند زووترە دەستبکرێت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی دادگاییکردنی عەجاج تا لە ژیاندا ماوە، لەبەر ئەوەی عەجاج گەورە تاوانبار و گەواھیدەری سەدان بەسەرھاتی تاڵی وەکو دایە ئامینەیە.

عەجاج کۆدی سەرەکی دۆسیەی ئەنفالە و ئەو کۆدەش پێویستی بە کردنەوە ھەیە بۆ ڕوونبوونەوەی چارەنووسی ھەزاران دایک و باوک و خوشک و برای بێ سەرو شوێنی نێو بیابانەکان.




دوایین هەواڵەکان

هەرێمی کوردستان یادی ڕۆژی جلی نەتەوەیی وەک هێمایەک بۆ پێکەوەژیان دەکاتەوە

TUESDAY, 10 MARCH 2026 11:03:58

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، ١٠ـی ئاداری ٢٠٢٦، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، یادی ڕۆژی جلی نەتەوەیی دەکرێتەوە. لەم ڕۆژەدا هاووڵاتیان، فەرمانبەران و قوتابیان بە پۆشینی جلی ڕەسەنی نەتەوەیی، تابلۆیەکی دەوڵەمەندی کلتووری و پێکەوەژیان پێشان دەدەن.

 
ڕاگەیاندراوێک لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان

TUESDAY, 10 MARCH 2026 11:03:10

هەولێر-KDP.info- فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندراوێکی توندی سەبارەت بە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر بڵاوکردەوە و داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات سنوورێک بۆ گرووپە لەیاسادەرچووەکان دابنێت.

 
یادی ڕاپەڕینی شکۆداری سۆران، پیرمام، تەقتەق، باسرمە، ڕواندز، چۆمان و مێرگەسۆر پیرۆز بێت

TUESDAY, 10 MARCH 2026 10:03:25

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی یادی ٣٥ ساڵەی ڕاپەڕینی شکۆداری دەڤەرەکانی (سۆران، پیرمام، تەقتەق، باسرمە، ڕواندز، چۆمان و مێرگەسۆر)، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە پاراستنی قەوارەی هەرێم و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان دەکاتەوە.

 
پۆشینی جلوبەرگی کوردی نیشانەی شانازیکردنە بە ڕەچەڵەک و مێژووی پڕ سەروەریی کورد

MONDAY, 09 MARCH 2026 23:03:57

دهۆک-KDP.info- بەبۆنەی ڕۆژی جلوبەرگی کوردییەوە، د. ڤیان سلێمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، جەخت لەسەر گرنگیی پاراستنی کلتوور و فۆلکلۆری کوردی دەکاتەوە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە شوناسی نەتەوەیی.

 
لە شەقڵاوە زەوی بەسەر فەرمانبەران، پێشمەرگە و ئاسایشدا دابەش کرا

MONDAY, 09 MARCH 2026 17:03:26

هەولێر- KDP.info- پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند؛ بەبۆنەی ساڵیادی ئازادکردنی شەقڵاوە، زەوی بەسەر فەرمانبەران، پێشمەرگە و ئاسایش لەو دەڤەرەدا دابەش کرا.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact