ئاكرێ-KDP.info- ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، مامۆستایانی ئایینی قه‌زای ئاكرێی سه‌ر به پارێزگای دهۆك له پرێس كۆنفڕانسێكدا ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه هیچ بیانویه‌ك بۆ به‌غدا نه‌ماوه‌ته‌وه له بڕینی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.
مامۆستایانی ئایینی ئاكرێ پرێس كۆنفڕانسێكیان ساز دا و یه‌كێك له مامۆستا ئایینییه‌كان به‌ناوی مامۆستایانی ئایینی ده‌ڤه‌ره‌كه‌وه ڕایگه‌یاند: "له كاتێكدا حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئه‌ركه‌كانی جێبه‌جێ كردووه و ئه‌وه‌ی پێویسته كردوویه‌تی و لیستی مووچه‌ی به شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك ئاماده كردووه و هیچ بیانوویه‌كی بۆ حكوومه‌تی عێراق نه‌هێشتۆه‌ته‌وه، ئنجا كه زانییان هیچ بیانوویه‌ك نه‌ما كه بیگرن له‌باره‌ی یاسایی و هونه‌رییه‌وه، ئێستا مووچه نانێرن و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش ئاگاداری ئه‌و پێشێلكاریه‌یه كه به‌غدا بۆ كوردستانی دروست كردووه كه ئامانجیان ئه‌وه‌یه قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان لاواز بكه‌ن كه هه‌رێمێكی ده‌ستوورییه."
گوتیشی، ئه‌مڕۆ له برسیكردنی خه‌ڵك و بڕینی مووچه‌ی مووچه‌خۆران، ئازاری یه‌ك به یه‌كی خه‌ڵكی كوردستان ده‌ده‌ن، بۆیه ئێمه لێره‌دا پشتیوانی خۆمان بۆ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه و داواكارین له لایه‌نه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بێنه سه‌ر خه‌ت و به‌رپرسانی حكوومه‌تی فیدڕاڵی ناچار بكه‌ن به ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانیان و پاشگه‌ز بكرێنه‌وه له بڕیاره‌كانیان و گشت مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ڕه‌وانه بكه‌ن.