چەمچەماڵ -KDP.info- قایمقامی قەزای چەمچەماڵ گوتی "کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بەردەوامە و بەتەواوبوونی تا ٥٠ ساڵی دیکە کێشەی کەم ئاوی چارەسەر دەبێت، کە زیاتر لە ٢٠٠ھەزار کەس سوودی لێ وەردەگرن."
ڕمک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "تەنیا بۆ ٢٠ ڕۆژ پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بۆ گۆپتەپە ڕاگیڕا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سولفەی بۆ کۆمپانیا خەرج کرد و کەوتەوە کار، بڕیارە مانگانە پارەیان بۆ خەرج بکات بۆ ئەوەی کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوام بێت، ئێمەش ئەوەی پێویستە ئەنجاممان داوە و ڕێکارەکان تەواوکراون، حکوومەتیش بودجەی سەرف کردووە، بۆیە ئێستا کار لە پڕۆژەکە دەکرێت و باش بەڕێوە دەچێت."
ڕمک ڕەمەزان گوتیشی "ئەمە پڕۆژەیەکی ستراتیژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە قەزای چەمچەماڵ جێبەجێ دەکرێت، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، تا ٥٠ ساڵی دیکە کێشەی کەم ئاوی چارەسەر دەبێت، ٢٠٠ھەزار کەسیش سوود لە ئاوی ئەو پڕۆژەیە وەردەگرن."
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ گوتیشی "بڕیارە لە ماوەی دوو ساڵ پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییانی سنوورەکە، کۆمپانیاش بەڵێنی داوە، ئەگەر گرفت نەیەتە پێشیان کەمتر لەو ماوەیەی دیاری کراوە پڕۆژەکە تەواو دەکرێت."
بڵند ئیبراھیم