ھەولێر-KDP.info- بۆ کۆچی دوایی سیاسەتمەداری ناسراوی گەلی کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی ھاوخەمی بڵاوی کردەوە و ڕایگەیاند: کاک کەریم شنگالی لە ھەموو قۆناغەکانی خەباتی گەلی کوردستاندا، پێشمەرگەیەکی ماندوونەناسی ئازا و تێکۆشەرێکی ناسراو و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بوو.
دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ھەواڵی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو کەریم شنگالی وەزیری پێشووی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و سەرکردەی دیار و ناسراوی پارتی دیموکراتی کوردستان، زۆر غەمباری کردم.
کاک کەریم شنگالی لە ھەموو قۆناغەکانی خەباتی گەلی کوردستاندا، پێشمەرگەیەکی ماندوونەناسی ئازا و تێکۆشەرێکی ناسراو و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بوو. لە ھەموو ئەرک و بەرپەرسیاریەتییەکانیدا، زۆر بە دڵسۆزی و لێھاتووییەوە، کارەکانی جێبەجێ دەکرد و کەسێکی وەفادار و جێی متمانە بوو.
بەم بۆنە خەمناکەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و ھەموو کەسوکار و دۆست و ھەڤاڵەکانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین.
خوای مەزن گیانی بە بەھەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە ھەموو لایەکمان ببەخشێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
١٠ی٦ی ٢٠٢٥