سلێمانی -KDP.info- گوته‌بێژی شاره‌وانی سلێمانی ده‌ڵێ "كاركردن له پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100مه‌تری سلێمانی به‌رده‌وامه و به ته‌واوبوونی، شاری سلێمانی ده‌چێته قۆناغێكی دیكه‌ی ئاوه‌دانی."
زه‌رده‌شت رڕەفیق، گوته‌بێژی شاره‌وانی سلێمانی به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "كاركردن له شه‌قامی 100مه‌تری سلێمانی كه بە ئۆتۆبانی بابان ناسراوه به‌رده‌وامه، ساڵی داهاتوو پڕۆژه‌كه به ته‌واوه‌تی كۆتایی دێت و ده‌كه‌وێته خزمه‌ت هاووڵاتییان، ئێستا پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100مه‌تری سلێمانی قۆناغی باشی بڕیوه و هه‌موو بڕگه‌كانی شه‌قامه‌كه به‌پێی دیزاینی پڕۆژه‌كه ته‌واو ده‌كرێن."
گوته‌بێژی شاره‌وانی سلێمانی گوتیشی"به ته‌وابوونی پڕۆژه‌كه ئاسته‌نگی هاتوچۆ له ده‌روازه‌ی سلێمانی نامێنێ، ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێ به‌ره‌و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری سلێمانی بچن، له‌ڕێگه‌ی شه‌قامی 100مه‌ترییەوە دەڕۆن و ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو شار."
زه‌رده‌شت ڕه‌فیق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد " پڕۆژه‌كه جگه له كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر كه‌رتی هاتوچۆ، دیمه‌نێكی جوانتریش به شاری سلێمانی ده‌به‌خشێت، یه‌كێكه له پڕۆژه ستراتیژییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له شاری سلێمانی بۆ خزمه‌تی هاووڵاتییان."
قائید میرۆ