ھەولێر-KDP. info- ئەمڕۆ 40 ساڵ بەسەر کارەساتی ئۆردوگای زێوە تێدەپەڕێت کە تێدا ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتی سڤیل بوونە قوربانی هێرشەکانی ڕژێمی بەعس.
ڕۆژی 9/6/1985 ڕژێمی ئەوکاتی عێراق لە ڕێگەی هەشت فڕۆکەی سیخۆ ئۆردوگای زێوە کە ئاوارەکانی باشووری کوردستان تێیدا نیشتەجێبوون بەشێوەیەکی دڕندانە کردە ئامانج و نزیکەی 150 هاوڵاتی سڤیل شەهیدبوون و 373 هاوڵاتی دیکەش برینداربوون. ئاسەواری برینەکان هێشتا لەسەر جەستەی قوربانیان ماوە و دوای تێپەڕبوونی 40 ساڵ هێشتا بەدەست برینەکانیان دەناڵێنن.
سەرۆک بارزانی لەبارەی کارەساتی ئۆردوگای زێوە دەڵێت: "کارەساتی زێوە یەکێکە لە لاپەڕە ڕەشەکانی دەوڵەتی عێراق و هیچ کاتێک لەیاد ناچێت. ڕژێمی بەعس بە ئەنفال و گرتن و ئاوارەکردنی خەڵک نەوەستاوە و تاوانی دڕندانەی زێوەشی ئەنجامدا. هەرکەسێک ناڵەی برینداران و جەستەی لەتلەتکراو و سووتاوی شەهیدانی زێوەی دیتبا، زۆر بەباشی دڕندەیی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق و مەزڵوومیەتی گەلی کوردستانی بۆ دەردەکەوت."
ئۆردوگای زێوە لە دەڤەری ملگەوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند جارێک بووە ئامانجی فڕۆکەکانی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق و سەرەڕای ژمارەی زۆری شەهید و برینداران، ئاوارەکانی شۆڕش خۆراگربوون لەبەردەم ئەم هەموو هێرشەی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو.
قائید میرۆ