کازاخستان-KDP.info- سەرۆکی دەزگای «کنیازی ئیبراهیم میرزۆیێڤ» و جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کوردانی کازاخستان «بەرەبانگ» دەڵێت، لە مێژووی نەتەوەکاندا، دامەزراوە، دەزگا و پارتەکان کاتێک بۆ بەختەوەری، ئازادی و یەکسانی دەبن، دەبنە خۆشەویستی دڵی خەڵک و خەڵک شانازییان پێوە دەکات. دیسان لە مێژووی زۆر نەتەوە و دەوڵەتدا هەندێک دامەزراوە، دەزگا و ڕێکخراو هەن کە مۆری خۆیان لە داهاتوویان داوە و بوونەتە بنەمای سەرکەوتن و سەربەرزی نەوەکانی داهاتوو. بە بڕوای ئێمە، پارتی بە تەمەنی درێژی خۆی، ئەم ئەرکە نەتەوەیی و مرۆڤایەتییەی لە ڕۆژانی پێشووەوە جێبەجێ کردووە و بە هیوای ئەوەین کە بۆ نەوەکانی داهاتووش جێبەجێی بکات.
وەزیری کنیازی ئیبراهیم (میرزۆیێڤ) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی، ئێمە لەناو دەزگای کنیازی ئیبراهیم میرزۆیێڤ، لەناو فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی دیاسپۆرای کوردانی سۆڤیەتی پێشوو و یەکێتی کوردانی کازاخستان "بەرەبانگ" بە گەورەیی و گرنگی دەڕوانینە رۆڵی پارتی و ڕۆڵ و گرنگیی ئەم پارتە بۆ ئێمە جیگای شانازییە و پشتیوانی لێ دەکەین.
ناوبراو گوتیشی، بە هەر پێشکەوتن و ڕووناکییەکی گەش لە وڵات سەرفراز دەبین. ئاماژەیشی دا کە دڵی خوشک و برایانتان لە ڕووسیا، ئەرمەنستان، کازاخستان، قرغیزستان، گورجستان و ئۆزبەکستان لای ئێوەیە، دەبێت چاوی ئێوەش لەسەر ئێمە بێت و ئێوەش ئاگاداری ئێمە بن.
لە کۆتاییشدا گوتی، بەم پەیام و بانگەوازە ئێمە سەرۆک مسعود بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی سۆڤیەتی پێشوو دەکەین، چاومان لەو ڕۆژە دەبێت و ئەو ڕۆژە دەکەینە ڕۆژی جەژن و شادی.
کاروان باعەدری