بەغدا-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/١/١٣ لە بەغدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی ھاوپەیمانیی سیادە، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گرنگیی بەھێزکردنی ھاوبەشیی نیشتمانییان لەنێوان ھەموو پێکھاتەکانی گەلی عێراقدا تاوتوێ کرد، ھەروەھا جەختیان لەسەر پێویستیی پاراستنی مافی ھەمووان و دەستەبەرکردنی بەشدارییان لە ژیانی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا کردەوە.
ھەردوولا بیروڕایان دەربارەی ئاستەنگە ھەنووکەیییەکانی بەردەم عێراق گۆڕییەوە، ھەروەھا گرنگیی بەھێزکردنی دیالۆگیان لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و بەدیھێنانی سەقامگیری و گەشەپێدان، بە پێویست زانی.
دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر عێراق و گرنگیی ھەماھەنگیی ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.