دھۆک-KDP.info- وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق و ناوچەکە دەڵێت: ئەگەر عێراق بخزێتە نێو شەڕی ناوچەکە، سەرچاوەکانی هەناردەکردنی نەوتی بە ئامانج دەگیرێن و ئابووری عێراق پەکی دەکەوێت.
ئەمڕۆ ھەینی ٢٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چوارچێوەی پانێلی کۆڕبەندی مێپس گوتی: ناوچەکە لەژێر ئاگرە و عێراق بەشێکە لە ناوچەکە، ئێمە نیگەرانین لە دۆخی ناوچەکە، ئێستا ھەڕەشەی ئیسرائیل لەسەر عێراق ھەیە، نامەی نەتانیاھۆ گەیشتە دەستمان، نامەیەکیش لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، ناتانیاھۆ دەڵێت: گرووپە چەکدارەکان لە عێراقەوە ھێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوە دەشڵێت: حکوومەتی عێراق شەڕی ناوێ و ئێمە بەشێک نین لە شەڕ و دەمانەوێت شەڕ دوورخەینەوە، گەڤەکان زۆر جدیین و ھەستییان پێدەکرێت.
فوئاد حوسێن گوتیشی: سەرۆکوەزیران لەگەڵ سیاسییەکان و سەرکردەکانی لایەنی شیعی باسی مەترسی بارودۆخەکە دەکات، لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپەکان سەرۆکوەزیران لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنی ئێرانیش، ئێمە باس لە واقیعەکە دەکەین.
لەبارەی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمەریکا گوتی: سیاسەتی ترەمپ، سیاسەتێکی جیاوازە لەگەڵ دیموکراتەکان، سیاسەتی ئەو بە ئاراستەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگە چارەسەری کێشەکان بکات، گوتی: ئێستا ئێمە لە بەردەگای شەڕداین لە ناوچەکە، شەڕ تەنھا لە غەززە و لوبنان نییە، ئێمە ھەست دەکەین پانتایی شەڕەکە بەرفراوانتر دەبێت، لە باس لە فراوانبوونی شەڕ دەکەین، ئەوە واتای سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریکا لەگەڵ واقیعە نوێکە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کار دەکات.