ھەولێر -KDP.info- پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلول دەڵێن: شۆڕشی ئەیلول بەسەرۆکایەتی بارزانی نەمر لە کاتێکی زۆر زەرور ھەڵگیرسا، خەڵکی ھەرێمی کوردستانی لە بێ ئومێدی ڕزگار کرد و وای لە عێراقیش کرد بێن دانوستان لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش بکەن و دان بە مافی گەلی کورد دابنێن.
د.ناسح غەفور، سیاسەتمەداری کورد و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: شۆڕشی مەزنی ئەیلول بە سەرۆکایەتی بازرانی نەمر، یەکێکە لەو شۆڕشانەی لە کاتێکی زۆر پێویست بەرپابوو و ئەنجامی باشیشی ھەبوو، وای کرد ڕژێمەکانی عێراق بێن دانوستان لەگەڵ ھەرێم بکەن، لە ١١ی ئەیلولی١٩٧٠دا ڕژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی ئەحمەد حەسەن بەکر و سەدام دانیان بە مافی چارەنووسی گەلی کورد لە چوارچێوەی عێراق دانا، بە دروشمی دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان، دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموز بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم عێراق بووە کۆماری و ھەوڵی دا دۆخی عێراق باشتر بێت و ئازادی بۆ زیندانی سیاسی دەربکات و ڕێگە بدات لەڕووی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری ئازادی ھەبێت و داوای لە بارزانی نەمر و یاوەرانی کرد لە یەکێتی سۆڤیەت بگەڕێنەوە بۆ عێراق و بەشێوەیەکی یاسایی ڕۆڵی خۆیان ببینن، بارزانی نەمر دوای ١١ساڵ ئاوارەیی لە یەکێتی سۆڤیەت گەڕایەوە و چاوی بە عەبدولکەریم قاسم کەوت، لە دەستووری کاتی عێراق جێگیر کرا کە کورد و عەرەب ھاوبەشن و ڕێگە درا پارتی و حزبەکانی دیکە کار بکەن و کۆنگرەی خۆیان ببەستن، بۆ عێراق بە گشتی و بە تایبەت بۆ کورد بوارێکی باش ڕەخسا، بۆیە پشتگیری ئەو بڕیارانەیان کرد.
دکتۆر ناسح غەفور گوتیشی: دوای ساڵێک عەبدولکەریم قاسم لە بڕیار و بەڵێنەکانی پەشیمان بووەوە و دەستی کرد بە دەستگیرکردنی ئەندامانی پارتی و ڕۆژنامەی خەباتیش داخرا، ھەوڵی دا ناحەز دژی پارتی دروست بکات، بۆیە دۆخەکە گۆڕا و ھیچ بوارێک نەما بۆ دانوستان، بۆیە پارتی بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر دوای دانوستانی ناوخۆیی عێراق ھێرشی کردە سەر کوردستان، دواتریش شۆڕشی مەزنی ئەیلول ڕاگەیەندرا، ئێمە ھەرگیز عاشقی چەک نەبووین بۆ ئەوەی شەڕی پێبکەین، تەنیا بەرگری لە خۆمان دەکەین و لەگەڵ دانوستان داین، باشترین بەڵگەش ئەوەیە لەماوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بە سەرۆکایەتی بارزانی، ھەوڵدراوە بە گفتوگۆ کێشەکان لەگەڵ عێراق چارە بکرێن، بۆیە عێراق لەساڵی ١٩٧٠ ناچار بوو بێت دانوستان لەگەڵ سەرکردایەتی کورد بکات و دان بە مافی گەلی کورد دابنێت کە ئۆتۆنۆمی بوو، بۆیە ئەم شۆڕشە دەستکەوتی زۆر بوو، ئەو کاتیش بارزانی نەمر ھەمیشە لەگەڵ یەکڕیزی کورد بوو و پێی وابوو سەرکەوتن لە یەکڕیزی دایە، ئێستاش دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرھەمی شۆڕشی ئەیلولن.
لای خۆشیەوە مەلا قادر محەمەد، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: شۆڕشی ئەیلولی مەزن بە سەرکردایەتی بارزانی نەمر لەکاتێکدا دەستی پێکرد کە بۆ ئەو قۆناغە زەرور بوو، چونکە خەڵکی کورد بێ ئومێد بوون، جارێکی دیکە توانرا لەڕێگەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول ئومێد بۆ خەڵکی کوردستان بگەڕێتەوە، شۆڕشەکەش سەرتاسەری بوو، ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان تێیدا بەشداربوون و بە شۆڕشی خەڵک ناسرا بوو، ئامانجیشی بەدەستھێنانی مافی گەلی کوردستان بوو کە عێراق ئامادە نەبوو ھیچ مافێکی گەلی کوردستان بدات، ئەمەش وای کرد خەڵک بە لێشاو بێن بەشداری لەو شۆڕشە بکەن و ببنە پێشمەرگە.
مەلاقادر محەمەد گوتیشی: ئەو شۆڕشە وای کرد دەرگای ھەموو جیھان بەڕووی کورد دا بکرێتەوە و بووە ھۆی ئەوەی ڕژێمی بەعس بێت سازش بۆ کورد بکات و دان بەمافی گەلی کورد دا بنێت، دواتریش پیلانێکی نێودەوڵەتییان بۆ لە ناوبردنی شۆڕشی ئەیلول داڕشت، بەڵام ئەو کردارە بووە دەروازەیەک بۆ ئەوەی شۆڕش بەردەوام بێت تا کورد بگاتە مافەکانی خۆی کە دەستکەوتەکانی ئێستا بەرهەمی خەباتی شۆڕشی ئەیلولە.
بڵند ئیبراھیم