هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێکیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ ئەوەی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بە گەشتیاران بدرێت. دەشڵێ: "ئێمە تەنها بیستوومانە و پێویستە بە فەرمی لەو بابەتە ئاگادار بکرێینەوە".
ئەحمەد هوشیار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمەش گوێبیستی دەنگۆی ئەوە بووین لەبارەی پێدانی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بەو کەسانەی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە و هیچ بڕیارێکیشمان بۆ نەهاتووە، هەر کاتێکیش بە فەرمی ئاگادار کراینەوە، بڕیارەکە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گوتیشی: "بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، پێویستە بە فەرمی ئاگادار بکرێینەوە و ئەوەی هەیە تەنها دەنگۆیە بڵاو کراوەتەوە و بڕیار بە ئێمە نەگەیشتووە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، دەنگۆی ئەوە بڵاو کراوەتەوە کە گوایە هەر گەشتیارێک لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەشت بکات، بڕی پێنج هەزار دۆلاری بە نرخی بانکی ناوەندیی عێراقی پێ دەدرێت.
بڵند ئیبراهیم