-هەولێر-KDP.info- بەپێی ئامارێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تا دوێنێ چوارشەممە ٧ی کانوونی یەکەم، ٣٣ ملیۆن و ٩٨٣ ھەزار ٨٠٠ لیتر نەوتی سپی لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان دابەش کراوە.
بە پێی دوایین ئاماری وەبەرھێنانی کانزایی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تاوەکوو ئێستا ١٦٩ ھەزار و ٩١٩ خێزان لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی سوودمەند بوون و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت.
لە سنووری پارێزگای ھەولێر: ٨ ملیۆن و ٤٥٤ ھەزار و ٤٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەش کراوە و ٤٢ ھەزار و ٢٧٢ خێزان سوودمەند بوون.
لە سنووری پارێزگای دھۆک: ١٠ ملیۆن و ٦٩٧ ھەزار و ٦٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەش کراوە و ٥٣ ھەزار و ٤٨٨ خێزان سوودمەند بوون.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە: ١٤ ملیۆن و ٨٣١ ھەزار و ٨٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەش کراوە و ٧٤ ھەزار و ١٥٩ خێزان سوودمەند بوون.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو نەوتەی دابەش دەکرێت لەلایەن حکوومەتەوە لە بازاڕ کڕدراوە و بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشی سەر ھاووڵاتییان دەکرێت کە نرخی ھەر بەرمیلێک ١٠٠ ھەزار دیناری عێراقییە، بەڵام لەسەر حکوومەت نرخی زیاترە لە ٢٨٠ ھەزار دینار و گوژمەی ٧٠ ملیار دینار بۆ کڕینی نەوتی سپی تەرخان کراوە.''
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چاوەڕێی نەوتی بەغدا دەکات ئەگەر ئەویش بگاتە ھەرێمی کوردستان ئەوە بەو نرخەی بەغدا رەوانەی دەکات دابەش دەکرێت.''
د. سەباح سوبحی. جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە دەمانەوێ بە نرخی پارێزگاکانی دیکەی عێراق نەوت دابەش بکرێت، لیتری بە ١٥٠ دینار، ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبن بۆ ناردنی بەشەنەوتی ھەرێم لەلایەن بەغداوە.''
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان دەشڵێت: "یادداشتێکمان ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە ناردنی نەوت بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان و ئەو نرخەشی پێشتر بەغدا دیاریی کردووە ھەڵمانوەشاندەوە، چونکە نابێت پارەی زیاتر لە ھاووڵاتییانی ھەرێم وەربگیرێت.''
ڕۆژی ٢٠/١٠/٢٠٢٢ حکوومەتی ھەرێم دەستی بە دابەشکردنی نەوت کردووە و لە قۆناغی یەکەمدا ٣١٠ ھەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکان سوودمەند دەبن و لە قۆناغی دواتر ٣٤٥ ھەزار خێزان لە دەوروبەری شارەکان و دواتریش سەنتەری شارەکان دەگرێتەوە.
قائید میرۆ