هەولێر -KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاشکرای کرد، سبەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆ دەبێتەوە و تێیدا دەنگ لەسەر کاندیدی بەڕێوەبەری سێ ناحیە دەدات.
عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''سبەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەی ئاساییی ژمارە 103ی خۆی بەڕێوە دەبات و لەو کۆبوونەوەیەدا چەند تەوەرێک گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت و دەنگیش لەسەر کاندیدی بەڕێوەبەری سێ ناحیە دەدرێت.''
عەلی ڕەشید گوتیشی: ''پارێزگای هەولێر بە نووسراوی فەرمی ناوی کاندیدی سێ ناحیەی بۆ ئێمە ڕەوانە کردووە بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی سبەی بخرێتە دەنگدان و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەوانیش شێروان جەلال وسوو بەگ، کاندید بۆ ناحیەی هەریر و سۆران ئەکرەم جەلال ئەسعەد، کاندید بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی دیگەڵە و ڕەزا ئەحمەد وسوو ڕەحمان، کاندید بۆ بەڕێوەبەری ناحیەی باسرمە.''
عەلی ڕەشید ڕوونیشی کردەوە: ''لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا لیژنەی شارەوانی ڕاپۆرتێک پێشکەش دەکەن لەبارەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان و لیژنەی ناوخۆ ڕاپۆرتێکی تایبەتی ئامادە کردووە لەبارەی فراوانکردنی حەرەمی گوند و هێنانە کایەی گوند.''
بڵند ئیبراهیم