Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 16 APR 2024 15:24 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆکی حکومەت : هاووڵاتی جێی بایەخی سەرەکیی حکومەتە
| KDP.info


ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئاب بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی سێیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ خانووبەرە و وەبەرھێنان (Invest Expo 2022 ) بەڕێوە چوو .

سەرۆکی حکومەت دوای ئەوەی پێشانگەکەی کردەوە و بەشەکانی بەسەرکردەوە ، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە وەبەرهێنان لە خانووبەرە، بە پێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان وماستەرپلانی شارەکان بێت و بە پلان و لەبەرچاوگرتنی مەرج و پێوەرە زانستیی و تەندروستیی وسەلامەتی و ژینگەییەکان بێت، نەک تەنیا ئامانج قازانجکردنی چەند کەسێکی دیاریکراو بێت لە سەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی.

سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە ئەو ئارامی و ئاسایشەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بووەتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە شارو ناوچەکانی عێراق و دەرەوە، ڕوو لە هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بکەن و لێی نیشتەجێ بن. لە ساڵانی ڕابردووش  گرنگی زۆر بە کەرتی نیشتەجێبوون دراوە، بەڵام هەند‌ێک لە پڕۆژەکان بێ کەموکورتی نەبوونە. گوتیشی لەو کابینەیەدا جەختمان لەوە کردووەتەوە کە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا، دەبێت مەرجەکانی حکومەت و دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان لەبەرچاو بگیرێت.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی هێژا

ڕۆژتان باش

زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەرم کە ئەمڕۆ لە گەڵتان بەشدارم لە پێشانگەیە . سەردانی پێشانگەکەشمان کرد و زۆر دڵخۆشبووم بەوەی کە بینیمان.

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ڕابەرمان جەنابی سەرۆک بارزانیە و ڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە. لێرەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامانی پارتی و لایەنگران و سەرکردایەتی پارتی و خەڵکی کوردستان دەکەم . هیوادارم تەمەنی سەرۆکمان درێژ بێت و هەمێشە تەندروست و سەرکەوتوو بێت. پارتیش بەردەوام بێت لەو خزمەتەی کە بەبێ وەستان لەو ساڵانەی ڕابردوو بۆ دۆزی گەلەکەمان کردوویەتی و بەردەوام بێت لە پێشڕەویکردنی دۆزی نەتەوەکەمان.

ئەو پێشانگایە زۆر دڵخۆشی کردم، چونکە لە زۆربەی خاوەن پرۆژە و وەبەرهێنەرە بەشداربووەکانم بیست کە توانایی ئەندازیاری، زیاتر خۆماڵییە. ڕاستە پێشتر لەگەڵ زۆر وڵاتی بیانی دیکە کاریان کردووە، بەڵام ئێستا بە پشتیوانی و پاڵپشتی و دیزاین و ئەندازیارانی خۆمانەوە، زۆربەی ئەو پرۆژانە جێبەجێ دەکرێن و ئەمە جێی دڵخۆشییە.

بەڕێزان :

وەک دەزانن لە ساڵانی ڕابردوو لە  کابینەکانی پێشووتری حکومەتی هەریمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە وەبەرهێنان و دروستکردنی خانووبەرە و تەلار لە کوردستان دراوە کە بە بەراوردکردن لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقدا دەبینین پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. ئەمەش وایکردووە خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی نیشتەجێبوون ڕوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن، چ لەبەر ئەوەی کە ئاوەدانی زیاتر تێدا کراوە، چ لەبەر ئەوەی کە شوێنێکی ئارام و سەقامگیرە بۆ ژیانی هاووڵاتییان. لێرە لەو کەشە ئارام وتەبایی و ئاسایشەی هەیە ، وایکردووە کوردستان ببێتە شوێنیک کە خەڵک زیاتر رووی تێبکەن.

بەڵام هەر وەک دیارە، ئیمە بێ کەموکورتی نەبووین و بە تایبەت ئەو پرۆژانەی لە کوردستان کراون . بینیمان لە هەندێک رووەوە لەوانەیە کەمتەرخەمی لە پرۆژەکاندا هەبووبێت و لەوانەیە هۆکاری خۆی هەبێت لە کاتی خۆیدا کە ئەو پڕۆژانە جێبەجێ کراون.  بەڵام ئێستا لەو کابینەیەدا ، جەختی زیاترمان لەسەر ئەوە بووە کە ماستەرپلانی شارەکان لەبەرچاو بگیرێن و زۆربەی ئەو پرۆژانەی کە دەکرێن بە پێی ئەو مەرج و پێداویستیانەی حکومەت و خەڵکی کوردستان بن، بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری زیاتر بە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بگەیەنن.کەواتە هەم وەبەرهێنەر و بازرگانەکان تێیدا سوودمەند دەبن و هەم هاووڵاتییانیش و ئێمە دەبێ ئەو هاوسەنگییە لە بەرچاو بگرین.

لەلایەکی ترەوە ، بە پێشکەوتنی جیهانی لە ڕووی ئەندازیاری و تەلارسازییەوە، شێوازی نوێ بۆ دروستبوونی خانووبەرە دەخرێتەڕوو. ئێمە حاڵەتێکی زۆر تایبەتمان هەیە، بۆ نموونە شاری هەولێر وەکو کۆنترین شاری جیهان کە ژیان تێیدا بەردەوامە. ئێمە دەتوانین ئەمە وەکو پێناسەیەک بۆ شاری هەولێر لەبەرچاو بگرین، بەڵام لە هەمانکاتیشدا هەنگاو بنێین بۆ پێشکەوتووترین شێوازی تەلارسازی کە لە جیهاندا پەیڕەو دەکرێت. کەواتە هەوڵیر دەتوانێ ببێتە یەکەم شار لە جیهاندا کە کۆنترین و نوێترین شێوازی تەلارسازی تێدا جێبەجێ دەکرێت. بێگومان شارەکانی دیکەی کوردستانیش، تایبەتمەندێتی خۆیان هەیە و ئێمە گرنگییەکی زیاتر بەوە دەدەین لە خانووبەرە و ئاوەدانی لە هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا بەردەوام بێت.

هەندێ شت دەبێ زۆر لەبەر چاو بگیرێن، وەک خزمەتگوزاری تەندروستی، ڕێژەی سەوزایی، کوالێتی کار و ئەو کەرستانەی بەکار دێن، داوا دەکەم پڕۆژەکان بە پێی ستاندەری جیهانی بن. ئەو مۆڵەتانەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەو بەڕێزانە دەدرێت، دەبێت ئەو مەرجانەی تێدا بێت، هەر واشمان کردووە و بەردەوامیش دەبین.

حکومەتی هەرێم بەردەوام بووە لە هاوکاری کەرتی گشتی و تایبەت و ئەمە وایکردووە ئەو پێشکەوتنە لە هەرێمی کوردستان بێتە دی، بەڵام دەکرێ هەنگاوی باشتر بنێین.

بەداخەوە ئێمە دەبینین لە دونیا کەشوهەوا، گۆڕانکارییەکی خێرا بە خۆیەوە دەبینێت و ئەمە دەبێتە هۆی بەبیابانبوون، وشکەساڵی و کەمئاوی. دەبێ خۆمان لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە بگونجێنین کە لە جیهاندا ڕوو دەدەن. پێویستە لە بواری وەبەرهێناندا، ئەم بابەتە لەبەرچاو بگیرێ. بە داخەوە زۆر جار بینیومە کە ڕووبەری سەوزایی لە پڕۆژەکان کراوەتە  قەرەبوو و قوربانیی زیاترکردنی یەکە و خانوو، ئەمە نابێت بەردەوام بێت.

ئەمڕۆش هەندێ پڕۆژەم بینی، لەوێ خانووەکان زۆر زۆر لە یەک نزیکن و هیچ بوارێک بۆ سەوزایی و هەناسەدان تێیدا لەبەرچاو نەگیراوە، ئەمە دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت. داوا لەو وەبەرهێنەرانەی کە تەنانەت دەستیان بە پڕۆژەکانیانش کردووە، دەکەم کە ئەمە لەبەرچاو بگرن. دەبێ لە پرۆژەکاندا، سەوزایی، خزمەتگوزاری و هەموو مەرجە تەندروستییەکان لەبەرچاو بگیرێن. بۆ نموونە بۆ کەسێک کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە چۆن بگاتە شوێن یان باڵاخانەیەک کە پێویستی پێیەتی، دەبێ قوتابخانە هەبێت. نابێ تەنیا بیر لە زیادکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بکرێتەوە.دەبێ لە هەمانکات بیر لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو ، کارەبا ، نەخۆشخانە، قوتابخانە و زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی  بکرێتەوە.

ئێمە زۆر جار کە بە فرۆکە بە سەر شارەکانماندا تێدەپەڕین، بەداخەوە دەبینین ڕووبەری  سەوزاییمان زۆر زۆر کەمە و ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر گۆڕینی کەشوهەوا دروست کردووە. هیج نەبێ با ئەو هەنگاوە بنێین بۆ زیاترکردنی ڕووبەری سەوزایی لە هەموو پرۆژەکاندا، ئەمە دەبێ وەک مەرج بۆ پێدانی مۆڵەت بۆ پرۆژەکانی داهاتوو لەبەرچاو بگیرێت.

بابەتی کوالیتیش بابەتێکی زۆر گرنگە . بەداخەوە بینیومانە سیستەمی ئاگرکوژێنەوە بەو شێوەیە نییە کە زوو کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکات. زەویلەرزە و لافاو دەبێ لەبەرچاو بگیرێن. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە چۆن ژینگەیەکی تەندروستتر بۆ هاووڵاتیانمان دروست دەکرێت و دەبێ هەموو پڕۆژەکان ئەو خزمەتگوزارییانەی تێدا لە بەرچاو بگیرێت.

نابێ تەنیا چاو لە بابەتی بازرگانیی پرۆژەکان بکرێت. ئێمە گوتوومانە لەو کابینەیەدا، هاووڵاتی جێی بایەخی سەرەکیی حکومەتە و هەر پرۆژەیەک دەکرێت، بۆ ئەوەیە خزمەتگوزاریی زیاتر بە هاووڵاتیان بگەیەنین.

ئێمە بڕیارمانداوە 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و هەژار دروست بکەین، بە نرخی کەم و بە قیستی درێژخایەن.ئەمە یەکەم پرۆژە و دوا پرۆژە نابێت. داوام کردووە هەموویان دەبێ بە کوالێتی باش و خزمەتگوزاریی تەواو پێشکەشی هاووڵاتیان بکرێن، بەو ئاواتەی ڕێژەی کرێنشینی لە کوردستان بۆ کەمترین ئاست نزم ببیتەوە و وای لێ بێت ڕۆژێک لە کوردستان، هەموو کەسێک ببێت بە خاوەنی خانووی خۆی.

ئێمە بۆ ئەوەی بمانەوێت بەردەوام خزمەتی خەڵکی خۆمان بیکەن، تەنیا دروستکردنی خانوو و تەلار بەس نییە، پێویستە وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵیدا بکەین کە لەو کابینەیەدا زۆر بایەخمان بەو کەرتە داوە. هەروەها دەبێ کەرتی پیشەسازی زیاتر بەرەوپێشەوە ببەین بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتێک بۆ ئەو کەسانەی وەبەرهێنان لە کەرتی خانووبەرەدا دەکەن.

دڵخۆش بووم کە هەندێ لەو بەڕێزانەی قسەم لەگەڵ کردن، گوتیان بەشێک لەو کەرستانەی بەکاری دێنن، خۆیان دروستی دەکەن، بەڵام زۆریشی هاوردە دەکەین. دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین ئەو دەوڵەمەندییەی کە کوردستان هەیەتی و خاوەنی سامانی سرووشتی دەوڵەمەندە، وای لێبکەین بۆ دروستکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەکاری بێنین.

بەردەوام دەبین لە پاڵپشتیکردن لە کەرتی تایبەت کە ڕۆڵێکی باشیان بینیوە لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان. هەروەها بەردەوام دەبین لە وەبەرهێنان لە هەموو کەرتەکان کە خزمەتی هاووڵاتییان بکات .
16 ئاب 2022

 




دوایین هەواڵەکان

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: هەڵبژاردن بەبێ پارتی ناكرێت

TUESDAY, 16 APRIL 2024 12:04:01

ھەولێر-KDP.info- شاخەوان عەبدوڵڵا رایدەگەیەنێـت، هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان ناكرێت و هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەستیان بەوە كردووە.

 
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵیۆزى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌

TUESDAY, 16 APRIL 2024 12:04:58

ھەولێر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2024/4/16 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ بەڕێز تۆماس سیله‌ر باڵیۆزی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا له‌ عێراق كرد.

 
ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

TUESDAY, 16 APRIL 2024 10:04:27

ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی 37 ساڵەی كیمیابارانكردنى بالیسان و شێخ وه‌سان و دۆڵى خۆشناوه‌تیدا ڕایگەیاند، "خه‌ڵكى جوامێر و نیشتمانپه‌روه‌رى بالیسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تى وه‌ك هه‌موو گه‌لى كوردستان، نه‌ك هه‌ر به‌ كیمیاباران و ژەهراویكردنى خاك و ئاو و ئاسمانه‌كه‌ى كۆڵیان نه‌‌دا، به‌ڵكو خۆڕاگرانه‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ و درێژه‌یان به‌ تیكۆشان دژ به‌ سته‌م و دكتاتۆرى دا، بۆیه‌ شایسته‌ى باشترین خزمه‌ت و گرنگیپێدانى زیاترن‌."

 
سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە

TUESDAY, 16 APRIL 2024 10:04:31

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک مەسعود بارزانی، لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی پەیامێکی بڵاو کردەوە.

 
دزەیی: بایدن جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە

MONDAY, 15 APRIL 2024 23:04:05

ئه‌مریكا-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، سوودانی لەگەڵ ئەوەیە نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە هەناردە بکرێتەوە، هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق رژدە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact