هەولێر -KDP.info- له ڕاپۆرتێكی شیكاریی دا كه ڕۆژنامه‌نووس كارزانی سه‌باح هه‌ورامی دروستی کردووە، ده‌ركه‌وتووه كه یه‌كێك له گرفته‌كانی عێراق ئه‌وه‌یه كه له‌م وڵاته‌دا ناوه‌ندی بڕیار نه‌ماوه، هیچ هێزێكی سیاسی به‌ته‌نیا نه‌یتوانیوه شه‌رعیه‌تی خه‌ڵكی عێراق وه‌ربگرێت، ناچار چه‌ند گرووپ و حزبێك به یه‌كه‌وه كاری هاوبه‌شیان كردووه، لێره‌دا وڵات تووشی قه‌یرانی بڕیار ده‌بێت، ده‌ره‌نجام بۆشاییی سیاسی و ئه‌منی دروست ده‌بێت، گرفتی عێراق له‌وه‌دایه شه‌راكه‌ت و ته‌وازن و ته‌وافوقی تێك داوه و ده‌ستوور نه‌كراوه به بنه‌ما، بۆیه كۆی ئه‌م پرسانه وای له سه‌رۆك بارزانی كردووه كه له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان تێڕوانینی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت.
سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی عێراقه‌وه دوو جار هۆشداریی داوه، جارێكیان له 18ی 6ی 2022، كه چه‌ند ڕۆژێك پێش ئێستا بوو، له ڕێوڕەسمی ناساندنی كتێبی ''شۆڕشگێڕانی بارزان''دا گوتی: "له عێراقدا هه‌ڵبژاردن كرا، به‌ڵام نه‌یانهێشت ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بێته دی، ئیستاش عێراق له قه‌یراندایه و ئه‌وه‌ی پێمان بكرێت یارمه‌تیی براده‌رانی خۆمان ده‌ده‌ین بۆ ئەوەی له‌و قه‌یرانه ده‌ر بچین، چونكه له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی کوردستاندایه، به‌ڵام لێتان ناشارمه‌وه قه‌یرانه‌كه قووڵه. هۆشداریی دووه‌م، له 22ی 6ی 2022، له دیداری له‌گه‌ڵ باڵیۆزی دانیمارك له عێراق، سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: ''مەرجەكانی هەرێم بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی عێراقە بە هەرسێ پڕەنسیپی شەراكەت و هاوسەنگی و سازانە.'' له‌سه‌ر كۆی ئه‌م دوو هۆشدارییه ئه‌گه‌ر شیمانه‌یه‌كی ورد بكه‌ین ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی كه له ماوه‌ی 18 ساڵی ڕابردووی عێراقدا چوار شت هه‌بوون نه‌توانراوه وه‌ك پێویست، یان وه‌ك بنه‌ما كاریان له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌وه‌ش هۆكار بووه بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بگاته ئه‌وه‌ی ئێستا.
یه‌كه‌م: سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: ''لێتان ناشارمه‌وه عێراق له قه‌یرانێكی قووڵدایه''، هۆكاری ئه‌م قووڵبوونه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه كه عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای ئیداره‌دانی هاوبه‌شی پێكهاته‌كان بنیات نرا و بڕیار بوو دامه‌زاروه‌كانی عێراق دامه‌زاروه‌ی نیشتمانی بن و كورد و سوننه و شیعه پێكه‌وه ئیداره‌ی وڵات بكه‌ن، به‌ڵام له 18 ساڵی ڕابردوودا نه‌ك ئه‌مه نه‌كرا، به‌ڵكوو دوو پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی عێراق كه كورد و سوننه بوون، فه‌رامۆش كران، كورد دوور خرایه‌وه له دامه‌زاروه‌كانی نه‌وت و وزه له عێراقدا و بێبه‌ش كرا له كۆمپانیای نیشتمانی عێراق (سۆمۆ) و هاتن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و یاساكانی ساڵی 1967ی عێراق، بنه‌مایه‌كیان بۆ هاوبه‌شكردنی نه‌وتی عێراق دانا كه لێره‌دا كوردستان زیانێكی زۆری پێ گه‌یه‌نرا، له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه ئه‌و دامه‌زاروه‌یه به‌ڕێوه برا، بڕیار بوو یاسای نه‌وت و گاز له عێراق هه‌بێت و په‌رله‌مان په‌سه‌ندی بكات، به‌ڵام له 2007-وه تا ئێستا ئه‌و یاسایه به‌هۆی ناكۆكیی سیاسییه‌وه ده‌ر نهچوێنراوه، سوننه‌كانیش به هه‌مان شێوه، ئێستا سوننه بۆیه گرفتی نییه و له‌سه‌ر ئه‌و دامهزاروهیە قسه ناكات، چونكه به‌غدا وه‌ك مووچه‌خۆر، وه‌ك فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌ت مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و پێكهاتەیە بڕیارده‌ری گرنگ بن له‌و دامهزاروهیەدا، بۆیه ڕازیبوونی سوننه‌كان ڕه‌نگه له‌وه‌وه بێت كه له به‌غداوه بهشهپارهیهكیان بۆ دانراوه، ده‌نا سوننه‌ش له دامه‌زاروه‌ی نه‌وتی عێراقدا بڕیارده‌ری گرنگ نین، ئیتر بۆ پرسه‌كانی دیكه‌ش وه‌ك سوپا و دارایی و ئیداره‌ی هاوبه‌ش و ده‌سه‌ڵاتی دیپلۆماسی و سه‌روه‌ریی خاك تا كۆتایی، هه‌موویان هاوشێوه‌ی ئەو نموونه‌ی نه‌وت و گازه‌یه.
دووه‌م: له عێراقدا بریار وابوو (شه‌راكه‌ت و ته‌وازن و ته‌وافوق) هه‌بێت، به‌ڵام نه شه‌راكه‌ت جێبه‌جێ كراوه كه پێكهاته‌كانی عێراق وه‌ك یه‌ك به‌شدار بن له ئیداره‌دانی وڵات‌دا، نه ته‌وازن هه‌یه له‌وه‌ی به‌پێی ده‌ستووری عێراق به‌ڕێوه ببرێت، به‌داخه‌وه كه ئێستا زۆرینه‌ی شیعه بڕیاری عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و نه ته‌وافوقیش جێبه‌جێ كراوه كه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ مێژوو، ڕێككه‌وتن و ته‌وافوقی هێزه سیاسییه‌كان وه‌ك ئه‌وه نه‌بوو كه ئێستا هه‌یه، ڕێككه‌وتنه‌كان له (2004 و 2006 و 2009 و 2011 و 2012 و 2014 و 2018 و 2020 و 2022) كراون، هیچ یه‌كێك له‌و ڕێككه‌وتنانه نه‌چووه واری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌و ئیتفاقیه‌ی كه بڕیار بوو عێراقی پێ به‌ڕێوه بچێت، پشتگوێ خراوە، بۆیه ئێستا ده‌بینرێت كه ناوه‌ندی بڕیار له عێراق نه‌ماوه، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت سیقه‌ی له‌سه‌ر نییه، چونكه پاشخانێكی خراپ له‌و باره‌وه هه‌یه. ڕه‌نگ بێت ئاماژه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بۆ ئه‌و سێ چه‌مكه هه‌ر ئه‌وه بێت، به‌ڵام ورده‌كارییه‌كه‌ی هه‌رچۆنێك بێت ئه‌وه‌یه كه له‌م خاڵه‌دا باس كراوه. كاتی خۆی كه سه‌رۆك بارزانی له 2010 پێشنیازی بۆ عێراق كرد كه له چه‌قبه‌ستوویی سیاسی ڕزگاری بكات، ئه‌وه بوو كه ئه‌وكات ده‌وڵه‌تی یاسا 89 كورسیی هه‌بوو، لیستی ئه‌یاد عهلاوییش كه زۆرینه‌ی سوننه بوون، 91 كورسیی هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ته‌وازونه چاك بكرێت كه حه‌قی عه‌لاوی بوو حكوومه‌ت دروست بكات، سه‌رۆك بارزانی پێشنیازی كرد كه ئه‌نجومه‌نی سیاسه‌تی ستراتیژی له عێراق دروست بكرێت و ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆكایه‌تیی بكات، ئه‌م ئه‌نجومه‌نه نوێنه‌ری سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی تێدا بێت، ئیتر دوای ئه‌و ڕۆژه‌ی حكوومه‌تی عێراق دروست كرا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ش وه‌ك مره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌ز مایه‌وه، ئه‌مه مێژووی له‌بیرنه‌كراوی عێراقییهكانە، كه ڕه‌نگه بپرسن بۆ دۆخه‌كه گه‌یشته ئه‌وه‌ی ئێستا.
سێیه‌م: به پێداچوونه‌وه به بڕگه و مادده‌كانی ده‌ستووردا ده‌ركه‌وتووه کە 53 مادده‌ی ده‌ستووری پێشیل كراون، ئه‌و ماددانه ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به گرفتی هه‌ولێر و به‌غداوه هه‌یه، له ئه‌ساسدا جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور هۆكاره بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بگاته ئه‌و ئاسته‌ی ئێستا. هه‌ر له‌و باره‌وه سه‌رۆك بارزانی هه‌ندێك ئاماژه‌ی نوێ ده‌دات و، ده‌ڵێت: ''ئه‌گه‌ر به‌غدا جددی بێت و ئیراده و نیه‌تی ڕێككه‌وتنی هه‌بێت و له نێوان هه‌ولێر و به‌غدادا ده‌ستووری عێراق حهكەم بێت، به‌ڵام ده‌ستوور به‌لاوه بنێن و به میزاج بڕیار بده‌ن و ئه‌و مافه‌ی به ده‌ستوور به خه‌ڵكی كوردستان دراوه، به‌لاوه بنرێت، قابیلی قبووڵ نییه، ئه‌وه‌ی زۆر سه‌یره له عێراقدا ده‌زانرێت گرفته‌كه له كوێدایه، به‌ڵام هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی نانرێت، له وڵاتێكی وه‌ك لوبنان گرفت هه‌یه وه‌ك عێراق، به‌ڵام جیاوازییەكه له‌وه‌دایه كه لوبنان ئه‌و گرفتانه‌ی بۆی هاورده ده‌كرێت توانای چاره‌سه‌ركردنی نییه و گرفته‌كان به‌شێكیان نادیارن، به‌ڵام له عێراق ئیمكانیه‌تی چاره‌سه‌ركردن هه‌یه، به‌س چاره‌سه‌ر ناكرێت، گرفته‌كان دیارن، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كان نانرێن، بۆیه ئیهمالكردنی ئه‌و گرفتانه له عێراقدا كاره‌سات به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
چواره‌م: عێراق له دوای ئازادكردنییهوه له 2003 بڕیار وابوو كه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانیی بكات، پشتیوانیشیان كرد، به‌ڵام ئالیه‌تی پشتیوانییه‌كه دروست نه‌بوو، بۆیه كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان و دواتر له سووریا و كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له عێراق وای كرد كه به‌بێ ئه‌وه‌ی بنه‌مایه‌كی به‌هێز بۆ ئیداره‌دانی عێراقییه‌كان دابنرێت، وڵاتیان ڕاده‌ستی گرووپ و میلیشیاكان كردووه، كشانه‌وه و خۆدوورگرتنی ئه‌مه‌ریكا له بابه‌تی پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق جۆرێك به مه‌یدانی عێراقی بۆ وڵاتی سێیه‌م جێ هێشتووه و قه‌ده‌ری عێراق دراوه به ده‌ست كه‌سانێك كه له تاقیكردنه‌وه‌ی ئیداره‌دانی وڵات‌دا له 18 سالی ڕابردوو سه‌رکەوتوو نه‌بوون، ئه‌مه‌ریكا له پشتیوانیی گه‌لانی عێراق بۆ سه‌ربه‌خۆیی و خۆبهرێوهبردنیشدا سەرکەوتوو نه‌بوو، نه‌یتوانی پشتیوانیی هه‌رێمی كوردستان بكات له بابه‌تی ڕیفراندۆمدا و له ساڵی 2017 به به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان كه‌وتنه ده‌ست گرووپه جیاوازه‌كانەوە، كه ئێستا له‌وێوه مووشه‌ك ئاراسته‌ی بنكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و دامه‌زاروه‌كانی كوردستان ده‌كرێت. تێڕوانینی سه‌رۆك بارزانی بۆ ئه‌م ڕوانگهیەش دیاره له سه‌رجه‌م دانیشتن و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا کە باسیان له پرسی عێراق كردووه، سه‌رۆك هه‌میشه ئه‌و هۆشدارییه‌ی ئێستا له‌سه‌ر دۆخه‌كه ده‌یدات، به‌وانیشی گوتووه به‌س له كرداردا له لایه‌ن وڵاتانی زلهێزه‌وه ڕه‌نگه وه‌ك پێویست ئه‌مه نه‌بینرابێت.
ئێستا نزیكه‌ی 9 مانگه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كراوه، تا ئێستا هیچ یه‌كێك له لایه‌نه‌كان نه‌یانتوانیوه حكوومه‌تی عێراق دروست بكه‌ن، لیستی سه‌در و پارتی دیموكراتی كوردستان و سیاده توانییان هاوپهیمانییەکی به‌هێز دروست بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئیتاری ته‌نسیقی به ده‌وڵه‌تی یاسا و فه‌تح و یه‌كێتی و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامییه‌وه، ئه‌وانیش هاوپه‌یمان بوون، ئه‌م دوو به‌ره‌یه نه‌یانتوانی حكوومه‌ت دروست بكه‌ن، بۆیه دۆخه‌كه گه‌یشتووه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی ئێستا كه لیستی سه‌در كشاوه‌ته‌وه و ئیتاری ته‌نسیقی ده‌یه‌وێت حكوومه‌ت دروست بکات، هیشتا وێنه سیاسییه‌كه ڕوون نییه كه دۆخه‌كه چی لێ دێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه كه به‌ڕێوه‌بردنی له عێراقدا به‌م ئالیه‌ت و شێوازهوە ڕه‌نگه سەرکەوتوو نه‌بێت، به‌شێك له ئیتاری تهنسیقییش هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر به‌بێ لیستی سه‌در حكوومه‌ت دروست بكه‌ن، ڕه‌نگه تووشی چاره‌نووسی عادل عه‌بدولمه‌هدی ببنه‌وه له 2019، كه ناچار به ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه كرا، ئه‌و هۆشدارییانه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی عێراقەوە ده‌بێت وه‌ك خۆیان بخوێنرێته‌وه، ساڵی 2012 به‌ڕوونی هاوكێشه‌ی عێراقی شی كرده‌وه، هه‌ر ئه‌وكات هۆشداریی دا كه عێراق تووشی كه‌وتن ده‌بێت و دواجار له ساڵی 2014 داعش به شێوه‌یه‌كی چالاك و به‌هێز چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراقی ده‌ستبه‌سه‌ر كرد و ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی لێ دروست كرد، كه ئه‌گه‌ر ئه‌وكات گوێ له هۆشدارییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی بگیرابایه دۆخه‌كه نه‌ده‌گه‌یشته ئه‌وه‌ی ئێستا، گرفتی عێراق له‌وه‌دایه كه ئه‌و بڕیارانه‌ی وه‌ك چاره‌نووسی وڵات ده‌یده‌ن، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ كورد و سوننه خۆیان كۆتایی پێ ده‌هێنن، به‌پێی ده‌ستووری عێراق ده‌بوو دامه‌زاروه‌ی ئه‌منی، سوپای نیشتمانی بێت و كورد و سوننه و شیعه به‌پێی ڕێژه‌ی دانیشتووانی به‌شدار بن، به‌ڵام ئێستا ژماره‌ی كورد له سوپای عێراقدا ناگاته له %1، جیا له‌وه‌ش له سه‌رده‌می دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراق -داعشەوە به فه‌رمانێكی مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌كان ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی دروست كرا كه ئه‌م ده‌سته‌یه بڕیار بوو بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بۆ به‌رگری له عێراق دروست بكرێت، دواتر هه‌ڵوه‌شێته‌وه، به‌ڵام له‌ژێر فشاری لایه‌نه شیعه‌كاندا برایه په‌رله‌مان و ئه‌و ده‌سته‌یه كرایه فه‌رمی، كه ئه‌مه جۆرێك له فهڕزكردنی ویستی لایه‌نێكی عێراق بوو به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا.
هه‌ر له ساڵی 2010 و دوای چەقبەستنی پڕۆسەی سیاسی بۆ پێكهێنانی كابینەی دووەمی نووری مالیكی، سەرۆك بارزانی له دیدارێكی ڕۆژنامه‌نووسیدا ده‌ڵێت: ''وەڵڵاهی ئەگەر بزانم سەرۆكی كوتلەكان و لایەنە سەرەكییەكان بڕیاری ئەوەیان داوە چارەسەرێك بدۆزنەوە، من ئامادەم لێرە داوەتیان بكەین و لە خزمەتیاندا بین، یان من بچمە بەغدا.. گرفتەكە ئەوەیە ئەو برایانەی بەغدا بڕیاری ئەوەیان نەداوە كێشەكە چارەسەر بكەن.. من پێم وایە ئەگەر دەستوور بە ئەمانەتەوە جێبەجێ بكرێت، هیچ گرفتێك نابێت، ئەگەر هەر گرفتێكیش بێتە پێشەوە زۆر بەئاسانی چارەسەر دەكرێت. ئەو دەستوورە زەحمەتێكی زۆری بۆ كێشراوە، هەروا بەئاسانی دروست نەبووە، من ماوەی 53 ڕۆژ لە بەغدا مامەوە و لەگەڵ برایانی تردا خەریك بووین تا داڕێژراوە، بەڵام هێشتاش ئەم دەستوورە بێ كەموكووڕی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەستوورێكی زۆر پێشكەوتووە، دەستوورێكە دەتوانین بڵێین بەشی زۆری مافەكانی ئێمەی تێدایە و ڕێگەچارەی بۆ هەموو گیروگرفتەكان دەستنیشان كردووە، بۆیە من پێم وایە هیچ بەدیلێك لە دەستوور باشتر نییە...''، ئێستا دوای 12 ساڵ له هه‌مان به‌رواردا، سه‌رۆك بارزانی دووباره هه‌مان هۆشداریی ده‌داته‌وه و ئه‌و قسانه‌ی 12 ساڵ پێش ئیستا وه‌ك ئه‌وه‌یه بۆ ئێستای 2022 دووباره‌ی بكاته‌وه، كه‌وایه گرفتێك له عێراق هه‌یه ئه‌ویش دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵه له‌دوای هه‌ڵه‌یە.
كیفاح مه‌حموود، شرۆڤه‌كاری سیاسی و ڕاوێژكاری سه‌رۆك بارزانی، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر هۆشدارییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: "هه‌میشه پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی بۆ گرفته‌كانی عێراق به‌دوای چاره‌سه‌ری گونجاو‌دا گه‌ڕاون، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش پارتی دیموكراتی كوردستان و ته‌یاری سه‌در و سیاده هاوپهیمانهتییەكیان پێك هێنا، به‌ڵام دوای كشانه‌وه‌ی سه‌در له پڕۆسه‌كه بینیمان كه سه‌رۆك بارزانی لێدوانێكی دا به‌وه‌ی كه قه‌یرانه‌كه قووڵه و هه‌رچییه‌كمان پێ بكرێت، ده‌یكه‌ین بۆ چاره‌سه‌ی دۆخه‌كه و پره‌نسیپی پارتی له‌باره‌ی عێراقه‌وه نه‌گۆڕاوه، ئه‌ویش شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق و تهوازنە له نێوان هێزه سیاسییه‌كاندا و، له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ ئیتاری ته‌نسیقی كۆبوونه‌وه‌ی كردووه و دیداری هه‌بووه له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و هاوپهمانهتییه، كۆی گفتوگۆكان باش بووه له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق و، ئه‌وه‌ی گرنگه حكوومه‌تێكی به‌هێز له عێراقدا هه‌بێت و ڕووبه‌رووی ته‌حه‌دییه‌كان ببێته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی میلیشیاكان و گرووپه‌كان ده‌یكه‌نه سه‌ر خاكی كوردستان".
گوتیشی: "له‌و ڕوانگه‌یەوه پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كرد له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی سیاده بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌موو لایه‌ك ڕێگاچارهیەك بدۆزنه‌وه بۆ ئه‌م عێراقه و ترسی سه‌رۆك بارزانی، یان هۆشدارییان له‌باره‌ی دۆخه‌كه‌وه ئه‌وه‌یه كه عێراق به‌هۆی گرفته‌كانییه‌وه تووشی شه‌ڕی ناوخۆیی ببێت و دواجار ده‌وڵه‌ت بكه‌وێت، بۆیه له‌و ڕوانگه‌وه هه‌میشه ئاماده‌ییی ده‌ڕبریوه بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئیتاری ته‌نسیقی به‌بێ هه‌مانگی و بڕیاری پارتی و سه‌درییه‌كان و سیاده ناتوانن حكوومه‌ت دروست بكه‌ن و دروستكردنی حكوومه‌تیش ئاوا ئاسان نابێت، چونكه ڕووبه‌ڕووی ته‌حه‌دیاتی زۆر گه‌وره ده‌بێته‌وه.
سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی عێراقه‌وه زۆر به‌ڕاشكاوانه قسه‌ی كردووه، لەم قۆناغە هەستیار و مێژوویییەدا، پێ‌داگر بوو لەسەر ئەوەی گەلی كوردستان نەبێتە بەشێك لەو دیكتاتۆرییەتەی كە خەریكە بەتەواوەتی دروست دەبێت، هەروەها پێداگریش بوو لەسەر ئەوەی كە نابێت گەلی كوردستان بەو گوشارانە چۆك دابدات كە لەلایەن حكوومەتی بەغداوە دەخرێنە سەر هەرێمی كوردستان، هه‌ر له‌م ڕوانگه‌وه جیهانی ئاگادار كرده‌وه كه گوێ له خه‌ڵكی كوردستان بگرن، به‌داخه‌وه هاتنه‌پێشه‌وه‌ی جیهان له كاتێكدا بوو كه ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به‌ناو داعش نیوه‌ی خاكی عێراقی داگیر كرد، دوای ئەوەش گۆڕینی ئاراستەی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بەرەو هەرێمی كوردستان، بوونە هۆكاری ئەوەی كە هەموو لایەك بە دەوڵەتانی هاوپەیمانیشەوە تەنیا بە شەڕی دژی داعشەوە سەرقاڵ بن و، پرسی ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ دوای كۆتاییهاتنی شەڕی دژی داعش دوا بخرێت.
خدر مه‌نتك، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایگەیاند: "سه‌رۆك بارزانی له تێڕوانینی لەبارەی داهاتووەوە، زۆر زیره‌كانه هه‌نگاو ده‌نێت، بۆیه سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كانی عێراق ده‌یانه‌وێت بزانن سه‌رۆك بارزانی بۆ داهاتووی ناوچه‌كه چی ده‌ڵێت و سه‌رۆك بارزانی كۆكه‌ره‌وه‌ی خاڵه ناكۆكه‌كانه و به گه‌شبینییه‌وه لایه‌نه‌كان دێنه‌وه لای سه‌رۆك بارزانی، ئێستاش دۆخی عێراق ئاڵۆزه و مه‌ترسیی جددی له‌سه‌رە، به‌تایبه‌ت سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و سازشنهكردنی لایه‌نه‌كان بۆ یه‌كتری و پرسی ناكۆكیی ناوماڵی شیعه و ته‌داخولی ده‌وڵه‌ته هه‌رێمییه‌كان، وای كردووه سه‌رۆك بارزانی دوو جار هۆشداریی داوه كه ڕه‌نگه له داهاتوودا ئه‌گه‌ر ئه‌مه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی ببینه‌وه.
ئه‌وه‌شی خستەڕوو: ''سه‌رۆك بارزانی هه‌میشه باسی له‌وه كردووه كه تاكه ده‌رچه بۆ ئه‌وه‌ی عێراق به‌ڕێوه بچێت ئه‌وه‌یه كه لایه‌نه‌كان پابه‌ندی ده‌ستوور بن و بڕگه و مادده‌كانی ده‌ستوور وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، سه‌رۆك بارزانی هه‌ست به‌وه ده‌كات كه گرفته‌كان چۆنن و چۆن ئاراسته ده‌كرێت و هه‌ست به‌وه ده‌كات ته‌نیا شه‌ڕه‌كه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته و له‌سه‌ر خزمه‌تكردن نییه، بۆیه بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخه‌كه پەرۆشه، كاتی خۆیشی سه‌رۆك بارزانی و سه‌ركرده‌كانی كوردستان بۆیه به‌شدارییان له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا كرد كه دۆخه‌كه به شێوه‌یەک بێت کە وڵات به هاوبه‌شی به‌ڕێوه ببرێت، نه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ڕوو ده‌دات.''
ئالینا ڕۆمانۆسكی، باڵیۆزه تازەكهی ئه‌مه‌ریكا كە كۆتاییی هەفتەی ڕابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ هەریەك لە سەرۆك بارزانی و، سەرۆكی هەرێمی کوردستان و، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆ بووەوە، قسه‌ی تازه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه بووه كه بزانن سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكوه‌زیران له‌سه‌ر عێراق چی ده‌ڵێن، ئەوەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاشكاوانە لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا جەختی لەسەر كردووەتەوە ئەوە بووە كە هەرێمی كوردستان كیانێكی دەستووریی دانپێدانراوە لە دەستووری عێراق و دەبێت بەپێی ئەو دەستوورە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەم پرسەش تەنیا تایبەت نییە بە كێشەیەك و دووانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، بەڵكوو پەیوەستە بە كۆی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەناو دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا. كه‌وایه سه‌رجه‌م ئه‌و بیانوو و شه‌ڕانه‌ی له به‌غداوه هه‌ندێك جار به كوردستانی ده‌گرن خۆی له خۆیدا پێچهوانەی ده‌ستوور و ئه‌و یاسایانه‌یه كه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی قبووڵیانه.