ھەولێر-KDP.info- لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سێ بەنداوی ستراتیژی دروست دەکرێن و بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش دەڵێ، جگە لەو سێ بەنداوە ستراتیژیە بەنداوی بچووک بۆ گلدانەوەی ئاو دروست دەکرێن.
کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارە ژمارەیەک بەنداو لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێن، کە سێ لەو بەنداوانە ستراتیژین و لە ئێستادا حکوومەت کار بۆ دەستپێکردنی ئەو بەنداوانە دەکات، کە یەکێک لە بەنداوەکان دەکەوێتە گوندی باکرمانی پارێزگای دھۆک و بەنداوێکی دیکەش لە پارێزگای ھەولێر لەسەر زێی گەورە دروست دەکرێت، ھەروەھا بەنداوی خێوەتە لە سلێمانی دروست دەکرێت".
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: "لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی حکوومەت دانوستان لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیا کراوە بۆ ئەوەی دەست بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی سێ بەنداوی ستراتیژی بکرێت و دوای تەواوبوونی رێکارەکان دەچنە بواری جێبەجێکردن، ھەروەھا پێش ئێستا ١٣ بەنداو ھەبوون و کارکردن تێدا ڕاگیرابوو، بەڵام حکوومەت لە ھەوڵدایە بۆ تەواوکردنیان، ئەوەش لەپێناو کۆکردنەوەی ئاو و سوود وەرگرتن لە ئاو، بەتایبەتی لە کاتێکی وەک ئێستادا بەرەنگاری وشکەساڵی دەبینەوە و بە تەواوبوونیان سوودێکی زۆری دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ھەنگاوی دیکەش ھەن بۆ گلدانەوەی ئاو لە ناوچەی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین".
قائید میرۆ