ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، تیمەکانیان بەردەوام کار بۆ کردنەوەی رێگاکان دەکەن لە راماڵینی بەفر و رێگە نادەن ھیچ رێگایەک دابخرێت، بەڵام بەپێی دوایین ئامار، ئەو شەپۆلەی بارانبارین کە لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری ھەولێر باریوە، زیانی ٥ ملیار دیناری بە رێگاوبانەکان گەیاندووە.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "تیمەکانی ئێمە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان شەو و رۆژ سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگاکانن لە بەفر، بێگومان کاتێک بەفر دەبارێت رێگاکان دادەخرێن، بەڵام دوای چەند سەعاتێک دەکرێنەوە، بۆیە ئەمشەو بەفری دیکە باریوە و دەست بە پاککردنەوەی کراوە، کە لە دھۆک لە خەتی زاویتە ٥٠ سم و خەتی باعەدرێ ٥٠ سم و دوورتر ٧٠ سم بەفر باریوە، بۆیە وا خەریکە پاک دەکرێنەوە، لە سلێمانی و راپەرین و سۆرانیش بە ھەمان شێوە".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "لە خاڵە سنووریەکانیش تیمەکان خەریکی پاککردنەوەی رێگاکانن لە حاجی ئۆمەران و باشماخ و رێگاکانی دیکە، بەڵام ھیچ زیانێکی نەبووە".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "زیاتر باران و لافاو زیان بە رێگاوبانەکان دەگەیەنێت و ئەو لافاوەی لە ماوەی ڕابردوودا لە سنووری ھەولێر دروست بوو، زیانی ٥ ملیار دیناری بە رێگاوبانەکانمان گەیاندووە، کە ٢٢ رێگای جۆراوجۆر بووە و ھەریەکەو بە جۆرێک زیانی بەرکەوتووە، بۆیە بەپێی ئیمکانیەتی خۆمان رێگاکان نۆژەن دەکەینەوە و ھیچ رێگایەک دانەخراوە، دەشمانەوێت بە شێوەیەکی زۆر باش نۆژەن بکرێنەوە و ھەموو ئامادەکارییەکمان بۆ ئەم مەبەستە کردووە".
بڵند ئیبراھیم