ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، دوای ئەوەی دەست بە دابەشکردنی دووەم بەشەخۆراکی ھاووڵاتییان کراوە، بەشی سێیەم دەگات و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت کە شەش ماددەی خۆراکییە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دابەشکردنی بەشەخۆراکی ھاووڵاتییان بەردەوامە و سێیەم بەشەخۆراک لە ماوەیەکی نزیکدا دەگاتە ھەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی ئێمە لە تاقیگەکانی خۆمان پشکنینی بۆ دەکەین، دواتر دەست بە دابەشکردنی بەسەر ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا دەکرێت.''
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: ''لەو ناوچە و شوێنانەی تا ئێستا بەشەخۆراکی دووەم دابەش نەکراوە بە زووترین کات ئەوەش دابەش دەکرێت و دواتریش بەشی سێیەم وەردەگرن، چونکە بەشی دووەم ئێستا ڕۆژانە بەردەوام دابەش دەکرێت.''
نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ''بەشەخۆراکی مانگانە ئێستا ماددەکانی زیاد کراون کە شەش ماددەی خۆراکییە و بریتین لە برنج و زەیت و فاسۆلیا و نۆک و دۆشای تەماتە و شەکر. جگە لەوە، دەست بەدابەشکردنی ئاردیش دەکرێت کە بۆ ھەر ئەندامێکی خێزان نۆ کیلۆیە.''
بڵند ئیبراھیم